ڕاپۆرت: گەورەترین و خراپترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا ئێستا لە سودان ڕوودەدات
لە ڕاپۆرتێکدا، نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە ماڵەکانیان لە ناوخۆی سودان بەجێهێشتووە بۆ ناوچە تاڕادەیەک ئارامەکان، لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە، لە کۆی دانیشتووانی سویسرا زیاترە.

ناوەندی هەواڵ
ململانێی سودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥ دوو ساڵ تێدەپەڕێنێت و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی بەدخۆراکی و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی دانیشتووان و نائەمنی بەردەوامی بەجێهێشتووە.
دوێنێ ١٥ی شوبات، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و تیایدا پشتڕاستی کردەوە کە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس لە وڵاتانی دراوسێی سودان بوونەتە پەنابەر و نزیکەی ٩ ملیۆن کەسیش لە دۆخێکی زۆر خراپدا لە ناوخۆدا ئاوارە بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: نزیکەی٣٠ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە سودان کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی کۆی دانیشتووانی سودان زۆر پێویستیان بە هاوکارییە لە بواری تەندروستی و خۆراک و جۆرەکانی دیکەی پشتیوانی مرۆیی.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، گۆڕانی هێڵەکانی پێشەوەی سەربازی لە ناوخۆی سودان بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە ئاوارەبوون، ئەمەش وایکردووە ئەرکی گەیشتن بەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی زیاتر ئاڵۆزتر بێت.
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخی سوودانی بە "گەورەترین و خێراترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا" پێناسە کرد.
ئاوارەکان چ لە چوارچێوەی سودان بمێننەوە یان پەنایان بۆ وڵاتانی دیکە بردبێت، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و کەمی سەرچاوە سروشتییەکان و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکانی وەک کۆلێرا و سورێژە لە کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکان ڕووبەڕوو دەبنەوە.