گەریلاکانی ئازادیی لە چیاکان بە ئاهەنگێک ٤ـی نیسانیان پیرۆز کرد
گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات "یەرەکە" هێزەکانی پاراستنی ژنان "هەپەژە"، ئەندامانی پژاک و کژار، بە بۆنەی ڕۆژبوونی ڕێبەر و ٢٢ـیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" بە ئاهەنگێک، ٤ـی نیسانیان پیرۆز کرد.
ناوەندی هەواڵ
بۆ پیرۆزکردنی ٤ـی نیسان، کە ٧٧ـەمی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ٢٢ـەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک"ە، گەریلاکانی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات "یەرەکە"، هێزەکانی پاراستنی ژنان "هەپەژە"، ئەندامانی پژاک و کژار، لە چیا ئازادەکانی کوردستانەوە ئاهەگێکیان ساز کرد.
سەرەتای ئاهەنگەکە بە مەراسیمێکی سەربازیی دەستیپێکرد، پاشان دوای خولەکێک ڕێزلێنان لە شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری، پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پژاک، وتارێکی پێشکەش کرد.
'ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕۆژبوونی گەلی کوردە'
پەیمان ڤیان لە سەرەتای قسەکانیدا ڕۆژەکەی لە ڕێبەری گەلی کورد پیرۆز كرد و جەختی کردەوە، ڕۆژی ٤ـی نیسان ڕۆژبوونی ڕێبەر ڕۆژبوونی هەموو گەلی کوردە و وتی: دامەزراندنی پارتەكەمان لەسەر فیكر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان دوو واتای زۆر گەورە و مێژوویی هەیە، دامەزراندنی پژاك بەواتای دەستپێكردنی تێكۆشانی ئازادیی و ژیانەوەیە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و ڕێی بەرخۆدان هەڵبژێردرا و ڕۆحی بەرخۆدان و تێكۆشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا بڵاوبووەوە.
"پژاك لە هەموو كات بەهێزترە"
پەیمان ڤیان، لە درێژەی قسەکانیدا، تیشكی خستەسەر تێكۆشان و خەباتی پژاك و وتی: سنووری تێكۆشانی پژاك لە هەموو ئێراندا بڵاوبووەتەوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ چاوی هەموو جیهان و گەلەکەمان لە پارتی پژاکمانە، چونكە لەسەر فیكری ئازادیخوازی ڕێبەر ئاپۆ گەلی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا زیندوو كردەوە، ئەمڕۆش هەركەس چاوی لە هەبوون و هێز و ڕێکخستنبوونی پژاك و شێوازی تێكۆشانكردنییەتی لەم قۆناغەدایە، هەربۆیە ڕژێمی ئێران گەورەترین ترسی لە هێزی گەل و ڕێکخستبوونییەتی، لەو فكر و فەلسەفەیە دەترسێت كە پژاك خۆی لەناو گەلدا بەڕێكخستن دەكات.
"گەرەنتیكردنی ماف و ستاتۆی گەلەكەمان ئەرکی سەرەکیمانە"
پەیمان ڤیان سەبارەت بە جەنگی ئێران و ئیسرائیل-ئەمریكا و پێگەی پژاك لەناو گەلدا وتی: "ئەمڕۆ ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرئەنجامی زهنییەتی دەسەڵاتداری خۆیدا ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، لەبەر ئەوە لە ڕاستیدا ئەو هێز و ڕێكخستنكردن و تێكۆشینەی گەل بوو كە ڕژێمی ئێرانی ئەوەندە لاواز كرد، چونكە ئەوەی كۆتایی بەو ڕژێمە بێنێت هێزی رێكخستنبوویی گەلە، ئێستا لەم شەڕەدا گرنگترین خاڵ بۆ ئێمە گەرەنتیكردنی ماف و ستاتۆی گەلەكەمانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا. هێزەكانمان ئامادەیە بۆ پاراستن و بەڕێكخستنكردنی گەلەکەمان و گەورەترین و بەهێزترینین و بۆ پێشەنگایەتی لە هەر دۆخێکدا. پژاك هێزی گەلە، چونكە پژاك لەناو گەلدا دەركەوت و لەناو گەلدا گەورە و بەرفراوان بوو، ئەمڕۆش پشت بە گەلە تێكۆشەرەكەی دەبەستێت.
پەیمان ڤیان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ساڵی ٢٠٢٦ ساڵی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و سەركەوتن و ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و وتی: "لە ساڵڕۆژی پارتەكەماندا جارێكی دیكە بەڵێن دەدەینە گەلەكەمان كە لەم دۆخەدا و لە هەر ئەگەرێكدا ئێمە لەگەڵ گەلەكەمانین و بۆ پاراستنی گەلەكەمان لە هەر بوارێكدا خۆمان ئامادە دەكەین. ئەمڕۆ سەردەمی كوردی ئازاد و ناسنامەی ئازاد و كوردستانێكی خۆبەڕێوەبەرە لەناو ئێرانێكی دیموكراتیكدا، هەر ئەوەشە دەتوانێت شەڕ لە هەرێمەكەدا كەم بكاتەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوین لەناو ئارامیی و ئاشتییدا بێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا پەیمان ڤیان هاوسەرۆكی پژاك باسی لە ئامادەیی هێزەكان و ڕێكخستنبوونی گەل كرد و وتی: هەر گەل و هێزێك لەم قۆناغەدا لە بواری سیاسی و كۆمەڵایەتی و پاراستندا خاوەن ڕێكخستنی خۆی بێت، بێگومان سەركەوتن بەدەست دێنێت، هەربۆیە پێداگرین لەسەر مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی گەلەکەمان، هێزەكانمان وەك یەرەكە و هەپەژە، هێزی فیدایی پاراستنی گەلن كە لە هەر ئەگەر و بوارێكدا ئامادەیە كە گەلەكەمان بپارێزێت و گەلەكەشمان دڵی گەرم بێت و خۆی باش بەڕێكخستن و ئامادە بكات. هێزێكی فیدایی و پرۆفیشناڵ كە ئامادەیە و هەتا كۆتایی سوورە لەسەر ئازادیی گەلەكەی و هەڤاڵانێك كە ئامادەن لەهەر دۆخێكدا گیانی خۆیان فیدای گەل بكەن و پێشەنگایەتی بكەن و گەل بەڕێكخستن بكەن، لەم سەردەم و قۆناغەدا دەچینە ناو سەردەمێكی نوێی تێكۆشان و سەركەوتن.
پێشکەشكردنی چالاکی هونەری و چاندی
دوای پێشکەشکردنی وتارەکەی پەیمان ڤیان، گەریلاكانی ئازادیی بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە بەردەوام بوون لە بەرنامەی ئاهەنگەكەیان، لە ئاهەنگەكەدا گرووپێك لە گەریلاکان گۆرانییان گوتەوە و پێشكەشی ئامادەبووانیان كرد و پاشان گرووپی فۆلكلۆر بە نمایشكردنی هەڵپەڕكێی كوردی بەشدارییان كرد.
ئاهەنگەكە بە درووشمەكانی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"، "بێ سەرۆك ژیان نابێت” و "ژن، ژیان، ئازادی" و هەڵپەرکێی بەشداربووان بە کۆتا هات.