سارە گلبێرت کە ڕۆڵی هەبوو لە بەرهەمهێنانی ڤاکسین هۆشداری دەدات

سارە گلبێرت كە یەكێكە لەو كەسانەی رۆڵی هەبوو لە بەرهەمهێنانی ڤاكسینی ئەسترازینیكا هۆشداری دەدات کە پەتای کوشندەتر سەرهەڵدەدات.

ناوەندی هەواڵ


سارە گلبێرت زانای بەریتانی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد رایگەیاند، پەتای داهاتوو لەوانەیە زۆر لە پەتای كۆرۆنا كوشندەتر بێت، لەوانەیە بڵاوبوونەوەی زۆر خێراتر بێت یاخود كوشندەییەكەی زیاتر بێت، لەوانەیە هەردووكیشیان بێت.
 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە تا ئێستا پارەی پێویست بۆ ئامادەكاریی بۆ پەتاكان دابین نەكراوە، پێویستە ئەو دەستكەوتانەی لە نەهامەتییەكانی كۆرۆنا بەدەستهاتوون و ئەو زانیاریانەی كۆكراونەتەوە لەدەست نەدەین.


سارە سەبارەت بە نەوەی "ئۆمیكرۆن"ی كۆرۆنا باسی لەوە كرد کە چەندین گۆڕانكاری لەخۆیدا كردووە كە بووەتە هۆی ئەوەی خێراتر بگوازرێتەوە، هەروەها گۆڕانكاری تریشی لەخۆیدا كردووە لەوانەیە ببنە هۆی ئەوەی چالاكی ڤاكسینەكان كەمتربن، بۆیە پێویستە تاوەكو زانیاری زیاتر دەست دەكەون هۆشیاربین و هەنگاوەكان بۆ خاوكردنەوەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەوەیە بگیرێتەبەر.