چالاکوانانی مەخمور: تاکە ئامانجمان ئازادیی جەستەیی ڕێبەرە

ژنانی گەنج کە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" بە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵائۆجالان دەستیان بە چالاکی کردووە، وتیان: بیرو فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان بووەتە جیهانی.

مەخمور

 

ماوەی ٢٥ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵیەو لەژێر گۆشەگیری توندایە، لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیارییەک دەربارەی بەدەست نەگەیشتووە، داواکارییەکانی کۆبوونەوەی خێزان و پارێزەران بەهۆی سزاکانی "دیسپلین" یان ڕاگیراون یان بەبێ وەڵام جێدەهێڵرێن، لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات چالاکی لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمرالی ئەنجام دەدرێت.

 

لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٣، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخمور" بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوانێک دەستیپێکرد، دانیشتووانی کامپی پەنابەرانی مەخمور ساڵانە چالاکی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەددەبەن، چالاکی ئێشکگران ٢٦٦  ڕۆژە بەردەوامە.

 

ئەو ژنە گەنجانەی بەشداری چالاکییەکەیان کرد بە شێوەیەکی بڕیاردەرانە ئاماژەیان بەوەکرد، دەستبەرداری چالاکییەکانیان نابن هەتا ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر دەکرێت و داوایان لە هەموو گەنجان کرد بەشداری چالاکییەکان بکەن.

 

"ئامانجمان ئەوەیە بە شێوەیەکی جەستەیی ڕێبەر ئازاد بکەین"

نالین گۆکالپ باسی لە چالاکی ئێشکگری کامپی مەخمور کرد و وتی: زیاتر لە ٨ مانگە لە کامپی مەخمور چالاکییەک دەستیپێکردووە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، وەک گەنجان و ژنانی گەنج بەشداریمان کرد، ئامانجمان تەنها بەدەستهێنانی زانیاریە دەربارەی ڕێبەرو ئامانج ئەوەیە کە بە شێوەیەکی فیزیکی ڕێبەر ئازاد بکەین و لەناو خۆماندا بیبینین، هەروەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ ئازادی بۆ گەنجان و ژنانی گەنج بەدەستهێنا و بیرو فەلسەفەی پێشکەش کردن، دەبێت ئێمەش بۆ ڕێبەر ئاپۆ بە هەمان شێوە تێبکۆشین.

 

"لە هەموو شوێنێک چالاکی بۆ ئازادی جەستەیی بەڕێوەدەبرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا نالین گۆکالپ بانگەوازی لە گەنجان کرد و وتی: لە هەموو شوێنێک و لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، گەنجان و ژنان چالاکی جۆراوجۆر بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدەن، ئەمە جێگای سەرکەوتنە بۆ گەلی کورد، داوا لە هەموو گەنجان و ژنانی گەنج دەکەم کە لە پێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا بەشداری چالاکی بکەن.

 

"بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بووە بە جیهانی"

ئیناس کار ئاماژەی بەوەکرد، وەک گەنجێک بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکەن هەتا ئەو کاتەی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر دەکرێت و وتی: بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر دەبێت هەموو کوردێک لە هەرکوێیەک بێت بەشداری چالاکییەکان بکات، دەوڵەتی تورک ماوەی چەند ساڵێکە گۆشەگیرییەکی توندی لەسەر ڕێبەر ئەنجام داوە و هیچ زانیارییەک دەربارەی نییە، پێویستە گەنجان و ژنانی گەنج لە هەموو شوێنێک هەنگاو بنێن و هەر ئەرکێک کە پێویستە لەسەرمان جێبەجێی بکەن، تەنها گەلی کورد نییە کە ئازادی خۆی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەوێت، چونکە بیر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تەنها بۆ گەلی کورد نییە، بەڵکو بۆ گەلانی جیهانە بە گشتی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئیناس کار داوای لە هەموو گەنجان کرد چالاکییەکانیان بەهێزتر بکەن بۆ دڵنیابوون لە ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.