هۆشیاری تەندروستی زاوزێ بەرچاوترین خزمەتگوزارییەکانی کلینیکی شەهید میدیایە

چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی ژنان، چاودێریکردنی دووگیانی، پێشخستنی چەمکی تەندروستی زاوزێ، دیارترین خزمەتگوزارییەکانن کە لەلایەن بەشی ژنانەوە لە کلینیکی شەهید میدیا لە ڕەققەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشکەش دەکرێن.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی مەدەنی لە ڕەققە، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ کلینیکی شەهید میدیای کردەوە، کە دەکەوێتە گەڕەکی کوردنشین لە بەشی باکووری شاری ڕەققە، ٩ لقی سەر بە خۆی هەیە کە لە گوندەکانی ڕەققە دابەشکراون، چەند بەشێکی هەیە، لەوانە گشتی و منداڵان، هەروەها بەشێکی تایبەت بۆ ژنان کە هەموو خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان پێشکەش دەکات، لەوانە دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی دووگیانی، جگە لە دابینکردنی دەرمانی بێبەرامبەر، هەروەها پێدانی ڕێنمایی و ئامۆژگاری سەبارەت بە گرنگی تەندروستی زاوزێ بۆ ژنان.

 

سەبارەت بە ئامانجی کردنەوەی کلینیکێکی تایبەت بۆ ژنان، جەنان عیسا، کارگێڕ لە فەرمانگەی چاودێری تەندروستی دەستەی تەندروستی وتی: دەستەبەرکردن و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پزیشکی و دەروونییەکان بۆ ژنان ئامانجی یەکەمە، بەهۆی نرخی گرانی ڕاوێژکاری و دەرمان، کلینیکی ژنان بووەتە شوێنی مەبەستی زۆرێک لە ژنان کە توانای کڕینی دەرمان و چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانەو کلینیکە تایبەتەکان نییە.

 

"کاتێک ژن تەندروست بێت لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، کۆمەڵگە تەندروست دەبێت"

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان لە ڕووی تەندروستی جەستیەیی و دەروونییەوە گرنگەو وتی: ژن بە بنەمای بونیادنانی بنەڕەتی کۆمەڵگە بە بەشێکی جەوهەریی ئەو کۆمەڵگەیە دادەندرێت، پێویستە هۆشیاربکرێتەوە لە زیان و مەترسییەکانی نەشتەرگەری قەستەرە و یەک لە دوای یەک لەدایکبوونەکان بۆ تەندروستی خۆیان، هەروەها گرنگی پابەندبوونیان بە تەندروستی زاوزێیەوە بۆ ئەوەی تەندروستی دەروونی و جەستەیی خۆیان بپارێزن، کاتێک ژن تەندروست بێت لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، کۆمەڵگە تەندروست دەبێت.

 

"ئامۆژگاری دەروونی و ڕێنمایی تەندروستی پێشکەش بە ژنان دەکەین"

سەبارەت بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەلایەن کلینیکی ژنانەوە، لەیلا قاسم، مامانی یاسایی وتی: ئامێری ڕێگری لە دووگیانیمان هەیە، بۆ نەشتەرگەرییەکان، چ نەشتەری سروشتی بێت یان قەیسەری، ئیکۆمان هەیە بۆ دیاریکردنی دووگیانی و چاودێری بارودۆخ و تەندروستی کۆرپەلە بە درێژایی مانگەکانی دووگیانی جگە لە دابینکردنی هاندەر و بەهێزکردنی گشتی بۆ ژنانی دووگیان و ئەوانەی بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆراکی کۆرپەکەی بدات و قەرەبووی هەموو ئەو شتانە بکاتەوە کە لە ماوەی مانگەکانی دووگیانیدا لەدەستیداوە، ئامۆژگاری دەروونی و ڕێنمایی تەندروستی پێشکەش بە ژنان دەکەین لەڕێگەی تیشک خستنە سەر کاریگەرییەکانی سترێس و نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی لەسەر تەندروستی ژنانی دووگیان و شیردەر، کە ڕەنگە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی شیرەکە و بەم شێوەیە تەندروستی کۆرپەلە تێکدەدات، تا دەتوانین هەوڵدەدەین بە گوێگرتن لێیان، ئەمانەش بە نهێنی لە نێوان نەخۆش و ڕاوێژکاری دەروونیدا ئەنجام دەدرێن.

 

لەیلا قاسم ئاماژەی بە گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ چەمکی تەندروستی زاوزێ کردو وتی: هەوڵدەدەین ژنان بناسێنین و هۆشیاریان بکەینەوە لە گرنگی پاراستنی تەندروستی جەستەیی خۆیان، هەروەها لە کاردانەوەی نەرێنی کە لە ئەنجامی هاوسەرگیری لە تەمەنی زووەوە دروست دەبێت، کە پێکهاتەی جەستەیی ناتوانێت بەرگەی مەرجەکانی ژیانی هاوسەرگیری بگرێت، بەو پێیەی ئامادەی دووگیانی و شیرپێدان نییە، هەروەها مەترسییەکانی منداڵبوون لە تەمەنێکی بچووکدا، جگە لە لەدایکبوونی یەک لە دوای یەک و زیانەکانی بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونییان،. ژنان بناغەی کۆمەڵگەن، پاراستنی تەندروستییان پێویستییەکی گرنگە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی تەندروست.

 

سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەی بۆ دەرمانخانەکە، یەکێک لە نەخۆشەکان بە ناوی فاتمە ئیبراهیم وتی: ماوەی سێ ساڵە هەموو مانگێک دێمە دەرمانخانەکە بە ئامانجی پشکنینی باری تەندروستی لە کاتی دووگیانیدا، تێچووی پشکنین و دەرمانیش بێبەرامبەرە، بۆ من گونجاوە بەتایبەتی کە توانای داراییم نییە بچمە کلینیکە تایبەتەکان، کلینیکی ژنان هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و دەرمان بۆ ژنان دابین دەکات، جگە لە پێشکەشکردنی ڕێنمایی دەروونی و ڕاوێژکاری تەندروستی بۆ ژنان و دایکان، شێوازی مامەڵەکردن لەلایەن پەرستارانەوە بێت یان پزیشکەکانەوە،  ئاسوودەیییەکی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە ئێمە هەست بە چی دەکەین یان بەدەست چی دەناڵێنین.