جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا ڕاگیرا
یەکێک لە پارێزەرانی پەخشان عەزیزی بە ناوی مازیار تاتای ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی هەڵپەسێردراوە.
ناوەندی هەواڵ
مازیار تاتای، یەکێک لە پارێزەرانی ڕۆژنامەنووس پەخشان عزیزی کە لە زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری دیجیتاڵی میدیایی خۆی ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی هەڵپەسێردراوە.
مازیار تاتای لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لەگەڵ هاوکارم کاک ئەمیر ڕەیسییان داواکاری دووبارە دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزیمان پێشکەش بە دادگای باڵا کرد و سەردانی دادگامان کرد، ئەو شاندەی کە داواکاریی دووبارە دادگاییکردنی وەرگرت، بەپێی بڕگەی زیادەی مادەی ٤٧٨ی یاسای تاوان، داواکاری ڕاگرتنی لەسێدارەدانی قبوڵ کرد".
هێشتا دیار نییە ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری لەسەر دۆخی پەخشان عەزیزی دەبێت کە لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە.
هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە ڕۆژانی مانگرتنە گەورەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مانگرتن لە خواردنی دوو ڕۆژەی ژنان لە سەرانسەری ئێران و پاڵپشتی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکوانان بوو.