کچانی یانەی وەرزشی هەڵەبجە وەرزشی کاراتی بەرەو لوتکە دەبەن

لە مەراسیمێکدا یاریزانانی یانەی وەرزشی هەڵەبجە ڕێزلێنانیان پێبەخشرا و کچانەی یانەکە لە وەرزشی کاراتیدا خۆیان بۆ پاڵەوانێتی ئاسیا ئامادە دەکەن.

هەڵەبجە

 

لە مەراسیمێکدا بەشی کاراتی یانەی وەرزشی هەڵەبجە لە هۆڵی سەرخێڵ شەهید عەبدولڕەحمان خەڵات و ڕێزلێنانیان بەخشییە یاریزانانی پێشکەوتووی کچان و کوڕان کە توانیویانە پلەی یەکەمی یارییەکانی هونەری بەرگری کاراتی کوردستان بەدەستبهێنن.

 

لە مەراسیمەکەدا بڕوانامە بەخشرایە نزیکەی ٦٠ یاریزانی منداڵان و تازەپێگەشتووان لە کوڕان وکچان، هەروەها گۆڕانکاری لە ئاستی یاریزانەکاندا کرا، ڕێزلێنانیش بەخشرایە ٤٠ یاریزانی کچ و کوڕ کە لە بواری وەرزشی کاراتی هەڵەبجەدا هەوڵیان داوە بەرەو پێشکەوتن، لە میانەی مەراسیمەکەدا کچانی بەشی کاراتی یانەی وەرزشی هەڵەبجە، نمایشێکی بەرگری کاراتییان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

 

سەلار زەینەدین، یاریزانی یانەی وەرزشی هەڵەبجە، ماوەی ٦ ساڵە لە بواری کاراتی کاردەکات، باسی لە ڕاهێنان و یارییەکانیان کرد و وتی: کە کاراتیدا پشتێنە ڕەنگاوڕەنگەکان ئاستەکان دیاری دەکات، لە بەشەکەمان یاریزانی زۆر هەن و توانیویانە لە پشتێنی سپی و تاوەکو پشتوێنی ڕەش ببڕن، منیش توانیم ببمە خاوەن پشتوێنی ڕەش.

 

ڕێژیار دارا، پشتێنی ڕەشی پێبەخشرا و بووەتە ڕەش دال، باسی لەوەکرد کە لە سەرجەم پاڵەوانییەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە و لەناو سەرجەم یانەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لە پلەی یەکەمدان، خوازیاریشە کچان لەپێناو دەرونێکی ئارام و لەشێکی تەندروست ڕوو لە وەرزشی کاراتی بکەن.

 

بەشی کاراتی یانەی وەرزشی هەڵەبجە لە پاڵەوانێتییەکاندا چەندین جارە ئەنجامێکی باش بەدەستدەهێنێت و لە ئێستاشدا لە ئامادەکاریدان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی ئاسیا کە لە وڵاتی ئێران و لە شاری شیراز بەڕێوەدەچێت.