بەهۆی پێنەدانی موچە بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی کار دەکەن

بەهۆی پێنەدانی موچەى دوو مانگ، بەشێک لە فەرمانبەرانی سلێمانی، دەربەندیخان و چەمچەماڵ مانگرتنیان لەکارکردن ڕاگەیاند.

 

ناوەندی هەواڵ- فەرمانبەران کە بژێوی ژیانیان لەسەر موچەکانیان وەستاوە، بەهۆی کێشە سیاسی، ئابووریی و خەمساردی حکومەتی هەرێم ماوەی دوو مانگە موچەیان پێنەدراوەو تا ئێستاش ڕوون نییە کەی موچەی مانگی حوزەیران وەردەگرن، هەربۆیە بایکۆتی کارەکانیان دەکەن.

بەشێکى زۆرى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى فەرمانبەرەکانی مانگرتنیان لە کارەکانیان ڕاگەیاندووەو ئاماژەیان بەوەکردووە، تا مووچەکانیان پێ نەدرێت ناچنەوە سەر کارەکانیان.

بەیانى ئەمڕۆ ٣١ی تەمموز، فەرمانبەرانی سەرۆکایەتیی شارەوانی دەربەندیخان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى نەڕۆیشتوونەتە سەرکار و بایکۆتی دەوامیان کردووە.

هەر ئەمڕۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی لە شارۆچکەى چەمچەماڵ مانگرتنیان لە کارکردن ڕاگەیاند.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە حکومەتی هەرێم نەیتووانیوە بە تەواوی موچەی فەرمانبەران بدات و موچەی دەیان مانگی بۆ فەرمانبەران پاشەکەوت کردووە.