ژنان لە پێشەوەن

شاناز ھیرانی – سەرۆکی مەکتەبی گەشەپێدانی بیرو هۆشیاری

 

ھەڵبژاردنەکانی ئەوجارەی عێراق دەرچونی ژمارەیەکی بەرچاوی ژنانی بۆ ئەندامیەتی پەرلەمان بەخۆیەوە بینی، ژنان لە ململانێ و پێشبڕکێیەکی بەرفراوان دابوون لەگەڵ پیاواندا، لەکۆی ٣٢٤٣ کاندید ١٠٠٠یان ژن بوون لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، لە پێشھاتێکی چاوەڕون نەکراویشدا "٩٧" ژن توانیان ئەندامیەتی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، کە "٥٧" بەھێزی دەنگەکانی خۆیان و ژمارەیەکی بەھۆی سیستەمی کۆتا، بە پێی پشک و ڕێژەی ژن کە لە ٢٥% ە بەڵام ژنان "١٤" لەو ڕێژەی تێپەڕاند، لەھەرێمی کوردستانیش تا ئێستا "١٧" ژن توانیویانە ئەندامیەنی پەرلەمان مسۆگەر بکەن،  بەمەش بۆ یەکەم جارە لەمێژووی عێراقدا ژنان بەو کارایە و بە دەنگی خۆیان ھاوشێوەی پیاوان ئەو ژمارەیە دەستبەر بکەن.

 

بەشداریەکی ئازایانە، ئەو ڕستەیە بوو کە جێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق وەسفی ژنانی پێکرد لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا، ھەرچەندە ئاماژەی بە چەندین کردەوەی توندوتیژیش دا بەرامبەریان و پێشێلکردنی مافی بانگەشە کردنیان، لە وتەیەکیشدا لە کۆنگرەی ڕووبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە بەغداد لەماوەی ڕابردوو وتی: "ژمارەی بەشداری ژنان ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە، بەو پێیەی لە ٣٠% ن، ئەمەش دەبێتە ھۆی دەستەبەرکردنی ھاوسەنگی و یەکسانی لە دروستکردنی بڕیار لەو وڵاتە".

 

دیاری یەکێک لەو ھۆکارانەی وایکرد ژنان بەو شێوەیە فراوانە خۆیان کاندید بکەن، سیستەمی بازنەکانی ھەڵبژاردن بوو، کە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە کرایە پێوەرو دەرگایەکی بەڕووی ژنان کردەوە و ھان بدرێن زیاتر بێنە ناو کایەی سیاسیەوە، لە ھەڵبژاردنی رابردودەوە رێگە خۆش بوو ژنان بەشداری بکەن لەشانۆی سیاسیدا، ھەرچەندە زۆرێک لەو ژنانە سەرباری گەیشتنیان بە پەرلەمان، کەچی بەشداریەکی کارایان نەبوە لە دروستکردنی بڕیار یان یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسازەکان و نەیانتوانیوە بگەن پۆستە باڵاکانی وەکو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆک کۆمار، رەنگە ھۆکارەکەی زیاتر بگەرێتەوە بۆ خودی ژنان، کە نەیانتوانیوە ئامادەیەکی تەواویان لە روداوەکاندا ھەبێت.

 

مێژووی بەشداری سیاسی ژنان لە عێراق

دوای ساڵی ٢٠٠٣ و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی حوکمی راگوزەر سێ ژن وەکو ئەندام لەکۆی ٢٥ ئەندام دەستنیشان کرا بۆ ئەندامیەتی لەو ئەنجومەنە، لە یەکەم کابینەی وزاریش دوای روخانی رژێمی سەدام، ژنان چوار وەزارەتیان لەکۆی ٣١ وەزارت وەرگرت، لە ماددەی "ج" لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەماوەی راگوزەردا دەستبەرکردنی رێژەی ژنان جێبەجێکرا.

پاشان مادەی سێ بە ژمارە ٩٦ لە حکومەتی ئیتلافی "یاسای ھەڵبژاردنەکان" لە کۆی سێ پیاو دەبوایە ژنێک کاندید بێت و لەناو لیستەکاندا ھەبێت، لەئەنجامی ئەو یاسایە ٨٧ ئەندامیەتیان ھەبوو لەکۆی ٢٧٥، بۆیە لەو مێژووە بەدواوە ژنانی عێراقی بونە ژمارەیەکی گرنگ لە پڕۆسەی سیاسی و رێژەی ٢٥% جێگیر کرا و چیتر نەتوانرا ئامادەیی ژن فەرامۆش بکرێت و دوور بخرێتەوە لە واقیعی سیاسی و دۆخ و ئایندەی عێراق.

ھەرچەندە زۆرجار پارتە سیاسیەکان ژنان وەکو کەرەستەیەکی ریکلامی بۆ دیموکراسیەت بەکاردێنن، زۆرجاریش عورفەکانی کۆمەڵگە و داب و نەریت و بیری خێلایەتی زاڵ، بەربەستی سەرەکین لەبەردەم ژنان، کۆمەڵگەی عێراقی تا ئێستا کۆمەڵگەیەکی داخراوەو نەتوانراوە بە شێوەیەکی فراوان دەربازی ببێت لەو کۆت و بەندانە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی پێشوتر ژنانیش ھۆشیارترن، بەتایبەتی پاش پاشەکشەکردنی کلتوری کۆمەڵگەی تەقلیدی و خێڵایەتی و پێشکەوتنەکانی لەڕووی ھۆشیاریەوە لەناو کۆمەڵگە و خێزانەکاندا، بۆیە چاوەڕی دەکرێت ئەمجارە ژنان لەناو ھۆڵی پەرلەمان دەنگیان دلێرتر بێت و ئامادەییەکی زیاتریان ھەبێت لەسەر کۆی پرسەکان.