باس لە دۆخی ژنانی هەردوو پێکهاتەی کوردی فەیلی و ئێزدییەکان کرا
کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی" لە بەغدای پایتەخت باس لە دۆخی ژنان لە پێکهاتەی کوردی فەیلی و ئیزدییەکان کرا و ئاماژە بەوەدرا کە لە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەسەر ئێزدییەکان و فیلییەکاندا هاتووە، هەمیشە ژنان پشکی شێریان بەرکەوتووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/03/20220306-3-scaled-750x375-jpg00d7fe-image.jpg)
بەغدا
هەردوو پانێڵی کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی" لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو تێیدا باس لە دۆخی ژنان لە پێکهاتەی کوردانی فەیلی و ئێزدییەکان کرا.
نوال عەبدولوەهاب، چالاکوانی ژنی فەیلیی بابەتێکی لەبارەی مێژووی کوردانی فەیلیی کۆن تا ساڵی ٢٠٠٣ پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، فەیلییەکان لە هەموو کایەکانی عێراقدا ڕۆڵیان هەبووە، بەڵام هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە لە عێراق هاتوونەتە سەر حوکم تائێستا، هەوڵیانداوە فەیلییەکان پەراوێزبخەن، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتە نەژادپەرستییەکانی عێراق کوردانی فەیلییان چەوساندووەتەوە و پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامداون.
ئازاد عەبدو، پارێزەر و چالاکوانی ئێزدیی بابەتێکی لەبارەی مێژووی کۆمەڵگەی ئێزدیی تا ٢٠٠٣ پێشکەش کرد و دوای ئەوەی بەدرێژیی تیشکی خستەسەر مێژووی ئێزدییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئێزدیی یەکێکن لە کۆنترین ئاینەکانی ناوچەکە و مێژوویەکی دێرینیان لە پێکەوەژیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراق هەیە.
دڵشا عوسمان، شارەزای کاروباری ژنان بابەتێکی لەبارەی کەیسی ژنانی ئێزدیی و فەیلیی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی عێراقی نوێکراوە پێشکەش کرد و باسی لەوەکرد، کە لە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەسەر ئێزدییەکان و فیلییەکاندا هاتووە، هەمیشە ژنان پشکی شێریان بەرکەوتووە، ژنانی ئێزدیی و فەیلی لێکچوونی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، بەتایبەت ژنانی فەیلیی کە لە پرۆسەکانی ڕواگواستندا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، هەروەها ژنانی ئێزدیی بەتایبەت لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش، پێنج هەزار ژنی ئێزدیی ڕفێندران و لە بازاڕەکان وەک کەنیزەک فرۆشران.
"ئێستا ژنانی شەنگال خۆیان ڕێکخستووەتەوە و پێگەی خۆی بەهێزکردووە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگرییکردن لە کۆمەڵگەی ئێزدیی، بەتایبەت ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە ئازادکردنی شەنگال لە چنگی داعش، ئێستا ژنانی شەنگال خۆیان کردووە بە هێز و خۆیان ڕێکخستووە."
لە پانێڵی دووەمدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک وەک تاکە چارەسەر بۆ کێشەکانی پێکهاتەکانی عێراق کرا.
ریاز فەیلی، شارەزای کەیسی فەیلییەکان، بابەتێکی بەناونیشانی "دۆخی کوردانی فەیلیی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەتا ئێستا’" پێشکەشکرد، لە درێژەی پانێڵەکەدا پارێزەر قاسم خەڵەف بابەتێکی بەناونیشانی ‘بارودۆخی ئێزدییەکان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەتا ئێستا و ئەزموونیان لە خۆبەڕێوەبەرییدا’ پێشکەشکرد، ئاماژەی بەوەدا "سیستمی کۆتا وایکردووە پێکهاتەکان بێبەش بن لە مافە سیاسییە و کۆمەڵایەتییەکان و بەپێچەوانەوە نەهامەتییەکانیان زیاتربێت".
زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بابەتێکی بەناونیشانی چارەسەر و پرۆژەی پێشنیازکراو بۆ کەیسی فەیلیی و ئێزدیی بە تێگەیشتنی نەتەوەی دیموکراتیی لە عێراقی نوێکراوەدا پێشکەشکرد و تێیدا وتی: حکومەتی عێراق هەوڵدەدات پێکهاتەکان وەک کارتی فشار بەکاربهێنێت، تەنها لایەنیش بتوانێت خۆی لەو دۆخە ڕزگاربکات، تەنها پێکهاتەکان خۆیانن، پێویستە دەرگا بکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی پێکهاتەن، دوور لەو ڕێبازە چارەسەرییانەی کە پێشتر گیراونەتەبەر و ئەنجامیان نەبووە.
زەینەب موراد، ئاماژەی بە گرنگیی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمینەکان و وتی: پرۆژەی دیموکراتیک هەمیشە هانی دیموکراسیی داوە دوور لە دەمارگیریی، ئەو پرۆژەیە چارەسەری کۆتاییە بۆ تەواوی کێشەکان، بیروباوەڕی نەتەوەی دیموکرات بەیەک چاو تەماشای هەموو پێکهاتەکان دەکات، بۆیە پێویستە ئەم بیرۆکەیە بەبنەما بگیرێت لە چارەسەرکردنی کێشەی پێکهاتەکان، ژنان و گەنجانیش بۆ ئەو مەبەستە بە ڕۆڵی خۆیان هەڵبستن.
کۆنفرانسی "بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەریی و یەکسانیی"، لە شاری بەغدا کۆتایی پێهات و ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بڵاودەکرێتەوە.
ت.پ