"ژنان بەرەنگاری نەخۆشی شێرپەنجە دەبنەوە"

پزیشک نارین نەوزاد، ئاماژەی بەوەکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک، پێویستە ژنان زیاتر گرنگی بە جەستە، شێوازی ژیان و پشکنینی بەردەوام بدەن.

سلێمانی

 

نەخۆشی شێرپەنجە مەمک یەکێک لەو نەخۆشیانەی زیاتر ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، هۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ژیان، خواردنی ناتەندروست و گرنگینەدان بە وەرزش، لە ئێستادا بە هۆی ئەو سیستمی بۆ هاوڵاتیانیان دروست کردووە و کار لەسەر تەندروستی دەکات، بۆتە هۆی نائارامی دەروونی تاکەکەن و توشبوونیان بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، کۆمەڵگەیەکی ناتەندروستیش جەستەیەکی ناتەندروست بەرهەم دەهێنێت، لەپاڵ ئەم هۆکارانە دەکرێت ژنان زیاتر گرنگی بە باری تەندروستی جەستەی خۆیان بدەن.

 

"بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە پێویستە پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت"

نارین نەوزاد، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر، سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک و هۆکارەکانی ڕوونیکردەوە، شێرپەنجەی مەمک وەک نەخۆشیەکانی تر پشکنینی پێشوەختەی پێویستە ئەگەر ئەم نەخۆشیە زوو پشکننی بۆ کرا، نەخۆشیەکە دیاری کرا ئەوا دەتوانرێت کۆنتڕڵ بکرێت، باسی وەشکرد زۆر کەس هەیە ئەم نەخۆشیەی تێپەڕاندووە و زاڵبووە بەسەریدا، دواتر چارەسەری تەواوی وەرگرتووە، تاکۆتا هەوڵی خۆی جەنگاوە لەگەڵ نەخۆشیەکەدا، لەگەڵ ئەوەی ئەم نەخۆشیە پێویستی بە چارەسەری کیمیایی هەیە، هەندێک کاتی پێویست دەکات بە نەشتەرگەری چارەسەر بکرێت بۆ ئەوە زیاتر تەشەنە نەکات بە جەستەدا.

 

"بەهۆی ناڕێکی و تێکچوونی هۆڕمۆنەکان، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی شێرپەنجە دەبنەوە"

نارین نەوزاد، ئاماژەی بەوە کرد ژنان بە بەراودر بە پیاوان زیاتر توشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، بەهۆی ئەو هۆڕمۆناتانەی کە لە ژناندا زیاترە، ئەو خانانەی کەلە مەمکی ژناندا هەیە جیاوازە، لەبەر ئەو هۆکارانە ژنان دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن، وتیشی: لە پیاوانیشدا ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک هەیە بەڵام ڕێژەکەی بە بەراورد بە ژنان کەمترە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی پشکنن بۆ دیاریکردنی ئەم نەخۆشیە لە پیاواندا قورستر، هەروەها زووتر نەخۆشییەکە بە جەستەیاندا بڵاو دەبێەوە، بەهۆی ئەوەی خانەکانی لە ژێر پێستیاندا تەنکە، ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر پەردەی سنگی، تەنانەت سیەکان و ماسولکەکانی  دەوروبەری سنگ دادەپۆشێت.

 

"هەندێک نەخۆشی مەمک هەیە مەترسیدار نییە و چارەسەری ئاسانە"

پزیشک نارین نەوزاد، باسی لەوەکرد نەخۆشیەکانی مەمک دەکرێن بە دوو جۆرەوە، جۆری هەیە پاکە مەترسی نییە، بەڵام جۆری دیکەی هەیە دەبێت لە ژیر چاودێریدا بێت و بەدواداچوونی بۆ بکرێت، وتی: ئەم نەخۆشیە لە ساڵانی ڕابردوودا بەپێی پرۆگرامی جیهانی، لە تەمەنی ٤٥ بۆ ٥٠ ساڵیدا هاوڵاتیان توشی دەبوون.

 

لە ڕێگەی پشکنینی مامۆگرافی و سۆنەرەوە نەخۆشییەکان دیاری دەکران، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا پەیرەوی و پرۆگرامی جیهانی گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، چونکە نەخۆشی شێرپەنجە تەشەنی کردووە و گەنجانیش توشی دەبن، لەبەر ئەو هۆکارانەیە لە ئێستادا لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا مامۆگرافی بۆ نەخۆش یاخود ئەو کەسانەی گومانی ئەو نەخۆشییەیان لێدەکەن بۆیان ئەنجام دەدرێت.

 

هۆکاری بۆ ماوەیی یەکێکە لە ڕێگەکانی گواستنەوەی شێرپەنجە

پسپۆڕی نەخۆشیەکانی مەمک، باسی لەوەش کرد، هۆکارەکانی توشبوون بەم نەخۆشیە، هەندێک کات  بۆماوەییە، واتا لە بنەماڵەکەیدا نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە بێجگە لە شێرپەنجەی مەمک، لێرەدا پێویستە پشکنینی بۆماوەیی بۆ نەخۆشەکە ئەنجام بدرێت وتیشی: مەرج نییە ئەو کەسەی لە خێزانەکەیدا تووشبوی نەخۆشی درێژ خایەن بێت، هەڵگری نەخۆشیەکە بێت، هۆکاری دیکەی هەیە و نەزانراوە، هەندێک کات پەیوەندی بە کەش و هەواو و جۆری خواردن، یاخود شێوازی ژیانکردنی تاکەکانەوە هەیە، یاخود تێکچونی هۆڕمۆنەکان، هەندێک کاتیش خانەی پاکی خۆڕسک دەگۆرێت بۆ نەخۆشی کوشندە.

 

 "گرنگیدان بە جەستە و  ئارامکردنەوی دەروون، هێز لە نەخۆشانەی شێرپەنجە زیاد دەکات"

پزیشک نارین نەوزاد، ئاماژەی بەوە کرد، ژنان گرنگە ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و چاودێری بکەن، چونکە زۆربەی ژنان خۆیان پشتگوێ دەخەن بە هۆی سەرقاڵبونیان بە پەروەردەکردنی منداڵ و ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانەیان، لە بەرامبەردا بەشێکی ژنان هۆشیارن و بەدواداچوون بۆ نەخۆشیەکانی جەستەیان دەکەن، وتی: ژنان پێویستە وەرزش بکەن و خۆیان لە خواردنی چەور بە دوور بگرن، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆئەوەی لەش پاک بکەنەوە و دووربن لە نەخۆشی، ئەم خۆپارێزیانە بەرگری لەش بەرامبەر ئەوخانە ناسروشتیە چالاکانەی لە جەستەدا دورست دەبن بەهێز دەکات.

 

لەکۆتا قسەکانی، پزیشک نارین نەوزاد ، ڕێنمایی پێشکەشی ژنان کردوو وتی: ژن نابێت بترسن لە هەر بارودۆخێک کە لە تێكچونی تەندروستی جەستەیان دروست بوونی هەر ئازارێک یاخود هەست کردن بەهەر گۆڕانکاریەک لە جەستەیاندا کە ڕوودەدات، بەڵکو پێویستە بەزووترین کات پشکنین بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری خێرا وەربگرن و بتوانن زاڵبن بەسەریدا.