بۆ یەکلاکردنەوەی سیاسی و تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکی جەستەی ژنانی سووریا بووەتە مەیدانی شەڕ
تێکچوونی ئەمنی لە سووریا، بەرپرسیارێتی سیاسی و تاوانکاری ڕاستەوخۆی زلهێزە باڵادەستەکان ئاشکرا دەکات، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە بۆی ماوەتەوە، ئایدۆلۆژیا لەگەڵ هاوبەشی بە ئەنقەست تێکەڵ دەبێت و جەستەی ژنانی سووریا دەکاتە مەیدانی شەڕ.
سیلڤا ئیبراهیم
ناوەندی هەواڵ – ڕاستی بۆ ژنان لە سووریا ئەمڕۆ لە ئامارێکی سادە تێدەپەڕێت، ڕەنگدانەوەی ئەو کارەساتە قووڵەیە کە ڕژێمێکی توندڕەو کە لەلایەن زلهێزە باڵادەستەکانەوە سەپاندویەتی، ڕژێمێک کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا دەیان ساڵەی ستەمی بەعسی چڕکردەوە، ئەم گۆڕانکارییە شکستی بزووتنەوەیەکی نیشان دا کە تەنها جێگەی ستەمکاری گرتەوە بەبێ ئەوەی خودی ستەمەکە بنبڕ بکات، جەستەی ژنانی وەک مەیدانێکی کراوە بۆ پێشێلکاریی سیستماتیکی و بێ یاسایی بەربڵاو بەجێهێشت.
ئەوەی ژنان لە سووریادا ئەزموونی دەکەن، تەنها بابەتی ئامار یان ڕووداوە زوو تێپەڕەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی قەیرانێکە کە بەناوی شۆڕشەوە سەریهەڵدا، بەڵام لەبری ئەوە ڕژێمێکی توندڕەو و ستەمکارانەی بەرهەمهێنایەوە کە لەلایەن زلهێزە هەژموونخوازەکانەوە داڕێژراون، بە پلەی یەکەم ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەم دەسەڵاتە نوێیە نەهامەتی و گۆشەگیریی دەیان ساڵەی دەسەڵاتی بەعسی چڕکردۆتەوە بۆ تەنها ساڵ و نیوێک! ئەم قۆناغە بەس بووە بۆ ئەوەی نیشان بدات کە زۆربەی شۆڕشەکان کاتێک شکست دەهێنن کە تەنها جێگەی ستەمکار بگرنەوە بەبێ ئەوەی خودی ستەمەکە بنبڕ بکەن، ئەمەش خاڵێکە کە جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی بەناوبانگی "کێڵگەی ئاژەڵان"دا بە شێوەیەکی زیندوو وێنای دەکات.
لە دوای سەرهەڵدانی جیهادیەکانی هەتەشە بۆ سەر دەسەڵات، سووریا شایەتی تێکچوونی ئەمنیی بەربڵاو بووە و ژنان قورسایی ئەم کارەساتەیان لە ئەستۆ گرتووە، ئەم تێکچوونە تەنها دەرئەنجامی ئەو بۆشاییە ئەمنییە نەبوو کە بە شێوەیەکی سروشتی هاوڕێی قۆناغە گوازراوەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسییە، بەڵکو خودی ڕژێمی نوێ هاوبەشێکی سەرەکی بووە لە چەسپاندنی ئاژاوەگێڕییەکان لە شارەکانی سووریادا، جگە لەوەی سپۆنسەری هێرشە خێڵەکی و نەتەوەییەکانی کردووە کە دەکاتە تاوانی جەنگ دژی عەلەوی و دروز و کورد.
ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەکەین تەنها گێڕانەوە یان چیرۆکی زارەکی نییە کە لە کۆمەڵگەدا دەگوازرێتەوە، بەڵکو ڕاستیەکی تاڵە کە لەسەر جەستەی ژنان چەسپاوە بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی تاکە ڕاستییەک بێت سەبارەت بەو کەسانەی ئەمڕۆ سووریا بەڕێوەدەبەن، ئەوانەی لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا شانازی بە پۆشینی قاتی فەرمی و بەستنی بۆینباخ بۆ شاردنەوەی ڕووخساری ڕاستەقینەیان، ڕاستیەک کە بە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بەڵگەدار کراوە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانەوە کە لەلایەن دەزگاکانی هەواڵ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکراونەتەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریا.
ڕاپۆرتەکان ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن: جەستەی ژنان وەک مەیدانێک بۆ تۆڵەسەندنەوە
ڕەنگە سەرنجڕاکێشترین ئاشکراکردنی ئەم ڕاستیە تاڵە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بێت کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە، ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، کە ڕفاندنی ژنان و منداڵانی کچی کۆمەڵگەی عەلەوی لە سووریا زیاتر بەربڵاوتر و دڕندانەتر بووە لەوەی کە بە فەرمی دانی پێدا بنرێت، ئەوان وەک کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە پراکتیکەکانی ڕژێمی پێشوو لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ دەکرێنە ئامانج.
ڕۆژنامەکە لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ زیانبەرکەوتووان و کەسوکاریان، ڕفاندنی ١٣ ژن و منداڵی کچی عەلەوی پشتڕاستکردەوە، پێنج کەسیان دەستدرێژییان کراوەتە سەر، دوو کەسیش لە ئەنجامی دەستدرێژییەکاندا بە دووگیان گەڕاونەتەوە، لێکۆڵینەوەکە چیرۆکی ترسناک دەگێڕێتەوە، لەنێویاندا ڕفاندنی منداڵێکی کچی تەمەن ١٦ ساڵ لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥، بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ دەستبەسەرکرا، لەو ماوەیەدا ماددەی هۆشبەری بەکارهێنرا و چەندین جار دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر تاوەکو بە دووگیانی ئازادکرا دوای ئەوەی فیدیەی هەزاران دۆلاری درا.
ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، تاقیکردنەوەی سێ هەفتەیی خۆی گێڕایەوە، کە لەو ماوەیەدا لێی دراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر و بە گوێزان جەستەی بڕاوە و پێش ئەوەی فیدیە بدرێت سەر و برۆکانی تاشراون، لەبەرامبەردا خێزانێکی دیکە بە بڕی ١٧ هەزار دۆلار فیدیەیان داوە، بەڵام کچەکەیان ئازاد نەکراوە.
ئەم چیرۆکانە پشتڕاستی لێکۆڵینەوەکانی دیکە دەکەنەوە، وەک لێکۆڵینەوەکانی بی بی سی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، کە ئایدۆلۆژیای ئایینی توندڕەوی پشت ڕفاندنەکان و دەرکردنی زیانبەرکەوتووان و پراکتیزە ئاینییە زۆرەملێیەکانیان بەڵگە کردووە، هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتداران و شکستی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان کردووە لە پێشکەوتن لە لێکۆڵینەوەکاندا، سەرەڕای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە شێوازەکانی دەستدرێژیکردن لەوانەش دەستدرێژی جەستەیی و هاوسەرگیری زۆرەملێ، لەنێویاندا منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی.
لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی هەتەشە بەئامانجکردنی سیستماتیکی ژنان و منداڵانی کچی عەلەوی ڕەتکردەوە و بانگەشەیان کرد کە تەنها یەک حاڵەتیان پشتڕاستکردووەتەوە.
ئامارەکان دەنگۆی نکۆڵیکردنی دەسەڵاتداران ئاشکرا دەکەن
هەر لەو پێوەندییەدا، ڕاپۆرتی لۆبی ژنانی سووریا کە لە مانگی ئایاردا بە ناوی "شەڕی کەرامەت" بڵاوکرایەوە، ڕاستەوخۆ هاوتەریبە لەگەڵ ئەوەی کە ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان ئاشکرایان کردووە، پێکەوە لە ڕێگەی بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی ساڵی ٢٠٢٥، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ڕفاندنی ژنان و منداڵانی کچ تەنها ڕووداوێکی گۆشەگیر نییە، بەڵکو نەخشێکی سیستماتیکی توندوتیژی ڕەگەزی و بەئامانجکردنی خێڵەکییە، کە وەک ئامرازێکی فشار و بێڕێزیکردن لە سەردەمی دوای ڕژێمدا لە دژی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بەکاردەهێنرێت.
ڕاپۆرتەکە ٨٢ حاڵەتی ڕفاندنی لە ناوچە کەنارییەکان، حومس و حەما بەڵگە کردووە، کە ژنان و منداڵانی کچانی تەمەن ١٥ بۆ ٤٠ ساڵان کردووەتە ئامانج، زۆرینەی ڕەها ٩٠٪ی زیانبەرکەوتووان ژن بوون، لەکاتێکدا منداڵانی کەم تەمەن ١٠٪ پێکدەهێنن، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ٦٠%ی هەموو ئەوانەی ڕفێنراون تا ئەمڕۆش بێسەروشوێنن.
لە سوەیدا، ١٩٠ حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە کاتی کۆمەڵکوژییەکانی مانگی تەموزی ٢٠٢٥دا تۆمارکراوە، دواتر ڕزگاربووان لە ڕێگەی نێوەندگیری و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانەوە ئازاد کران، هەرچەندە بەداخەوە هەندێک مردنیش بەڵگەدار بوون.
شایەتحاڵییەکانی ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاستی لێکۆڵینەوەکانی نیویۆرک تایمز دەکەنەوە کە چۆن زیانبەرکەوتووان لە ماڵ و شەقامەکانیانەوە ڕفێنراون و لە ڕێگەی بازگەکانی ڕژێمەوە گواستراونەتەوە و تووشی توندوتیژی سێکسی و جەستەیی بوون، هەروەها هەوڵدان بە گۆڕینی زۆرەملێیان بۆ ئیسلام، ئەم دۆزینەوانە لەلایەن ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە پشتگیری دەکرێن، وەک بەڵگەنامەی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ٢١ کەیس، ڕاپۆرتی ناوخۆیی، هاوتەریب لەگەڵ دەرەنجامە نێودەوڵەتییەکان، وەڵامی دەسەڵاتی گوازراوە بە ناتەواو دەزانێت و بە نکۆڵیکردنی تایبەتمەندە، بە توندی داوای کردنەوەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و دادگاییکردنی تاوانباران و دابینکردنی پشتیوانییەکی گشتگیر بۆ ڕزگاربووان دەکات.
نەخشەیەک لە پێشێلکارییە بەربڵاوەکان و فراوانبوونی ئاژاوەی ئەمنی
دۆخەکە هێندەی تر خراپتر دەبێت کاتێک لە بەئامانجکردنی کەمینەکان لە ناوچەی کەنار دەریا و سوەیدا تێپەڕین، ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، سروشتی هەمەلایەنەی ئەم کارەساتە پشتڕاست دەکاتەوە و نەخشەی پێشێلکارییەکان دەخاتە ڕوو کە لە سەرانسەری حەلەب، گوندەکانی دیمەشق، ئیدلب، ڕەققە و حەسەکە درێژدەبێتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بۆشایی ئەمنی بووەتە هەڕەشەیەکی وجودی کە ژنانی سووریا لە هەر شوێنێک بن، هێرشیان دەکرێتە سەر.
هەروەها داتاکان گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە شێوازی تاوانەکاندا ئاشکرا دەکەن، زیانەکان چیتر تەنها لە ڕفاندن و داگیرکردنی سیاسی و داراییدا قەتیس نەماوە، بەڵکو لە ڕێگەی پەرەسەندنی توندوتیژی کوشتنی خێزانی لە ژێر پەردەی "تاوانەکانی شەرەف"دا، تەنانەت مافی پارێزراوی ناوماڵیشی لە ژنان سەندووە، تەنانەت لە کایە تایبەتەکانیشدا دزە کردووە.
ئەم وێنە تاریکە بە ئامارێکی شۆککەر تەواو دەبێت کە لەلایەن ڕوانگەی سووریاوە بەڵگەی لەسەر کراوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣٥ ژن لە ڕووداو و چوارچێوە تاوانکارییە جیاوازەکاندا کوژراون، ئەم ژمارە مەترسیدارە هۆشدارییەکانی ڕاپۆرتەکانی پێشوو پشتڕاست دەکاتەوە، داڕمانی سیستمی داد و بێتوانایی هێزە ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی یاسا، بۆشاییەکی کاتیی دروست نەکردووە، بەڵکو ژینگەیەکی ئایدیاڵی بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە هەموو شێوەکانییەوە دروستکردووە.
تاوانەکانی جەنگ و بێ سزایی لە ئاوێنەی ڕاپۆرتە نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییەکان
ڕاپۆرتە نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییەکان کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٢٦ بڵاوکراونەتەوە، ئەم پێشێلکارییانە لە چوارچێوەیەکی یاسایی تونددا دادەنێن و ڕاستەوخۆ جیهادیەکانی هەتەشەبە هاوبەشیکردن لەسەر بنەمای جیاکاری ئایدیۆلۆژی و خێڵەکی تۆمەتبار دەکەن نەک تەنها بێکردەوەیی.
شەرمەزارکردنە نێودەوڵەتییەکان ئەم کارانە بە تاوانی جەنگ دەزانن کە ڕەنگە ببێتە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، شێوازێکی نائارامکەری پشتڕاستکردەوە کە کەمینەکانی وەک عەلەوییەکان دەکاتە ئامانج و کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن لەخۆدەگرێت، هەروەها شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بە هەڵمەتێکی ئامانجدار لە دژی ژنان و منداڵانی کچ کرد کە لەسەر بنەمای یەکتربڕینی ڕەگەزی و بنەمای خێڵەکی، لەوانە دەستدرێژی سێکسی و هاوسەرگیری بەزۆری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوەکانی وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسنامەی ئایدیۆلۆژی توندڕەوی کوتلەکانی ئێستا شەرمەزاردەکەن، کە بیری ڕادیکاڵیان سووتەمەنی ڕیتۆریکی تەکفیر (دەرکردن) و تۆڵەسەندنەوەە لە گروپەکانی پەیوەست بە ڕژێمی پێشووتر دەدات، بەمەش کەمینەکان لە پارێزگاری یاساییان لێ داگیر دەکەن.
ئەم هاوبەشییە لە نکۆڵیکردنی سیستماتیکی و بێ سزادا دەردەکەوێ،. دەزگا ئەمنییەکان شکست دەهێنن لە لێکۆڵینەوە و تاوانبارکردنی بنەماڵەی زیانبەرکەوتووان، لە کاتێکدا میکانیزمەکانی لێپرسینەوەی فەرمی بۆ ئەوە دانراون کە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتە حوکمڕانییەکانی ئێستایان بەدوور بگرن و لە ڕابردوودا قەتیسیان بکەن، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕەفتارەی بە چەسپاندنی ژینگەیەکی بێ سزای زانیوە کە هەر هیوایەک بۆ چاکسازی لە داهاتوودا دەخنکێنێت و ئاشتی مەدەنی لەناو دەبات.
سەرەڕای بەڵگەنامە بەرفراوانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییەکان کە ئەم دڕندەییانەی وەک تاوانی جەنگ پۆلێن دەکەن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستاش بێتوانایە لە جێبەجێکردنی میکانیزمە کاریگەرەکانی لێپرسینەوە، لە ژێر ئەم بێکردەوەیی و بێ سزایە سیستماتیکییەدا، ڕفاندن و کوشتنی ژنانی سووریا بێ وەستان بەردەوامە و جەستەیان باجی ڕژێمێکی ستەمکار هەڵدەگرێت کە دادپەروەری و سەروەری یاسایی پشتگوێ خستووە.