چۆن ژنان ڕووبەڕووی کاریگەرییە دەروونییەکانی شێرپەنجەی مەمک دەبنەوە

گونجاندنی دەروونی و کۆمەڵایەتی نەخۆشێک لە کاتی شێرپەنجەی مەمک  جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوانەی فێری ژیانکردن دەبن لەگەڵ کەمئەندامی یان نەخۆشێکی دیکەی کوشندە، هاوڕێ و خێزان و هاوکاران دەبێت ئاگاداری ئەو ژینگە سۆزدارییە بن کە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دابینی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، شێرپەنجەی مەمک لە ساڵی ٢٠٢٠دا کاریگەری لەسەر ژیانی ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ژن لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە و تەنها لەو ساڵەدا ٦٨٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوەی کەمتر بەڵگەی لەسەرە، ئەو زیانە دەروونیانەیە کە نەخۆشییەکە بەسەر رزگاربووان و خێزانەکانیاندا دەیگەیەنێت.

 

لە سعودیە شێرپەنجەی مەمک ٪٣١ سەرجەم دەستنیشانکردنی شێرپەنجە پێکدەهێنێت، بەمەش دەبێتە باوترین جۆری نەخۆشییەکە، هەرچەندە مەمۆگرافی لە ساڵی ٢٠٠٢دا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ٪٥٥ حاڵەتەکان لە قۆناغێکی درەنگدا دەستنیشان دەکرێن، ئەمەش ئەگەری چاکبوونەوە کەمدەکاتەوە.

 

چەندین توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ٪٢٠-٣٠ی ئەو ژنانەی کە تووشی شێرپەنجەی مەمکی ناوچەیی دەبن کە دەستنیشان دەکرێن و چارەسەر دەکرێن، ترسێکی بەردەوام لەنێو رزگاربووان هەیە کە شێرپەنجەکەیان بگەڕێتەوە.

 

دۆزینەوەی ستراتیژییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دروست دوای دەستنیشانکردن و لە ماوەی گەشتی شێرپەنجەدا دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دەرئەنجامەکانی چارەسەرکردن و ڕێژەی مانەوە هەبێت، شێرپەنجە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەموو کایەکانی ژیان هەیە، وەڵامی جۆراوجۆری سۆزداری و ڕەفتار دەوروژێنێت.

 

گونجاندنی دەروونی-کۆمەڵایەتی نەخۆشێک لە کاتی شێرپەنجەی مەمک و دوای شێرپەنجەی مەمک جیاوازی نییە لەگەڵ ئەوانەی فێری ژیانکردن دەبن لەگەڵ کەمئەندامی یان نەخۆشێکی دیکەی کوشندە.

 

پزیشکێکی سعودی باسی لە دۆخی توشبووانی شێرپەنجە دەکات و نەخۆشانی شێرپەنجە دەکاتە دوو پۆلی فراوان: ئەوانەی توانای ڕووبەڕووبوونەوە و زاڵبوونیان باشترە، کە توانای ئەوەیان هەیە نەخۆشییەکە قبوڵ بکەن و خۆیان لەگەڵ چارەسەرکردندا بگونجێنن، هەروەها ئەوانەی ماوەیەکی زۆر لە قۆناغی ئینکاریکردندا بەسەر دەبەن، کە بەزۆری تووشی گێژاوی سۆزداری توند دەبن.

 

پۆلی یەکەمیان، یەکەمیان کەمتر تووشی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ، کێشەی خەو، لاوازی سۆزداری یان کێشەی باری دەروونی دەبن، هەروەها ئەم جۆرە نەخۆشانە باشتر ڕووبەڕوودەبنەوە، بۆ نموونە چالاکییەکانی ڕۆژانەیان تا دەتوانن بەردەوامی پێدەدەن کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە یارمەتی هاوسەنگکردنی فشارەکانیان دەدات.

 

پۆلی دووەمیان، زۆرجار هاوکاری چارەسەرکردنیان ناکەن، بەدواداچوون لەگەڵ پزیشکەکاندا ناکەن و ڕەتیدەکەنەوە، هەروەها تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و گێژاوی سۆزداری و کێشەی خەو و تێکچوونی خواردن دەبن.

 

 ئەو جۆرە نەخۆشانە ئەگەری زۆرە تووشی خراپ بەڕێوەبردنی توڕەیی ببن، چونکە ناتوانن هەستەکانیان ڕێکبخەن و گۆشەگیردەبن یان توڕە و کێشەدار دەبن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تر.

 

 چەند ساڵێک لەمەوبەر، عومەیمە ئەلتەمامی، کەسایەتییەکی میدیایی بوو بە نووسەر لە سعودیە، دەستی کرد بە شەڕ لەگەڵ شێرپەنجەی مەمک، کە بەهۆی هەڵە دەستنیشانکردنەوە درەنگ بە نەخۆشییەکەی زانیبوو، پشتگیری هاوڕێ و خێزانەکەی یارمەتی دا لە تێپەڕاندنی و ئاماژەی بەوەکردووە کە توشبووانی شێرپەنجە پێویستیان بە بەزەیی نیە لەبری ئەوە پێویستیان بە گفتوگۆی ڕاستگۆیانە و کراوە هەیە بۆ ئەوەی  نەخۆشییەکە چارەسەر بکەن.

 

لەڕاستیدا هاوڕێ و خێزان و هاوکاران دەبێت ئاگاداری ئەو ژینگە سۆزدارییەبن کە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دابینی دەکەن، کاردانەوەی سەرەتایی بۆ زۆربەیان هاوسۆزییە، کە دەتوانێت کاریگەری گەورەکردنی ئاڵۆزی لەسەر نەخۆشەکان هەبێت.

 

شێرپەنجە بە نەخۆشییەکی بێبەزەیی دادەنرێت بەتایبەتی بۆ ژنان چونکە مووەکان هەڵدەوەرێن، ڕەنگی پێست زەرد دەبێت و سیماکانت نامێنن، بەزەحمەت خۆت دەناسیتەوە و جەستە پڕ دەبێت لە ژەهرەکانی کیمیایی هەندێک جاریش ئەندامێکی جەستە لەدەست دەدات.

 

لە هەموو ئەمانەدا، پشتگیری کەسە نزیکەکان زۆر گرنگە  کە پاڵت پێدەنێت بۆ ئەوەی بەرگەی ئازارەکان بگری، بۆئەوەی زیاتر بچیتە دەرەوە و جیهان ببینیت و لە زیندانی نەخۆشییەکە دەربچێت.