"پەرلەمانی عێراق بەدوای یاسایەکدا دەگەڕێت ژنان بخاتەوە سەردەمی تاریکییەوە"

مافناسان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دژی هەمووارکردنەوەی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ ناڕەزایەتی دەردەبڕن، پارێزەرێکیش دەڵێت: هەمووارکردنەوەی یاساکە ژنان لە وڵاتی خۆیان ناچار بە هەڵهاتن دەکات".

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- دوای ١٦ ساڵ هەوڵدان لەلایەن چالاکوانان و مافناسان بۆ هەمووارکردنەوەی یاساکان، بەڵام لە پەرلەمانەوە بە گرنگ نابینرێت و تا دێت بە هۆی بوونی بۆشایی یاساییەوە دۆخی کۆمەڵایەتی زیاتر تێکدەچێت، ئەگەرچی چالاکوانان لە هەوڵی هەمووارکردنەوەی یاساکاندا بن، بەڵام دەستوەردانی لایەنی مەزهەبی و بە تایبەت شیعەکان لە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقیدا، ناڕەزایەتی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

 

لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٤دا، لە پەرلەمانی عێراقدا پێشنیاری هەمووارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ پێشکەشکرا، بە پێی دەقی پێشنیار کراوەکان، ژنان و منداڵان بار و گوزەرانیان دەگەڕێتەوە بۆ شەش دەیە پێش ئێستا، هەمووارکردنەوەی ئەم ماددانە دەبێتە زیادبوونی کێشە کۆمەڵاییەتیەکان و قۆرخکردنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە، بارودۆخی عێراق بەرەو مەزهەبی شیعەگەرای دەڕوات و عێراقیش پێچەوانەی دیموکراسیەت ڕێچکە دەگرێت.

 

"هەمووارکردنەوەی یاساکان لە دژی ژنان و منداڵان بەکار دەهێندرێن"

نیگار عومەر، پارێزەری کارا لە دادگای سلێمانی، باس لەوەدەکات، هەبوونی یاساکان و هەمووارکردنەوەیان لەگەڵ گوزەرانی هاوڵاتیاندا یەک ناگرنەوە، هەمووارکردنەوەی یاساکان لە دژی ژنان و منداڵان بەکار دەهێندرێن، دەڵێت: لە دادگاکاندا ملکەچکردنی ژنان بەردەوامی هەیە، لە ڕێگەی هەبوونی هێنانی ژنی دووەم بەبێ ئاگاداری ژنی یەکەم و پاشان گێڕانەوەی ژنان بۆ لای هاوژینەکانیان بێ ویستی ژنەکە، هەروەها هەمووارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لە یاسای عێراقی دەبێتە هۆکاری زیادبوونی کێشەکانی ژنان و مداڵان، هەبوونی یاسای ١٨٨ی عێراقی بۆشایەکی گەورەی یاسایی دژ بە ژنان تێدا بەدی دەکرێت، کارکردن لەسەر هەمووارکردنەوەی یاساکە کێشە کۆمەڵایەتیەکان و پڕبوونی دادگاکانمان لە کێشە خێزانیەکان زیاتر دەکات. 

 

ئەو پارێزەرە وتی: گەڕانەوەی یاساکان بۆ هەبوونی تەیافەگەری لە عێراقدا بەرەو زیادبوون دەچێت، لە عێراقدا دەستباڵابوونی شیعەکان بووەتە هۆکاری گێڕانەوەی یاساکان بۆ ساڵەکانی سەردەمی تەیافەگەرایی، ئامانجیانە ژنانێکی ناهۆشیار بە نەبوونی خوێندەواری و هۆشیاری فکری پەروەردە ببێت، بارودۆخی عێراق بەرەو مەزهەبی شیعەگەرایی دەڕوات، ئامانجەکەشیان سەپاندن و کارپێکردنی ئەو مەزهەبەیە، کاتێک یاساکانیش لەسەر هەر مەزهەبێک جێبەجێ بکرێت، ئێمەی ژنان ناچار بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەکرێین، بە هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە، لە وڵاتی خۆماندا ژنان ناچار دەبن هەڵبێن بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئارام.

 

"جێبەجێکردنی یاساکان ڕێگە بە دادوەرەکان نادات بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ"

نیگار عومەر، پارێزەری کارا، ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەری بیروڕای مەزهەبی شیعە هۆکاری پێشێلکردنی مافی ژنانە لە عێراقدا، هەمووارکردنەوەی یاساکان و سەرجەم خاڵبەندیەکانی یاساکە دژی دەستوورن، دەشڵێت: لە بەندە دەستووریەکاندا گرنگی بە ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ دەدات، بەڵام جێبەجێکردنی یاساکان ڕێگە بە دادوەرەکان نادات بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، هەمووارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی هۆکاری سەرەکی نەمانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکردنە لە مافەکانی ژنان.

 

ئەو پارێزەرە، ئاماژەی بەوەشدا، بە پێی یاسا لە دوای جیابوونەوەی هاوسەرانەوە مافی لەخۆگرتنی منداڵ دەدرێت بە دایکان، بەڵام هەمووارکردنەوەی یاسای ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی هەبوونی ئەو مافە لە دایکان زەوت دەکات، وتی: هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان هۆکاری سەرلێشێواندن و خراپبوونی دەروونی منداڵە، بەڵام سەرهەڵدانی ئەم یاسایە ڕاستەوخۆ دوای هەڵوەشاندنەوەی خێزان منداڵ لە دایکی دووردخاتەوە و باوکان منداڵەکانیان لە خۆدەگرن، هەبوونی یاساکە مافی دایکایەتی و خۆشەویسستی پێدانی منداڵان دەکەوێتە مەترسیەوە.

 

"هەمووارکردنەوەکانی یاساکانی عێراق زیادبوونی فکری پیاوسالاری دەبێت"

ئەو پارێزەرە لە درێژەی قسەکانیاندا جەختی لەوەکردەوە، پەسەندکردنی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی ژیانی منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بەشێک لە یاساکە ڕێگە بە هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ دەدات، دەشڵێت: تەواوی یاساکان شەرعیەت بە پیاوان دەدەن ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن ٩ ساڵاندا بکات، ئەنجامدانی فرەژنی لە لایەن پیاوانەوە بەبێ ئاگاداری هاوسەرەکانیان ڕێگە پێدراو دەبێت، هەبوونی ئەم یاسایانە ژیانی ژنان و منداڵان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، پیاوان بۆ چێژی ژیانی خۆیان شەرعیەت دەدەن بە خۆیان هاوسەرگیری لەگەڵ کچانی تەمەن منداڵدا بکەن، ڕێگری لە ژنان و پەروەردەکردنی فکری و درێژەدان بە خوێندنیان دکەات، هێشتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی ماڵێکدا و بەخێوکردنی منداڵ و پیاوان دەبێتە هۆکاری دروست بوونی کۆمەڵگەیەکی نا تەندروست.

 

نیگار عومەر، لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: ئێمەی کورد کێشەمان نەبوونی کیانێکە، نەبوونی دەوڵەتی خۆمان هۆکاری تێکچونی بارودۆخی هەرێمی کوردستانە و بڕیار و قسەی یەکەم بۆ ئێمەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نی‌یە، بەڵام واتای ئەوەش نییە ئێمەی چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ بە تایبەتتر منداڵان و ژنان بێدەنگی هەڵبژێرین، پێویستە پارێزەران و مافپارێزانی منداڵان و ژنان یەک دەست و یەک هەڵوێست بین بۆ وەستانەوە دژی ئەم شێوازە هەمووارکردنەوەی یاسایانە لە عێراقدا، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بۆیە لە پێشینەی وەستانەوەی بەرامبەر هەمووارکردنەوەی یاساکان دەبێت، هەبوونی یاساکان دەبێتە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئەرکی هەر تاکێکی کوردە دژی هەمووارکردنەوەی یاساکان بووەستێتەوە.