"لە حوزەیراندا هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا لە ١٨ وڵاتدا تۆمار کراوە"

ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا تۆماركراوە، ١٦٠ كەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

كۆلێرا نەخۆشییەكی مەترسیدارە كە بەهۆی ڤایرۆسی تووشبوونی Vibrio colerae دروست دەبێت، هەوكردنەكە كاتێك ڕوودەدات كە لەگەڵ خۆراك یان ئاودا بچێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە.

 

ئەم ڤایرۆسە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەواو کەم بوونەوەی ئاو لە هەندێک لە وڵاتان و پیسبوونی ئاو و ژینگە زیاتر بووەو مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دروست کردووە.

 

ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی لە بارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا و ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون لە جیهاندا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەزاران حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا تۆماركراوە، بەڵام ژمارەی تووشبووان لە مانگی حوزەیران بە بەراورد بە مانگی ئایار بە ڕێژەی لە ١٤٪ كەمتر بووە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، ١٦٠ كەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە، حاڵەتەكانی مردن و تووشبوون بە نەخۆشییەكە لە ١٨ وڵاتدا تۆماركراوە،  دەركەوتووە ٣٢ هەزار و ٤٦٧ حاڵەتی نوێی تووشبوون لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست تۆماركراون.

 

بەپێى وتەى بەرپرسانى ڕێکخراوەکە جیهان ڕووبەڕووی كەم بوونەوەی ڤاكسینی كۆلێرا بووەتەوە، بەو پێیەی لە مانگی ١ـی ساڵی ٢٠٢٣ەوە ١٧ وڵات داوای ١٠٢ ملیۆن ژەمیان كردووە، لە كاتێكدا لەم ماوەیەدا تەنها ٥١ ملیۆن ژەم بەرهەم هێنراوە، لە تەمموزی ئەمساڵ كۆگای جیهانی ڤاكسینی كۆلێرا تەنیا گەیشتە ٧.٥ ملیۆن ژەمی ڕاگەیاندووە.

 

نیشانەکانى ئەم نەخۆشییە :

١- سکچونێکى توند لەشێوەى ئاوى برنج دایە.

٢- بەدوایدا ڕشانەوەیەکى کتوپڕ.
 

کە دەبنە هۆى لەدەست دانى بڕێکى زۆرى ئاووخوێ ی لەش، دەبێتە هۆى لاوازى لەکارى گورچیلەدا، کتوپڕ لەدەستدانى ئەم بڕە زۆرەى ئاوو خوێ گەر قەرەبوو نەکرێتەوە بەشێوەیەکى زۆر خێرا لەڕێگەى دەمو دەمارەوە دەبێتە هۆی مردن بەهۆی لەکارکەوتنى گورچیلەکانى.
 

چارەسەرەکانی توشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا:

١- پێدانەوەى شلەمەنى لەدەستچوو لەڕێگەى:

٢- دەمەوە بەپێدانى شلەمەنى وەک ئاو- شەربەت- شیر- گیراوەى دیکسترۆلایت...هتد

٣- لەڕێگەى دەمارەوە بەپێدانى موغەزى بەشێوەیەکى زۆر خێرا.

٢- پێدانی ئەنتی بایۆتیک.