ژنانی دێرک هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکانیان دەدەن

پاسکیلسواری خەونی منداڵی چەندین ژنی ناوچەی دێرکە، بۆیە یانەیەک دادەمەزرێت تایبەت بە فێربوون و گەشتی پاسکیلسواری تایبەت بە ژنان بۆ بەدیهێنانی خەونی منداڵییان.

مەدينە مامەدئۆغڵو

ماردين- یانەی دێرک، لە شاری ماردینی باکوری کوردستان لەلایەن ژنانی ناوچەی دێرک بۆ پاسکیلسواری دامەزراوە، لەم یانەیەدا ژنان فێری پاسکیلسواری دەکرێن و ڕاهێنانیان پێدەکرێت دواتر بە پاسکیلسواری بەکۆمەڵ ئەنجام دەدەن.

 

سەڤدەت باقی، سەرۆکی یانەکە باسی لەوەکرد بە شێوازێکی گونجاو ژنان فێری پاسکیلسواری دەکرێن ولە ماوەی چەند مانگێکدا توانیویانە نزیکەی ١٥٠ ژن فێری پاسکیلسواری بکەن کە تەمەنیان لە نێوان ٧ تا ٧٠ ساڵیدایە، وتی: "ئامانجمان لە گەشتەکانمان بینینی سروشتی جوان و وەرزشکردنە لە سروشتدا".

 

"ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی ژنان"

سەڤدەت ئاماژەی بەوەدا لە ناوچەی دێرک لەدایکبووە بەڵام بە منداڵی پاسکیلسواری نەزانیوە و دواتر هەوڵی فێربوونی داوە، ئەو ژنانەی سەردانیان دەکەن بۆ فێربوون دەڵێن "فێربوونی پاسکیلسواری خەونی منداڵیمان بووە"، بۆیە نزیکەی لە ٨٠٪ی خەونی ژنانی ئەو ناوچەیەیان هێناوەتە دی.

 

کوبرا سۆیلەمەز، یەکێکە لە ئەندامانی یانەکە، وتی: "یانەکە سەرەتا بە چەند ژنێکی کەم دەستیپێکرد بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا توانی چەندین ژن بەشداری پێبکات، جگە لەمانەش ژینگەیەکی بەهێز و نوێبوونەوەی بۆ ژنان خوڵقاندووە".

 

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو ژنانەی سەردانی یانەکە دەکەن هەندێکیان بە زەحمەت دەگەنە شوێنی یانەکە یاخود لەلایەن کۆمەڵگاوە هێشتا ڕێگرییان لێدەکرێت و خەونی ژنان سنوردار کراوە، بەڵام ئەو ژنانە نەوەستاون لە هەوڵدان و ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەو فکرانە دەبنەوە کە تۆمەتباریان دەکەن بەوەی نەریتی کۆمەڵگایان شکاندووە، بە تایبەت ئەو ژنانەی تەمەنێکیان هەیە بەهۆی تەمەنەکەیانەوە ڕووبەڕووی قسەی کۆمەڵگا دەبنەوە بەوەی کە تەمەنیان هەیە و ناتوانن، بەڵام ئەو ژنانە بەهۆی ئەوەی زیاتر خۆیان ماندوو دەکەن بۆ فێربوون زیاتر چێژ لە پاسکیلسوارییەکە دەبینن.

 

ئەو ئەندامە باسی لەوەشکرد، هەرچەندە هێشتا ڕێگری زۆرە بەرامبەر بە ویستی ژنان بەڵام بەشێکی دانیشتووی هەرێمەکە لە ماوەیەکی کەمدا دەستیان کرد بە پشتگیریکردنی ئەو ژنانەی هەوڵی فێربوونی پاسکیلسواری دەدەن، وتیشی: "ساڵانی ڕابردوو هیچ ژنێک نەیتوانیووە بە ئاسودەیی پاسکیلسواری بکات بەڵام ئێستا ژنان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بتوانن خۆیان وەک ڕاهێنەری پاسکیلسواری کار بکەن و ژنانی دیکە فێربکەن".