موتەهەرە گونەی: ١٤ ژن لە زیندانی قەرچەک پێویستییان بە چارەسەری تەندرووستیی بە پەلەیە

موتەهەرە گونەیی، چالاکوانی ژنان لە ئێران دەڵێت: ٣٤ ڕۆژ بە بێ فەرمانی دادوەر بە توندوتیژی دەستگیر کرام، ١٤ ژن لە زیندانی قەرچەک دۆخی تەندرووستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی بە پەلەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

موتەهەرە گونەیی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، کە لەدوای ٣٤ ڕۆژلە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێنستاگرام چیرۆکی دەستگیرکردنەکەی و توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و بارودۆخی خۆی و خێزانەکەی باسکردووەو نووسیویەتی:  هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە چەک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەم و دەستدرێژییان کردە سەر ڕووخساری دایک و باوکە بە تەمەنەکەم و تەنانەت چەکیش بەکارهات و ئاسەواری فیشەک بە ماڵەوە دیارە، دواتر لە کاتی دەستگیرکردنم لەچکێکیان لە ملم پێچاو و لەسەر زەوی ڕایانکێشام و بە توندوتیژی مامەڵەیان لەگەڵ کردم، بەو هۆیەوە ئانیشکی دەستم شکاوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ماوەی ٣٤ ڕۆژ بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە و دواتر لە شەقامێک بە چاوبەستراوی ئازاد کراوە.

 

موتەهەرە گونەیی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ناوی ١١ ژنی بڵاوکردووەتەوە بە ناوەکانی “دوونیا حەسەنی، ئەرغەوان فەلاحی، پەرستوو هاشمی، دوونیا کەمالی، مینا، لیدا، شیدە، شەیدا، نوشین، سیسیل و زەینەب” لە زیندانی قەرچەک، كە بارودۆخی تەندرووستیان ناجێگیرە و پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەری بەپەلەی پزیشکی هەیە، وتی: ١٤ ژن لە زیندانەكە پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی خێرا هەیە، كە تەنها ناوی ئەو ١١ كەسەم بەردەست كەوتووە.

 

جێگای ئاماژەیە، موتەهەرە گونەیی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسیی پێشووی ئێران، لە ١٤ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە کاتی شەری نێوان ئێران و ئیسرائیل بەهۆکاری ئەمنی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و ڕەوانەی زیندانی ئەوین کرا، بەڵام دواتر بەهۆی بۆدوومانکردنی زیندانی ئەوین لە لایەن ئیسرائیلەوە، لەگەڵ زیندانیانی دیکەی سیاسیی بۆ زیندانی قەرچەک گوازرایەوە.