بەهێزکردنی ژنان لە سیاسەتدا هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری و یەکسانی لە سووریا

لەناو گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هەلومەرجی ناجێگیری سووریادا تیشک دەخرێتە سەر پێویستی بەشداریی کارای ژنان لە بڕیاردان، بەتایبەتی لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گواستنەوەی سیاسیدا.

ڕوشێل جونیور


سوەیدا- ژنانی سووریا هەوڵدەدەن بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەدا بکەن، ئاواتەخوازن بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر کە ژنان بەشێکی دانەبڕاو بن لە پرۆسەی گۆڕانکاریدا نەک تەنها تەماشاکەرێک.

 

سەرەڕای هەوڵەکانی ژنان لە سووریا، ڕاستیەکە هێشتا بۆشایییەکی ڕوون لە نێوان وتار و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەدا هەیە، دەسەڵاتداران ژنانیان بۆ پۆستە سەرەکییەکان دەستنیشان نەکردووە، سەرەڕای بوونی ژنانی شایستە و بەئەزموونی سووری.

 

ئەم بۆشاییە هاندەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە بۆ دەستوەردان، پڕکردنەوەی بۆشایی دامەزراوەیی بە ڕاهێنان و شایستەکردنی سیاسی ژنان، بەهێزکردنیان بەو لێهاتووییانەی کە بتوانن پێشەنگایەتی داهاتوو بکەن، بە متمانە و هۆشیاری ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ببنەوە.

 

سەبارەت بە چۆنیەتی بونیادنانی هۆشیاری سیاسی لەنێو ژناندا، لارا جەبر، بەشداربووی سیمیناری سێ ڕۆژە، کە لە هەینی ٢٥ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، لەلایەن ڕێکخراوی ئۆرکیدەوە بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی سیاسییەوە ڕێکدەخرێت، وتی، "یەکەم ڕۆژی سیمینارەکە تیشک خرایەسەر هاوڵاتیبوون، تەوەرێکی بنەڕەتییە لە گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی. ژنان لە سووریا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبنەوە لە بەدەستهێنانی مافەکانیان، بە ئاشکرا لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخراونەتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئێمە هەوڵدەدەین بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی وەک هاوڵاتییەکی تەواو.

 

ڕوونیشیکردەوە، یاسا جیاکاریەکان، وەک یاسای باری کەسی تا ئێستاش لە بەرژەوەندی پیاوان و سنووردارکردنی مافەکانی ژنانە. کولتووری کۆمەڵایەتی و تائیفی بەشدارە لە سنووردارکردنی ڕۆڵی ژنان بۆ ڕۆڵی تەقلیدی،ڕێگرییان لێدەکات لە بەشداریکردنیان لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا.


لارا جەبر پێی وایە گۆڕانکاری لە هۆشیارییەوە دەست پێدەکات، "هەوڵدەدەین پەیامێک بۆ ژنان بنێرین کە ئەوان تەنها دایک یان چاودێر نین، دەتوانن سەرکردە و بڕیاردەر و کاریگەر بن لە ژیانی گشتیدا. ئێمە بەشداریکردنیان لە سیاسەتدا بەهێزتر دەکەین، هانی جێبەجێکردنی سیستەمی پشکی ژنان دەدەین بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە لەناو ئەندامە سیاسییەکان مسۆگەر بکەین.

 

جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری سیاسی شتێکی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری، بەردەوامیی هەر سیستەمێکی داهاتوو وتیشی: ئێمە خەون بە سووریایەکی نوێ دەبینین، کە ژنان بەشێک بن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە نەک میوان لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ئێمە یاسای مۆدێرن و دامەزراوەی کراوە و بەڕێوبەرایەتیەکانمان دەوێت کە باوەڕیان بە ڕۆڵی ژنان هەبێت و بەدەریان نەکەن.

 

جومانە مەسعوود، بەشداربوویەکی دیکەی پرۆگرامەکە ڕایگەیاند، دەستپێشخەرییەکە ١٢ ژنی کردۆتە ئامانج، ماوەی ١٢ مانگ درێژدەبێتەوە، دابەشکراوە بەسەر قۆناغی تیۆری و کرداریدا، "بە خولێک لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی دەستمان پێکردووە، لە ئێستادا سەرقاڵی بابەتی هاوڵاتیبوونین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند مانگی داهاتوودا ڕاهێنان وەردەگرن لەسەر شیکردنەوەی زەمینی گشتی و سیاسییەکان، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بنیاتنانی توانای سیاسی. "لە ڕێگەی ئەم وۆرک شۆپانەوە هیوادارین ئەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لە ژیانی سیاسیدا بۆ ژنان دابین بکەین.

 

ڕوونیکردەوە، پێشبینی دەکەین لەم خولە بە هۆشیارییەکی سیاسی گشتگیرەوە دەربچین، کە یارمەتیدەرمان بێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەکانمان، دروستکردنی دەستپێشخەری ناوخۆیی بۆ بەهێزکردنی ژنانی دیکە لە بازنە کۆمەڵایەتییەکانماندا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: هیوادارین، لە سایەی ئەو هەوڵانەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەرفەتمان بۆ ڕەخساوە، سەرەڕای نەبوونی ئیرادەی سیاسی، بوونی پێکهاتەیەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی کە ژنان لە پۆستە پێشەنگایەتییەکان دوور بخاتەوە".، نەبوونی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان، ڕەنگدانەوەی کەمی لێهاتوویی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی سیستەمێکی تەقلیدییە کە بەردەوامە لە زاڵبوون بەسەر ژیانی سیاسی سووریادا.