بەرهەمەکانی مۆر دۆستی ژنان و ژینگەیە

براندی مۆر، ڕێگەیەکی نوێی پێداویستی تەندروستییە بۆ سووڕی مانگانەی ژنان و لە هەمان کاتدا دۆستی ژینگەیە، خاوەندی براندەکەش دەڵێت: بۆ پاراستنی تەندروستی ژنان و پاکوخاوێنی ژینگە، کتێب بڵاودەکەینەوە و سیمینار پێشکەش دەکەین.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە پشت ئەو ڕەنگە سپیەی پێداویستی سووڕی مانگانە-سانتیی ژنان هەیەتی ڕەشایەکی مەترسیدار بڵاودەبێتەوە، بەپێی چەندین توێژینەوە کە بۆ بەرهەمەکانی پاکوخاوێنی-سانتی سووڕی مانگانە کراوە، ئەو ماددە کیمیاییانەی تیایدا بەکاردێت، دەبنە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵ بوون، هەروەها یەکێکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، بۆ چەند ژنێک لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی ژنان براندێکی خۆماڵییان بەرهەمهێناوە و جێگرەوەی بەرهەمە زیانبەخشەکانی بازاڕە بۆ ژنان.

 

براندی مۆر، کە بەرهەمەکانی پێکدێت لە جلی ژێرەوەی ژنان و پێداویستی-سانتی سووڕی مانگانە و چەند بەرهەمێکی دیکە، تایبەتن بە ژنان و منداڵان، شاناو جەلال، خاوەنی براندەکە، باسی لەوەکرد، کە لە سەرەتای کارکردنیانەوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ کوالێتی جۆری قوماش و کارەکانیان لەژێر چاودێریدا بووە، بەرهەمەکانیشیان زیاتر پێداویستی ژنانە بۆ سووڕی مانگانە و لە دوای چەندین جار تاقیکردنەوە و ڕاوێژکردن بە دکتۆری پسپۆڕ لە بواری کێشەکانی ژنان بەرهەمیان هێناوە.

 

شاناو جەلال وتی: ژنان گرفتی تەندروستیان بۆ دروست دەبێت بەهۆی ئەو بەرهەمە خراپانەی دێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە بڕیاری دانانی براندی مۆرمان دا، بۆ ماوەی ٢ ساڵە بە بەردەوامی خزمەت بە ژنان و منداڵان دەکەین، ئامانجیشمان خستنەڕووی بەدیلێکی تەندروستە بۆ ژنان، کە لە هەمان کاتدا دۆستی ژینگە بێت.

 

"هۆشیاری زیاتر دەربارەی سووڕی مانگانە بڵاودەکەینەوە لە ڕێگەی سیمینارەوە"

شاناو جەلال، ئاماژەی بەوەدا، توانیویانە بۆ هۆشیار کردنەوەی ژنان و ئاشنابوون بەو گیروگرفتانەی لە سووڕی مانگانەدا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، وەک براندی مۆر کتێبێک بنووسن کە هەموو بابەتەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و هۆشیارکردنەوەیان لەو گرفتانەی ژنان لە سووڕی مانگانەدا ڕوبەڕووی دەبنەوە باس بکات، وتیشی: ئەمە بە یەکێک لە باشترین کتێبەکان بۆ ژنان دادەنرێت، هەروەها لەگەڵ پێشکەشکردنی هەر بەرهەمێک بە کڕیاران ڕێنمایی خۆی لەگەڵدایە بۆ چۆنیەتی بەکارهێنان و پاککردنەوە لە دوای بەکارهێنانی بەرهەمەکان، لە پڕۆژەشماندایە بە چەندین وۆرک شۆپ و سیمینار لە قوتابخانە، شار و گوندەکاندا هۆشیاری زیاتر لە بارەی کتێبەکەمان و زانیاریەکانی سووڕی مانگانەی ژنان بڵاو بکەینەوە.

 

"بۆ پاک ڕاگرتنی، پێداویستی سووڕی مانگانەی ژنان دەخرێنە بۆکسی تایبەتەوە"

شاناو جەلال، باسی لەوەکرد، کە خۆی و خوشکەکەی هەستاون بە کردنەوەی براندی مۆر، هەلی کارکردنیان بۆ چەندین ژنی دیکە ڕەخساندووە لە کارگەی مۆر بۆ درووینی پێداویستی ژنان و بۆ پێداویستی منداڵانیش بەشێکی تایبەتیان هەیە، هەروەها بەرگدرووەکانیان بەپێی داواکارتیەکان و خواستی کڕیاران بەرهەمەکان دروست دەکەن و پێشکەشی دەکەن، وتیشی: بەهۆی کەمی دەستڕاگەشتنمان نەمانتوانیوە کارگەکە گەورەتر بکەین، بۆیە کارمەندەکان بەپێی داواکارییەکان بانگ دەکەن بۆ کارکردن، پارچە قوماشەکانیش دەبێت بکرێنە ناو بۆکسی تایبەت و پاش درووینیشیان دەخرێنە ناو زەرفی تایبەتەوە تا پێشکەش بکرێت.

 

شاناو جەلال لە کۆتاییدا وتی: کارکردن ئەرکێکی پیرۆزە و ژنانیش دەتوانن بەشداری لەو ئەرکە پیرۆزە بکەن، بەڵام لە بوارێک کە خۆیانی تیادا بدۆزنەوە، تەنها بۆ لایەنی ماددی کار نەکەن، بەڵکو بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی کار بکەن.