سێ ژنی شاری کۆیە بوونە براوەی ماراسۆنی ٢ کیلۆمەتری

بە بۆنەی یادی ٥١مین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی کوردستان، ماراسۆنێک بۆ تەمەنی ١٢-٥٠ ساڵ ساڵ ڕێکخرا و سێ ژن توانییان پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەدەستبهێنن.

کۆیە

 

دوێنێ، ١٧ی تشرینی دووەم، بە دروشمی "هەنگاوێک، لەپێناو ئاشتی و دژ بە جەنگ" مەراسۆنی ٢ کیلۆمەتری بۆ تەمەنی ١٢-٥٠ ساڵ، بە بۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتی لاوانی کوردستان و بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاکەوتنی میلی پاو لە شاری کۆیە ڕێکخرا.

 

لە ماراسۆنەکەدا ٥٠ ژن و پیاو لە تەمەن و توێژی جیاواز بەشدارییان کرد و لە کۆتاییدا سێ ژن توانییان پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەدەستبهێنن.

 

بێگەرد لاوە وەرزشوانە و بووە یەکەمی ماراسۆنەکە، بۆ ئاژانسی نوژنها دەڵێت: بە بۆنەی ئەم یادە بەشداریم کرد لە ئەنجامدانی ئەم مەراسۆنە، ماوەکەی دوو کیلۆمەتر بوو، لە شەقامی سەرەکی هەناری تاکو چوار ڕیانی مەلای گەورە درێژ دەبووەوە، خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، من وەک یاریزانێک ساڵانێکی زۆرە بەشداری چالاکییە وەرزشە جۆراوجۆرەکان دەکەم، بەڵام یەکەم ساڵە کە بەشداری ماراسۆن دەکەم، داواکارم لە کچان و ژنان بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن و توانا و بەهرەکانیان نیشانی هەمووان بدەن.

 

ئانیا ئاراز بچوکترین بەشداربووی پێشبڕکێکەیە و هیوای سەرکەوتن دەخوازێت و دەڵێت: من وەک بچوکترین کچ بەشداریم کردووە لەم ماراسۆنەدا کە لەلایەن هەردوو ڕێکخراو ئەنجامدراوە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و منیش بەشداریم کرد و توانیم وەک کچێک سەرکەوتن بەدەستبهێنم.

 

ماراسۆنەکە ڕۆژی هەینی، ١٧ی تشرینی دووەم بە دووری دوو کیلۆمەتر لە شەقامی سەرەکی هەناری شاری کۆیە دەستیپێکرد و لە چوار ڕیانی مەلای گەورە کۆتایی هات، بە درێژایی ماوەکە تیمی فریاگوزاری و هاتوچۆ بۆ پاراستنی بەشداربووان ئامادەبوون، لە کۆتاییشدا سێ ژنە یەکەمەکە خەڵات کران و ڕێزلێنان بە لایەنە هاوکارەکان بەخشرا.