ڕاپۆرتی بەڵگەنامەی دەستدرێژی سێکسی دژ بە ژنان لە سودان لەکاتی شەڕدا بڵاوکرایەوە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی لەسەر دەستدرێژی سێکسی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە دژی ژنان و منداڵانی کچ لە سودان لە ماوەی نزیکی ئەو دوو ساڵدا بڵاو دەکاتەوە، کە وەک تاوانی جەنگ پۆلێن کراوە.

ناوەندی هەواڵ
ژنان لە سودان ڕووبەڕووی توندوتیژی گەورە دەبنەوە لە شەڕی بەردەوامی وڵاتەدا، بە دەستدرێژی سێکسی و کۆیلایەتی سێکسی دەکرێنە ئامانج، بە ئامانجی سوکایەتیکردنی هاوڵاتیان و ئاوارەکردنی کۆمەڵگەکان.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی ٩ی نیسان، لە راپۆرتێکی نوێدا تیشکی خستەسەر پێشێلکارییە گەورەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سەرانسەری سودان لە ماوەی شەڕی نزیکی ئەو دوو ساڵدا.
ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەم پێشێلکارییانە بە ئامانجی شەرمەزارکردنی دانیشتووان، سەپاندنی کۆنتڕۆڵ و دەربەدەرکردنی کۆمەڵگەکان ئەنجام داراوە، لەوانە (تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسی، دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵ و کۆیلایەتی سێکسی) کە بە تاوانی جەنگ پۆلێن دەکرێن و لەوانەیە ببنە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
ڕێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا بە ناوی "دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر هەموومان و توندوتیژی سێکسی دژی ژنان و منداڵانی کچ لە سودان" تۆمار کردووە، لەوانە دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی بە کۆمەڵ بۆ سەر ٣٦ ژن و منداڵی کچ، کە هەندێکیان تەمەنیان ١٥ ساڵ بوو، هەروەها شێوەکانی تری توندوتیژی سێکسی کە لە چوار ناوچەی سودان لە نێوان نیسانی ٢٠٢٣ و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕوویانداوە، بە ئامانجی شەرمەزارکردنی دانیشتوان و ئاوارەکردنی کۆمەڵگەکان.
لە نێو ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە بریتین لە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر دایکێک دوای ئەوەی منداڵەشیرە خۆرەکەی لێسەندراوە، کۆیلەکردنی سێکسی ژنێک بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ لە ناوچەی خەرتووم، لێدانی سەخت، ئەشکەنجەدان بە شلەی سوتێنەر،ئامێری تیژ ،کوشتن.
بەڕێوبەری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هێرشەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر ژنان و منداڵانی کچ لەسودان بە "ترسناک و خراپ" پێناسە کرد، ئامانج لێیان سوکایەتیکردنە بە ژنان،هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە کاتی شەڕەکاندا هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی ژنان و منداڵانی کچیان کردبووە ئامانج.
پێویستە جیهان کار بکات، بۆ وەستاندنی ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی کە بەردەوامن لە سودان، لەڕێگەی ڕێگریکردن لە لێشاوی چەک بۆ سودان و فشار خستنەسەر سەرکردایەتی بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی سێکسی و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران، لەوانە سەرکردە سەربازییە باڵاکان.