١٤هەزارو ٥١٣ عێراقی لە کامپی هۆل گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە زیاتر لە ١٤ هەزار کەس لە کامپی هۆل لە شاری حەسەکە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ٢٤ گروپ گواستراونەتەوە بۆ عێراق.

ناوەندی هەواڵ- وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە زیاتر لە ١٤ هەزار و ٥١٣ کەس لە کامپی هۆل لە شاری حەسەکە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا گەڕێنراونەتەوە، کە خێزانی چەتەکانی داعش تێیدا دەمێننەوە، ئەم گەڕانەوەیانە بە ٢٤ گروپی جیاواز ئەنجام دراون.
بەپێی ئەو داتایانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوبەشی کردووە، دوایین ئۆپەراسیۆنی گەڕانەوە لە ٢٩ی ئاداردا ئەنجامدراوە و ٦٨٠ کەسی تێدا بەشداربوون.
ئاماژە بەوەکراوە، پرۆسەی گەڕانەوەی خێزانەکان دوای پرۆسەیەکی چاکسازی کە لە نێوان ٤ بۆ ٦ مانگ دەخایەنێت، بەپێی پێویستییە تایبەتەکانی هەر بارودۆخێک ئەنجام دەدرێت.
کامپی هۆل کە دەکەوێتە شاری حەسەکە لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا یەکێکە لە گەورەترین کامپەکان، نزیکەی ٤٠ هەزار کەسی تێدایە، لەناویاندا خێزانی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا و وڵاتانی دیکەوە، ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە کە تێیدا هاتووە تا ساڵی ٢٠٢٧ هاوڵاتییانی عێراقی لە کامپی هۆل دەگەڕێنەوە.
هەرچەندە خۆبەڕێوەبەری باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کە ئاسایش بۆ کامپەکە دابین دەکەن، چەندین جار داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هاوڵاتیەکانیان لە کامپەکە بگەڕێننەوە، بەڵام ئەو بانگەوازانە بێ وەڵام ماونەتەوە.