٣٦ ساڵ بەر لە ئێستا یەکێتی ژنانی کوردستان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان دامەزرا
لە شاری سلیمانی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردستان و بەشیک لە ژنانی ئازادی خواز، بە دروشمی " ژیان بۆ ژن، ژن بۆ ژیان"، یادی ٣٦ ساڵەی یەکێتی ژنانی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- ئەمڕۆ٤ی تشرینی دووەم، لە هۆڵی تەوار لە شاری سلیمانی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردستان و بەشیک لە ژنانی ئازادی خواز، بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بۆ خەباتی یەکێتی ژنانی کوردستان، ٣٦هەمین ساڵیادی بونیادنانی یەکێتی ژنانی کوردستان بەڕێوەچوو.
یەکێتی ژنانی کوردستان بە دروشمەکانی " ژن، خەبات، ژیان" و " ژیان بۆ ژن، ژن بۆ ژیان " لە ٣٦هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، بەڵێنی بەردەوامی لە پێناو بەدەست هینانی مافەکانی ژناندا دەدات، کە یەکێتی ژنای کوردستان لە ٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩دا لە تاراوگەی شاری سنە بونیاد دەنرێت، پاشان لە ١١ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا بەیاننامەکەی لەسەر دەستی ١١ ژن بڵاو دەکرێتەوە، خەباتی لە شاخ دەستپێکرد، تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بە دەستکەوتی مەزن بۆ ژنان بەردەوامی بە کار و خەباتی داوە، ئامانجی ڕێکخراوەکە داکۆکیکردنە لە مافەکانی ژنان و هۆشیارکردنەوەیانە لە کۆمەڵگەدا، هەربۆیە لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ژنان لە پێگەکانی کۆمەڵگەدا دامەزراوە.
" بە هەمان ئامانج و دروشمی " ژن، خەبات، ژیان"، بەردەوامی بە خەباتی یەکێتی ژنانی کوردستان دەدەین "
مونیرە ئەبوبەکر، ئەندامی سکرتارییەت، ڕاوێژکاری سیاسیی، ئاماژەی بە خەباتی ٣٦ ساڵەی یەکیتی ژنانی کوردستان کرد، وتی: لە ٤ی تشرینی دووەم ١٩٨٩، لە تاراوگەی شاری سەقز بونیاد دەنرێت، بەیاننامەکەی لە ١١ی تشرینی دووەمی هەمانساڵدا بڵاوکرایەوە، لەسەر دەستی کۆمەڵێک ژنی بە ئەزموون کە ئامانجیان دۆزی کورد و ژن بوو، بیرۆکەی یەکێتی ژنانی کوردستان لەسەر دەستی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و ١١ ژنی دیکە دروستدەکرێت، پاش ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد، ژنان پێویستیان بە ڕێکخراوێکی ژنان هەبوو، تا بتوانن دەنگ و پێداویستییەکانیان بگەیەنە تەواوی جیهان، تا خزمەتی ژینگەی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی بکرێن، پاش بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە لە ڕێگەی خۆبەڕێکخستنکردنەوە خەباتی ژنانیان دەستپێکرد، یەکەمین چاپی گۆڤاری تەواری لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا بۆخزمەتکردن بە ژنان دەرکرد، کە دوای ڕاپەڕین ڕۆڵێکی گرنگیان لە گرێدانی خەباتی شاخ و شاردا هەبوو، پاشان ڕۆڵی گرنگیان لە خەباتی شاردا هەبوو، لە سەرجەم سێکتەرەکانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و سیاسیی و پەروەردەکردن و پاراستنی ژنان و منداڵاندا کڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، پاشان لە شاری سلێمانی چەندین کاری گرنگیان ئەنجامداوە، لانەی ئارامیان بۆ داڵدەدانی ژنان دروستکرد، هەر لە ڕێگەی یەکێتی ژنانەوە سەنتەری ئامۆژگاری خێزانی بونیادنرا، وە سەنتەری چارەسەری مەمک یەکێتی ژنانی کوردستان هەوڵی بونیادنانیدا، هەروەها یەکێتی ژنان بۆ ژنانی توشبووی نەخۆشییە دەرونییەکان نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی بە هاوکاری لایەنەکانی شاری سلێمانی بونیادنا، بۆئەوەی ئەو ژنانەی بەهۆی کێشە خێزانییەکانەوە ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی دەبنەوە چارەسەر وەربگرن، سەرەڕای بەردەوامی گۆڤاری تەوار، ڕۆژنامەی یانەوەمان دەرکردووە و بەردەوام دەبێت، هەروەها لە دەرەوەی شاری سلێمانی ١٤ ناوەندی یەکێتی ژنانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکات، یەکێتی ژنان لە سەرجەم شآرەکان بە بەستنی کۆڕ و سیمینارەکان بەردەوام هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنان دەدات.
لەکۆتایی قسوکانیدا، وتی: سەدەی ٢١ سەدەی ژنانە، لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی ژنان و ئازادی فکری هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی " یەکێک بوو لە دەستکەوتە گرنگەکانی ژن، ئێمە لە هاوپەیمانێتییە جیهانییەکان بۆ گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ژن خەبات دەکەین، ژن بەروەردەکەری سەرەکییە بە ئەقڵیەتی ئاشتیانە نەوەی نوێ پەروەردە دەکات، ئێمە بە هەمان ڕێچکە خەباتی ٣٦ ساڵەمان لە پێناو بەرەوپێشبردنی ژنا و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان بەردەوامی پێ دەدەین.