نەبوونی مەلەوانگە لە کۆیە؛ داوای مەلەوانگەیەکی هەمیشەیی بۆ ژنان دەکرێت

لە کۆیە مەلەوانگە بۆ ژنان نییەو گرنگی بەم وەرزشەی ژنان نەدراوە، مامۆستایانی وەرزشی و ڕاهێنەرانی مەلەوانی ل کۆیە دەڵێن: پێویستمان بە مەلەوانگەیە بەردەوام کراوە بێت.

شلێر کۆیی

 

کۆیە-وەرزشی مەلەوانی تەنها شێوازێک نییە بۆ کاتبەسەربردن یان ساردکردنەوەی جەستە لە وەرزی هاویندا، بەڵکو بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین و گشتگیرترین چالاکییە جەستەییەکان دادەنرێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە. بۆ ژنان بە تایبەتی، مەلەکردن هاوسەنگییەکی بێوێنە لە نێوان هێزی جەستەیی و ئارامی دەروونیدا دروست دەکات. لە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆدا، پسپۆڕانی پزیشکی و ڕاهێنەرانی وەرزش زیاتر لە هەر کاتێک جەخت لەسەر گرنگی ئەم وەرزشە دەکەنەوە، چونکە مەلەوانی توانای هەیە لە یەک کاتدا وەک هۆکارێک بۆ ڕێکخستنی کێش، چارەسەری ئازارە درێژخایەنەکانی وەک فەقەرات، و دەروازەیەک بۆ ڕزگاربوون لە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کار بکات. لێرەوە، تێگەیشتن لە گرنگی مەلەکردنی ژنان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار و تایبەت بۆیان، دەبێتە هەنگاوێکی بنەڕەتی بەرەو بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر.

 

سودەکانی وەرزشی مەلەوانی بۆ ژنان

حەبیبە نیهاد، مامۆستا لەبەشى زانستى وەرزش  لە فاکەڵتى زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆی کۆیە، سەبارەت بە یارى مەلەوانى  و سودەکانى وتى: یارى مەلەوانى یەکێکە لەو یاریانەى کە سودى زۆرە کە لەبەشە وەرزشیەکان  دەخوێندرێت، ئەو جۆرە وەرزشە زۆر گرنگە بەتایبەت لە روى تەندرووستی جەستەیی و دەروونى، هەندێک لەوچارەسەریانە وسودەکانى بریتین بۆ نەخۆشیە درێژ خایەنەکان و کێش دابەزاندن و زۆر نەخۆشی دیکە هاوکات مەلەوانى بۆ هەردوو ڕەگەز زۆر پێویستە.

 

وتیشی: ئێمەى مامۆستایانى بەشى وەرزشى ئەو گرفتەى هەمانە سەبارەت بەنەبوونى هۆڵى مەلەوانى نێودەوڵەتى و لەناو زانکۆ مەلەوانگەیەک هەیە تەنیا لەو ماوەى پشووە کراوەتەوە کە دوومانگە ئەوەش سوودى نییە بۆ ئێمە، چونکە پێویستمان بە مەلەوانگەیە بەردەوام کراوە بێت، بەتایبەت لە سنوورى کۆیە خەڵکێکى وەرزش دۆست و رۆشنبیرن لەهەردوو رەگەز توانیویانە بە ئاستێکى باش فێرى مەلەوانى ببن، لەبوارى چارەسەرى نەخۆشیش چەندین نەخۆشمان هەیە پێویستیان بەمەلەوانیە، بەهۆى ئەوەى خۆم لەبەشى مەلەوانى کارم کردووە ئەو بەشداربەوانەى دێن ٥٠%ى بۆ چارەسەرى نەخۆشی دێن بۆ مەلەوانگە.

 

لە کۆیە مەلەوانگە بۆ ژنان نییە

مامۆستا حەبیبە نیهاد داوادەکقات کە مەلەوانگەی بەردەوام بکرێتەوە جا لەلایەن کەسانى حکومی بێت یان بازرگانان وەک شارەکانى دیکە گرنگى بەو بوارە بدرێت وتی: چونکە ئیمە ساڵانە رێژەیەکى زۆر لە دەرچووى پەیمانگاى وەرزشى و زانکۆمان هەیە دەتوانن بە کردنەوەى مەلەوانگە هەلى کاریان دەست بکەوێت، هاوکات داهات بۆ ئەوکەسانە دەگەڕێتەوە کە بەردەوام وهەفتانە ناچارن بچنە شارەکانى دەوروبەرى کۆیە بۆ مەلەوانیەک، بەوەش مەترسی رێگاو بان کەم دەبێتەوە و پارەیەکى زۆریشیان بۆ دەگەڕێتەوە، هاوکات بەکردنەوەى مەلەوانگە دەتوانین کەسانى ئەکادیمى پێ بگەیەنین تا کاتێک لە شوێنە گەشتیاریەکان لەرۆخ ئاوەکان مەلەدەکەن بێ ترس بن لەخنکان، چونکە ئیستا ڕێژەى خنکان زۆر زۆرە بۆیە گەر بە ئەکادیمى فێرى مەلەوانى ببن ئەو ڕێژەیە کەم دەبێتەوە، هاوكات ئێمە لە كۆمەڵگەی ئیسلامین ڕێگە پێدراونییە ژن وپیاو پێكەوە مەلەبكەن بەتایبەت لە شوێنی سەیرانگاو ڕووبارەكان بۆیە مەلەوانگەی داخراو بۆ ژنان زۆر پێویستەو باشترە هاوكات زۆربەی كات ژنان ڕووبەڕووی  گرفتی زۆری كیش دەبنەوە، زانست ئەوەی سەلماندووە كە كەمترین مەلەوانی دەبیتە هۆی سووتاندنی ٤٠٠كالۆری ئەوەش ریژەكی زۆرە، بۆیە ژنان ڕێنوێنی دەكەین بچنە مەلەوانی، چونكە زۆرباشە بەتایبەت بۆ حاڵەتەكانی دەرونی.

 

"کێشە جەستەیی و دەروونیەکانی ژنان بە مەلەوانی چارەسەر دەکرێت"

قەدریە حەمەد، مامۆستاو راهێنەری وەرزشی لە شاری كۆیە، سەبارەت بە سودی مەلەوانی وتی: وەرزشی  مەلەوانی چێژێكی تایبەتی خۆی هەیە هەستێكی زۆر خۆش بەو كەسە دەدات كە مەلەوانی دەكات، جگە لەوەش سودی زۆرە بۆ بەشێكی زۆر لە نەخۆشی، یەکێک لەوانە ئەوانەی توشی نەخۆشی فەقەرات بوون یان  گرژی دەمەرەكانیان هەیە (تەشەنوجات)  یان دەمارگیریان هەیە، هەوەها مەلەوانی بەچارەسەرێكی زۆر باش دادەنرێت بۆ ئەوانەی خەمۆكیان هەیە، یان كیشەیەكیان هەیە دەروونیان تەنگ دەبێت بەمەلەوانی هەموو ئەوانە دەتوانرێت چارەسەر بكرێت و كەسەكە دەتوانیت بگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی.

 

سەبارەت بەكاتی مەلەكردن قەدریە حەمەد پێوایە بۆ وەرزشی مەلەوانی كات وساتی بۆ نییەو هەموو كات پێویستە مەلەوانی بكرێت بەپێچەوانەی ئەوانەی وادەزانن تەنیا لە وەرزی هاوین دەبێت مەلەوانی بكرێت، بەهۆی نەبونی مەلەوانگەی بەردەوام لە شاری كۆیە ژنان ناتوانن ئەو وەرزشە گرنگە ئەنجام  بدەن و چێژی لێ ببینن، ئەوەی كە هەشە تەنیا لە وەرزی هاوین مەلەوانگە دەكریتەوە ئەوەش سودێكی وای نییە، بۆیە من ناچارم زۆربەی كات ژنەكانی هۆڵەكەم ببەم بۆ شاری هەولێر یان رانیە تا مەلەوانی بكەن بەتابەت ئەوانەشش دێن كە پزیشك ڕێنمایی كردوون مەلەبكەن بۆ نەخۆشیەكانیان، هاوكات ئەوەش مەترسی ڕێگاو بانمان لەسەر هاوكات خەرجیەكی زۆری دەوێت هەموو كەسێك ناتوانێت بەشداربێت و بچێت بۆ شاران تا کاتژمێرێک مەلەوانی بكات.