وەرزشی "پیادەڕەوی" دەروازەیەکی سروشتی کە ژنان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە

بەشداربووانی یانەی پیادەڕەوی ئاماژەیان بەوەکرد، ڕاهێنانی پیادەڕەوی دەتوانێت مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییانە کەم بکاتەوە کە بەهۆی فشاری ژیانەوە دروست دەبن و ئاسوودەیی دەروونی و جەستەییان پێدەبەخشێت.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- پیادەڕەوی یەکێکە لە بەناوبانگترین وەرزشەکان لە تونس، بەتایبەتی لەلایەن ژنانەوە، چونکە وەرزشێکی ئاسان و سەلامەتترە کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەتوانن ئەنجامی بدەن.

 

لەم ساڵانەی دواییدا، ژمارەیەک لە ژنان لە تونس ئەو یانانەیان دامەزراندووە کە پێیان دەوترێت وەرزشی پیادەڕەوی بۆ شوێنە سروشتییەکان و دوور لە ژاوەژاو، لەوانە ناوچەی "بورج سەدریە" کە دەکەوێتە لێواری بورج بوفرنین، بە ئامانجی ڕاهێنانی پیادەڕەوی.

 

پیادەڕەوی ماسولکەی ژنان بە‌هێز دەکات

فادیە وسلاتی، یەکێکە لەو ژنانەی بەشداری ئەم وەرزشە دەکات و دانیشتووی گەڕەکی باشووری پایتەختی تونسە لە منداڵییەوە ڕاهێنانی پیادەڕەوی دەکات و دەربارەی ئەزموونی خۆی وتی: دوای خانەنشینبوونم لە کارەکەم کاتژمێرەکانی پیادەڕەویم زیاد کرد چونکە کاتێکی زۆرم هەیە، لەبەر ئەوەی حەزم لەم وەرزشەیە، لە سەرەتادا لە هۆڵەکانی وەرزشدا ئەنجامم دەدا، پاشان بیرم لە پێکهێنانی گروپێکی بچووک کردەوە کە ژمارەیەک ژن لەخۆبگرێت کە حەزیان لە پیادەڕەوی هەیە و پێیان باشترە لە دەرەوە ڕاهێنانی بۆ بکەن، بەتایبەتی کە لە نزیک ناوچەیەکی جوان دەژین و دەتوانین لە هەر کاتێکدا بێت بۆ ڕاهێنانی ئەم وەرزشە بڕۆین، ئەم وەرزشە یارمەتی ژنان دەدات ماسولکەکانی لەشیان بەهێز بکەن.

 

لە لایەکی دیکەوە، لەیلا مەحجوب وتی : ئەندامێکی کۆنی یانەی پیادەڕەویم، لەکاتی دامەزراندنی یانەکە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەشداریم لە چالاکییەکانی یانەکە کردووە، سێ جار لە هەفتەیەکدا ڕاهێنان دەکەین کە لە ڕۆژانی سێشەممە و پێنجشەممە و یەکشەممەدا بە ڕێژەی دوو کاتژمێر لە هەر پۆلێکدا دابەش دەکرێت، لە کۆتایی پیادەڕەویدا، چەند ڕاهێنانێکی دیکە ئەنجام دەدەین لەژێر سەرپەرشتی ڕاهێنەرێکی تایبەتمەند، لە هاویندا کاتێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە، ڕاهێنانەکە بە مەلەکردن لە دەریادا تەواو دەکەین.

 

ئەم وەرزشە بەدەر لە سوودە تەندروستییەکانی کۆبوونەوەو گفتوگۆکردنیشە

ئاماژەی بەوەشکرد، پیادەڕەوی لە بورج سەدریە هەموو تەمەنەکانی ژنان دەگرێتەوە، لە هەرزەکارەوە دەست پێدەکەن بۆ ژنان لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، ئەوان ئەم وەرزشە ئەنجام دەدەن بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی، هەروەها داوای لە ژنان کرد ئەو وەرزشە ئەنجام بدەن چونکە ژنان بەهۆی بەرپرسیارێتی و بارگرانییەکانیانەوە دەناڵێنن، جا لە ماڵەوە بن یان لە شوێنی کار، وتیشی: پیادەڕەوی دەروازەیەکی سروشتییە بۆ ژنان، بەتایبەتی چونکە دەتوانن لە بارودۆخێکی سەلامەت و ژینگەیەکی سروشتیدابن کە ئارامە و هیچ تێچوونێکی ماددی ناوێت، هەوای ئێرە خاوێنە کە تەندروستی و دەروونیان باشتر دەکات، هەروەها دەرفەتی ئەوەشیان دەداتێ کە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پێکبهێنن لەگەڵ بەشداربووان کە هەندێک جار کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر زۆر بابەتی هاوبەش.

 

سەبارەت بە بەشداریکردنی نەسیرە جەزائیری لە یانەی پیادەڕەوی، بەڕێکەوت بووە کاتێک لە کارەکەی خانەنشین بوو، وتی: کاتێکی زۆرم هەیە کە دەبووایە بە شێوەیەک بەسەری ببەم سوود بە تەندروستیم بگەیەنێت، ٨ مانگ لەمەوبەر دەستم بە پیادەڕەوی کرد، لەو ماوەیەدا شێوازی بیرکردنەوە و دەروونناسیم بە شێوەیەکی ئەرێنی گۆڕا، هەروەها یارمەتیدەر بوو بۆ بەدەستهێنانی بەهێزتر و گەشبینی و بیرکردنەوەی ئەرێنی.

 

"ڕۆحی ئاشنابوون و هاوکاری بەشداربووان زیادی کردووە"

عەلیا حەمیر جەنان هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونی بەشداربووانی دیکەو وتی:  لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بەشداری یانەی پیادەڕەویم کرد و بۆم دەرکەوت کە ئەم وەرزشە خۆش و تەندروستە و سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونیم هەبووە، ڕۆحی ئاشنابوون و هاوکاری لەنێو بەشداربوواندا زیادی کردووە، بۆیە کاتێک هەست بە ماندووبوون دەکەم، دەستێکی یارمەتیدەرم بۆ درێژ دەکەنەوە و هانم دەدەن بەردەوام بم و پاشەکشە ناکەم، چالاکییەکانیان تەنها بە پیادەڕەوی سنووردار نییە، بەڵکو لە کاتەکانی دیکەش کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک بابەتی ناوازە و ڕێکخستنی گەشت و بەشداریکردن لە ماراسۆن.