یاساناسێکی کورد: دەوڵەتی تورکیا ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات
بەشیرە جەمال دین، هاوسەرۆکی یەکێتی گشتی پارێزەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و تاوانی قورس بەرامبەر گەلانی ناوچەکە ئەنجام دەدات.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کاتێک هیوای خەڵک بۆ دروستکردنی سووریای نوێ نەهاتەدی، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چەندین ڕۆژە شەڕی سەخت لە بەنداوی تشرین ڕوویداوە و خەڵک بە پێداگرییەوە پشتیوانی لە شەڕڤانانی قەسەدە دەکەن. لە ماوەی ١٦ڕۆژدا لە بەنداوی تشرین نزیکەی ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.
بەشیرە جەمال دین، هاوسەرۆکی یەکێتی گشتی پارێزەرانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دوایین دۆخی ناوچەکەی بۆ دەزگاکەمان هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هیوای خەڵکی ناوچەکە بەهێزتر بووە، گریمانەیان کردووە کە شەڕ کۆتایی دێت و سووریایەکی نوێ و یەکسان دادەمەزرێت، بەڵام سەرەڕای ئەو هیوایانە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامن و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە پێشێل دەکات، وتیشی: هەمووان دەزانن کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی نوێدا ڕووخا، ئەمەش هیوای گەلی سووریای بەهێزتر کرد، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا چڕتر بووەوە، لێرەدا دەپرسین بۆچی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییانە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە لەم بارودۆخە گۆڕاوەی سووریادا ئەنجام دەدرێت؟ بوونی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکی سووریا جێگای قبوڵ نییە، ئێستا حکومەتێکی کاتی هەیە و دەمانەوێت چارەسەری قەیرانی سووریا لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام بوونی دەوڵەتی تورکیا قەیرانەکە گەورەتر و قووڵتر دەکاتەوە.
"ئامانج جینۆسایدی گەلی کوردە"
بەشیرە جەمال دین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکە لەسەر بنەمای جینۆسایدی گەلی کوردە و هەروەها وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەیەوێت بەم هێرشانە گەلی کورد قڕ بکات، ئەو بزووتنەوە و ڕێکخراوانەی کە بە پێشەنگایەتی کورد دامەزراون و هەرکەسێک لە ژێر چەتری ئەواندا خۆی ڕێکخستووە، بە ململانێ لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەبینن، دەوڵەتی تورکیا جگە لە هێرشکردنە سەر خاکی سووریا و پێشێلکردنی یاسا هیچی تر ناکات و مافی هێرشکردن و داگیرکردنی ناوچەکەی نییە، پێویستە خاکی سووریا بەجێبهێڵێت، چونکە ئێمە ڕۆژانە کردەوە نامرۆڤەکانیان دەبینین، هەمیشە خەڵکی مەدەنی دەکوژن.
"دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی ٢٠١٩ پێشێل دەکات"
بەشیرە جەمال دین ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕێکەوتنی ئاگربەستی ٢٠١٩ پێشێل دەکات و دەبێت بەو پێیە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، وتیشی: ئەمریکا و ڕووسیا گەرەنتی ڕێککەوتننامەکانی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی قەسەدە و تورکیایان لە ساڵی ٢٠١٩ دا کرد، بۆیە پێویستە ئەمریکا و ڕووسیا لە ئاست بەرپرسیارێتی خۆیاندا بن و هەڵوێستی جددی نیشان بدەن و دەوڵەتی تورکیاش لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە پێشێلکاری و تاوانی جەنگ دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدات.
"لە بەنداوی تشرین خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکرێن"
لە کۆتایی قسەکانیدا بەشیرە جەمال دین سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە ئەمە نموونەی تاوانەکانی جەنگە و وتیشی: بەرخۆدانێکی مێژوویی لە بەنداوی تشرین ئەنجام دەدرێت، گەل پشتگیری منداڵ و خەباتکارانی خۆی دەکات بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان لە داگیرکاری، بەڵام کۆمەڵکوژ دەکرێن، ئەم کارانە لەبەردەم هەموو جیهاندا ئەنجام دەدرێن و بەڵگەدار دەکرێن، هەر بۆیە داوای ئێشکگری دەکەین، داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین بەپەلە کۆتایی بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی ناوچەکانمان بهێنن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن، بێدەنگی شەرمەزارییەکی مێژووییە، پێویستە هەمووان بوەستن و دەنگ بەرز بکەنەوە و ویژدانی خۆیان بە ئاگا بهێننەوە بۆ لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورکیا.