"بە کەلتورکردنی خوێندنەوە" بۆ ژنانی گەنج
لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردستانەوە پڕۆژەی "بە کەلتورکردنی خوێندنەوە" ڕاگەیەندراوە، دوای سێ کۆبوونەوە ڕۆژی ١٥ی ئەیلول چوارەمین کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ ژمارەیەک گەنج ئەنجامداو لەبارەی پەرتووکی "ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان" گفتوگۆیان کرد.
سلێمانی
پڕۆژەی "بە کەلتورکردنی خوێندنەوە" ماوەی دوو مانگە لەلایەن چەند ژنێکی ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستانەوە ڕاگەیەندراووە، تا ئێستاش چوار کۆبوونەوەیان بۆ خوێندنەوەی پەرتووک لە کتێبخانەی تەوار ئەنجامداوە، لە هەر کۆبوونەوەیەکیشدا نزیکەی ٢٠ ژنی گەنج بەیەکەوە بەشداربوون.
سۆنیا کامیل، ئەندامی پڕۆژەی بە کەلتورکردنی خوێندنەوە و سەرۆکی کتێبخانەی تەوار، لەبارەی پڕۆژەکەیانەوە بە ژنهای ڕاگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە کە گەنجەکان لەگەڵ خوێندنەوەدا ئاشتبکەنەوە، بۆ ئەوەش هەفتانە چەند پەرتووکێک دیاریدەکەن و یەکێک لە پەرتووکەکان هەڵدەبژێرن و دواتر گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.
سۆنیا کامیل ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە دەیانەوێت گەنجان لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆبایل بەو ڕادە زۆری کە هەیە دوور بخەنەوە و ببنەوە بە هاوڕێی پەرتووک، نەک تەنها پەرتووک، بەڵکو بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر فیلمێک یان کورتە چیرۆک دەکەن، هەفتەی ڕۆژێک بۆ ئەو چالاکییە تەرخان دەکەن.
سێوە یاسین، خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بەشی کۆمەڵناسییە و یەکێکە لە بەشداربووانی پڕۆژەکە، باس لە گرنگی خوێندەووە و پڕۆژەی بە کەلتورکردنی خوێندنەوە دەکات، بە تایبەتیش بۆ گەنجان و ژنانی گەنج، لەبەر ئەوەی هەر ژنە کە خێزان و کۆمەڵگا پەروەردە دەکات.
دەڵێت: "خۆم تا بتوانم بەشدار دەبم، ئەم پڕۆژەیە زۆر گرنگە و ژنان زیاتر پێویستیان بە خوێندنەوە هەیە، زۆر گرنگە کە بخوێننەوە".