هێشتا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال هەڵنەدراونەتەوە

لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، ئێزدییەکان گەورەترین کۆمەڵکوژیی سەدەی ٢١یان ڕووبەڕوو بووەوە، ٩ ساڵ تێپەڕیوە و هێشتا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە.

ئەڤین زەندا

 

شەنگال- لە فەرمانی ٧٤دا کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ جێبەجێکرا، ١٢ هەزار و ٨٥٥ ئەندامی کۆمەڵگەی ئێزدی کوژران، چەتە دڕندانەکانی داعش ١٥٤ منداڵ و ٦ هەزار و ٤١٧ کەسیان ڕفاند و تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی ٧ هەزارو ٤٣٢ کەس بەردەست نییە.

 

وەک هەموو جەنگ و هێرشێک لەم فەرمانەدا، ژنان و باوەڕەکان ئامانجی دوژمن بوون، هەزاران ژنی ئێزدی ڕفێندران و دەستدرێژیان کرایە سەرو فرۆشران، لە هەمان کاتدا دەیان شوێنی پیرۆز کە شوێنی پەرستشی کۆمەڵگەی ئێزدی بوون، وێرانکران.

 

هێرشە دڕندانەکەی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدییەکان لەم فەرمانەدا ئەوەندە قورس بوو،کە سەرەڕای ئەو نۆ ساڵەی تێپەڕیوە، برینەکان هێشتا نوێن و ساڕێژ نەبوون، یەکێک لەو برینانە گۆڕە بەکۆمەڵەکانن.

 

لە ئێستادا لە شەنگال ڕۆحی بەرخۆدان و ڕاپەرین و ڕۆحی تۆڵەکردنەوە و بەدیهێنانی خەونی هەزاران شەهیدی فەرمانەکە زیندووە، بەڵام لەگەڵ ئەم بوێرییەی کۆمەڵگەی ئێزدیدا، ئازارەکانیان هێشتا گەورەیە، لە شەنگال، خەڵک هەموو ڕۆژێک دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەوەی ناتوانرێت بگۆڕدرێت گۆڕی بەکۆمەڵە.

 

نزیکەی ٣٣ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە سەرانسەری عێراق کوژراون

لە سەرتاسەری عێراقدا، مەزەندە دەکرێت ١٢ هەزار کەس لە ئەنجامی دڕندانەی چەتەکانی داعش کوژراون، ٢٠٢ گۆڕی بەکۆمەڵیش هەن، بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش نزیکەی ٣٣ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە سەرتاسەری عێراق کوشتووە و زیاتر لە ٥٥ هەزار کەسی بریندار کردووە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی ڕفاندووە.

 

"زیندە بەچاڵی کردن"

سەرەڕای کۆمەڵکوژییەکان، ڕفاندن، تاڵانکردن و کۆچ، چەتەکانی داعش لەگەڵ هاوکارەکانیان گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە هەموو گوندێک و لە نزیک هەر ماڵێک دروستکرد، لەناو ئەم گۆڕستانانەدا خەڵکی هەموو تەمەنێک هەن، چەتە دڕندانەکان لەو گۆڕانەدا بریندارەکانیان زیندە بە چاڵ کرد.

 

بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان تا ئێستا ٨٩ گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان کەس لە شەنگال هەن، چەتەکانی داعش نزیکەی ٧ هەزار کەسیان ڕفاندووە و نزیکەی چوار هەزار کەسیان کوشتووە، لە ئەنجامدا نزیکەی ١١ هەزار ئێزدی کوژران.

 

"چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە"

لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥، گەریلاکانی هەپەگە و یەژا ستار گۆڕێکی بەکۆمەڵیان لە سۆلاخ بۆ یەکەم جار دوای ڕزگارکردنی شەنگال لە دەستی چەتەکانی داعش، دۆزییەوە، کە ٨٠ ژن و ١٢ منداڵ لەو گۆڕەدا بوون.

 

لە ساڵی ٢٠١٦، حکومەتی عێراق بە فەرمی پەسەندی کرد کە لە ئەنجامی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، گۆڕی بەکۆمەڵ لە شەنگال هەبێت، چوار ساڵ دواتر، بۆ یەکەم جار لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٠، تیمی نیشتمانی بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق یەکەم لیستی قوربانیانی گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییان ڕاگەیاند، کە هەموویان پیاو بوون.

 

"تەرمی ١٣٢ کەس لە گۆڕەکاندا دۆزرانەوە"

تا ئێستا ٨٩ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە لەو ژمارەیەدا تەنها ٤٦ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، تەرمی ١٣٢ شەهیدی فەرمانەکە لەو گۆڕانە دەرهێنرا کە هەڵدراونەتەوە، تەنها ٢٠١ کەس پشکنینی DNAیان تەواو بووە و ڕادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە، تا ئێستا پشکنینی ٨٣١ شەهیدی گۆڕی بەکۆمەڵ ئاشکرا نەکراوە.

 

"وشە و کردارەکانیان دوورن لە یەک"

کاتێک حکومەتی عێراق بۆ یەکەم جار دەستیکرد بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال، ڕایگەیاند کە ئەو شەهیدانە بەپێی کۆمەڵگەی ئێزدی بەخاک بسپێرێت، بەڵام وەک هەمیشە وشە و کردارەکان زۆر لەیەکتر دوورن، کاتێک ٣٩ لاشە دەرهێندرا، داوای تابوت و داپۆشەر و ئاڵای عێراقی لە کەسوکاری شەهیدەکان دەکرد.

 

لە ساڵی ٢٠٢١ دا، ١٠٤ شەهید لە گوندی کۆچۆ لە بەغدا بە فەرمی ڕادەستی خێزانەکانیان کران.

١٢ تەرم ئێسکەکانیان لە جانتای زبڵدا ڕادەستی خێزانەکانیان کرد.

بۆ ٣٩ تەرم، حکومەتی عێراق داوای داپۆشین و ئاڵای عێراقی لە خێزانەکانیان کرد.

٥٠ لەو ٨٩ گۆڕەی کە لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە نەکراونەتەوە، ماوەی ٩ ساڵە چاوەڕێی کردنەوەی دەکەن.

نزیکەی ٨٣١ ئێسکی قوربانییەکان لە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری بەغدا ڕاگیراون، بەڵام هێشتا ناسنامەیان ڕوون نەکراوەتەوە.

 

تەنها ٦ مانگ ماوە بۆ ئاشکراکردنی DNA شەهیدەکان کەواتە بۆچی حکومەتی عێراق ئێسکی ئەو شەهیدانە ڕادەگرێت و ئێش و ئازار دەداتە خێزانەکان.

 

جێی ئاماژەیە حکومەتی عێراق لەگەڵ UNITADی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی چەتەکانی داعش، ئەم تیمە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەستنیشان کراوە، لەگەڵ ئەم دامەزراوەیەدا، زۆرێک لە وڵاتانی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا بەشدارن لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجامدراون بەگشتی.