٥٠٠ دۆنم پوش و پاوان و ٦٠ هەزار دار سووتان و کەسێک دەستگیر کرا
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوىکردەوە، بەهۆی سووتانی ٥٠٠ دۆنم پوش و پاوان لە شارەدێی عەربەت و زیانگەیاندن بە نزیكەی ٦٠ هەزار دار، هاوڵاتییەك دەستگیركرا.
ناوەندی هەواڵ
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە بارەی سووتانی سەدان دۆنم زەوی و هەزاران داری سروشتی لە شارەدێی عەربەتى سنوورى پارێزگاى سلێمانى ڕاگەیەندراوێكی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: دوای ئاگاداركردنەوەمان لە بوونی كەوتنەوەی ئاگر لە سنووری شارەدێی عەربەت دەست بەجێ تیمێک لە كارمەندانی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنى.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئەنجامی کەوتنەوەى ئەو ئاگرە لەسنووری گوندەكانی "وێلەكە و دەربەند فەقەرە"ی سنووری شاردەێی عەربەت ٥٠٠ دۆنم پوش و پاوان سووتاون و بەپێی زانستی دارستان هەر دۆنمێك ١٢٠ داری سروشتی تێدابووە، بەو هۆیەوە زیان گەیشتووە بە ٦٠ هەزار داری سروشتی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرەنجام بە هاوكاری تیمی فڕۆكەوانی پارێزگای سلێمانی و بنكەكانی بەرگری شارستانی عەربەت، ئازادیی، تانجەرۆ و هاووڵاتییانی سنوورەكە تواندرا ئاگرەكە لە ماوەی چوار كاتژمێردا كۆنترۆڵ بكرێت.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان هاوڵاتییەك بەتۆمەتی کردنەوەى ئاگرەكە دەستگیركرا و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخراوە لە بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت.