گەڕانەوەی ٣٨٥ منداڵی ئۆکراینی لە ڕووسیا پشتڕاست کرایەوە

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە مانگی ئاداردا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دەرکرد بەهۆی تاوانی جەنگی "دەرکردنی نایاسایی" منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوێکی نەمسا کە بەشدارە لە گەڕاندنەوەی منداڵان ڕایگەیاندووە، تا ئێستا ٣٨٥ منداڵی ئۆکراینی کە "دیپۆرت" کراون بۆ ڕووسیا گەڕێندراونەتەوە بۆ ناو خێزانەکانیان.

 

ئانا ڕادل، وتەبێژی ڕێکخراوەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "تا ئێستا بە گشتی ٣٨٥ منداڵی دیپۆرتکراو گەڕێنراونەتەوە ئۆکرانیا، کە ٨٤ منداڵیان بە هاوکاری گوندەکانی منداڵان و ڕێکخراوە هاوبەشەکانی بووە".

 

ڕێکخراوەکە کە بنکەکەی لە شاری ئینسبرۆکە، ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: "زۆرجار ئەوە منداڵەکان خۆیانن کە خۆیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدوای یارمەتیدا دەگەڕێن، هەندێک کات دانیشتوانی ناوچە داگیرکراوەکانیش زانیاریمان پێدەدەن".

 

ڕێکخراوەکە ڕاهێنان بە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونناسان دەکات بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتییەکی گونجاو پێشکەش بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و خێزانەکانیان بکەن.

 

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە مانگی ئاداردا فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەرکردبوو، بە تاوانی جەنگی "دەرکردنی نایاسایی" منداڵان، بەپێی ئامارەکانی کیێڤ، ئەو ژمارەیە زیاترە= لە ١٩ هەزار منداڵی ئۆکراینی دەگرێتەوە.

 

ئەو ڕێکخراوە نەمساییە بە ٢.٥ ملیۆن منداڵی کەم تەمەن و کەسوکارەکانیان کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ١٣٧ وڵات و ناوچەدا تۆمارکراون، خۆی وەک "گەورەترین ڕێکخراوی جیهانی" نیشان دەدات.

 

لقی ڕووسیای ڕێکخراوە ناحکومییەکە لە ئەندامێتی ڕاگیرا، دوای ئەوەی ڕۆژنامەکان تۆمەتەکانیان ئاشکرا کرد کە سپۆنسەری منداڵانی ئۆکرانیا دەکەن لە بارودۆخێکی ناڕووندا.