هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامە، ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە زیاتر لە ١٨ هەزارە

لە هێرشەکانی ئیسرائیل کە لە ٧ی تشرینی دووەمەوە بەردەوامە، ١٨ هەزارو ٢٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە لەناویاندا ٧ هەزار و ٧٠٠ منداڵ، ٥ هەزارو ١٥٠ ژن هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بەردەوامە و بەپێی زانیارییەکانی تەندروستی غەززە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا لە ماڵ و نەخۆشخانەکان و دامەزراوەکانی پەروەردەدا گیانیان لەدەستداوە ١٨ هەزارو ٢٠٥ کەسە، بەلایەنی کەمەوە ٧ هەزارو ٧٠٠یان منداڵن و  ٥ هەزارو ١٥٠یان ژنن، دەوترێت هەزاران تەرمیش لە ژێر داروپەردووەکاندا هەن.

 

سوپای ئیسرائیل هێرشی تۆپخانەی قورس ئەنجام دەدات بۆ سەر شارۆچکەی جیبالیە لە باکووری غەززە و شاری خان یونس لە باشووری غەززە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ڕەفە لە باشووری غەززە ئەنجامدا، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فەلەستین؛ لە هێرشەکەی سەر شاری ڕەفە، ١٢ کەس لەنێویاندا ٦ منداڵ لە گەڕەکی ئەززوور دەژین گیانیان لەدەستدا، هیچ زانیارییەک دەربارەی ناسنامەی ئەو فەڵەستینیانە بڵاونەکراوەتەوە کە گیانیان لەدەستداوە، لە هێرشەکەدا ژمارەیەکی زۆر کەس بریندار بوون.

 

نەخۆشخانەی کەمال ئەدفان گەمارۆدرا

ئەحمەد کەلوت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال ئەدفان لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئیسرائیل نەخۆشخانەی کەمال ئەدفانی لە بەیت لاهیە گەمارۆ داوە و ژیانی ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانەکەدان لە ژێر مەترسیدایە، سوپای ئیسرائیل نەخۆشخانەکەی بە تانک گەمارۆ داوە و هەموو ڕێگاکانی نەخۆشخانەکەی کردووەتە ئامانج.

 

"بەشی لەدایکبوون و نەخۆشی ژنان بە ئامانج گیرا"

ئەحمەد کەلوت وتیشی: هێزەکانی ئیسرائیل لە نزیک نەخۆشخانەکە جێگیرکراون هەموو ئەو کەسانەیان کردووەتە ئامانج کە هەوڵیان داوە بچنە نەخۆشخانە یان نەخۆشخانەکە بەجێبهێڵن، سوپای ئیسرائیل بەشی لەدایکبوون و نەخۆشی ژنانی لە نەخۆشخانەکە کردووەتە ئامانج و ڕایگەیاند دوو ژن لەگەڵ منداڵەکانیان لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداو و قاچی ژنێکییش بریندار بووە، ئیسرائیل تانکییەکانی ئاوی نەخۆشخانەکەی کردووەتە ئامانج و ئاوی نەخۆشخانەکە بە تەواوی بڕاوە و ئاوی خواردنەوە و پاککردنەوە نەماوە.