"بە بێ تێکۆشان ئاشتی بەدەستنایەت"
ژنانی ئەفغانی لەژێر ئەو فشارو سەرکوتکردنانەی تالیباندان کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام بەردەوام بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بە جیهان بگەیەنن.

نازیە ئەحمەد، بەڕێوەبەری خوێندنگایەکی گشتی لە پارێزگای پەروان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ئەفغانستان ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی گەشتنی تالیبان بۆ شارەکەیان کارەکەی لەدەستداوە و بەوهۆیەوە لە دۆخێکی ئابووری خراپدایە، وتی: "بەڵام ژنان دەبێت بە هەر جۆرێک بێت کاربکەن و دژی ئەو بارودۆخەی لە وڵاتەکەیاندا دەگوزەرێت بجەنگن، چونکە هیچ ئاشتییەک بە بێ تێکۆشان بەدەستنایەت و دەبێت هەموو ژنانی ئەفغانی بەشداری ئەو تێکۆشانە بکەن".
لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردووی ئەفغانستاندا ئەو پارتانەی کە دەسەڵاتیان گرتەدەست وازهێنانیان لە خوێندن بەسەر ژناندا سەپاند و ژنان هەمیشە کاریگەرییان لەسەربووە لە ململانێ سیاسییەکانی ناوچەکە، هەر بۆیە ژنانی ئەفغانی خویندنیان وەک گرنگترین دەستکەوتی ژیانیان دەبینن.
نازیە، لە کۆتایدا وتی: " پێویستە هەموو ژنانی ئەفغانی سەرەتا ببنە خوێندەوار و پاشان بتوانن ڕێکخراوێک پێکبهێنن بۆ ئەوەی شەڕ لە دژی نادادییەکانی تاڵیبان بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، ئێمەی ژنان دەبێت خۆمان هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانمان بدەین، هۆشیاری خۆمان بەرزبکەینەوە و تێکۆشان بکەین بۆ ژیانێکی ئازاد و پڕ ئاشتی".