٣ ژن لە ناوچەیەکی سەربە گرێ سپی ڕفێندران
سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کە ٣ ژن لە بەردەم کلینکی ناوچەی سلۆکی سەربە گرێ سپی داگیرکراو لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ڕفێندران.

ناوەندی هەواڵ
بەگوێرەی سەرچاوە ناوچەییەکان ٣ ژن لەبەردەم کلینیکی دکتۆر ڕاکان لە شاری سلۆکی سەر بە گرێ سپی ڕفێندراون، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە چەتەکان بە ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم کلینیکەکە وەستاون، ژنەکانیان ڕفاندووە و بە خێرایی لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵهاتوون.
لەو ژنانەی ڕفێندراون تەنها ناسنامەی یەکێکیان دەزانرێت کە ناوی سەحەر محەمەد ئەلخەلوفە لە عەشیرەتی ئەلمەردات خەڵکی شارۆچکەی حەمامی تورکمانە کەلە ئێستادا داگیرکراوە.
ڕفاندنی ژنان لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەو ناوچانەی لەلایەن چەتەکانەوە داگیرکراوە زیادی کردووە، لە ٣٠ی تشرینی یەکەمدا لە کانتۆنی عەفرین سێ ئەندامی خێزانێک ڕفێندران کە دوانیان ژن بوون، لە پێشتریشدا چەندین ڕووداوی هاوشێوە ڕوویداوە کە دیار نییە ئەو کەسانە بەرەو کوێ دەگوازرێنەوە.
ت.پ