ژنانی دووگیانی ئیدلب لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەشن

نرخی پشکنینی پزیشکی ڕێگری لە ژنانی دووگیان دەکات لە بەدواداچوونی دووگیانییەکەیان دووگیانی بووەتە بارگرانییەکی ماددی لەسەر ژنان لە ئیدلب، تەنانەت کۆرپەلە لە سکی دایکیدا زیانبەرکەوتووی هەژارییەو تەندروستی زاوزێکردن لە مەترسیدایە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب-نرخی بەرز بۆ پشکنبین ڕێگری لە دەستگەیشتن بە سەدان ژنی دووگیان کردووە بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی نەخۆشخانە، چونکە ژنانی دووگیان دەناڵێنن بەهۆی چەندین فشاری داراییەوە کە کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونییان هەبووە.

 

بەهۆی نرخی زۆرو بێکارییەوە سەردانی پزیشکی ژنان ناکات

فاتن نەشوان، تەمەن ٢٧ ساڵ، کە لە ٧ مانگی دووگیانیدایە ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای دووگیانییەوە سەردانی پزیشکێکی تایبەتی ژنان نەکردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نرخی زۆری دەوێت بۆ پشکنینەکان، لە کاتێکدا هاوژینەکەی کە بە کرێی ڕۆژانە کار دەکات ناتوانێت بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکات، هەروەها بەهۆی دووگیانییەکەی ئازاری پشت و هەوکردنی هەیە و چەند جارێک سەردانی ناوەندە پزیشکیەکانی کردووە بەبێ ئەوەی بتوانێت چارەسەری بۆ بکرێت.

 

فاتن نەشوان زۆر دوودڵ بوو پێش ئەوەی بیر لە دووگیانی و منداڵبوون بکاتەوە لەبەر قەیرانی ژیان و ترس لە کاریگەرییەکانی لە داهاتوودا، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە لە کامپی ئاوارەکاندا دەژی و هاوژینەکەی بەدەست نەبوونی دەرفەتی کار دەناڵێنێت.

 

"قەیرانی ئابووری کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنە زیندووەکانی ژیان کردووە"

عەلا حەسوناتی تەمەن ٢٥ ساڵ،  سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بە نەخۆشییەکانی دووگیانی دەناڵێنێت، بەهۆی بەرزی نرخی پشکنین و کەمبوونەوەی توانای بۆ پارەدانی کرێی پشکنینەکان، هەروەها لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان و پێویستیان بە بەدەستهێنانی ئەوەی گرنگترە، لەوانە ماددەی گەرمکردنەوە، سەردانی بۆلای پزیشکی ژنان کەمکردووتەوە، وتیشی: قەیرانی ئابووری لە ئیدلب کاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنە زیندووەکانی ژیانیان کردووە لەسەر هەموو ئاستەکان، لەوانە خواردن و خواردنەوە، هەروەها کرێی نیشتەجێبوون و گواستنەوە و فێرکردن و نەخۆشخانە.

هەروەها سارا کەریم، تەمەن ٣٣ ساڵ، نەیتوانی سەردانی پزیشکێکی تایبەت بکات، وەک زۆرێک لەو ژنانەی کە بە بەردەوامی سەردانی ناوەندی پزیشکی کامپەکەیان دەکرد لە باکوری شارۆچکەی قاح بۆ سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکان، وتی: دوای ئەوەی لە مانگی دووەمی دووگیانییەکەم زانیم کە دووگیانم، بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ژیان و کاریگەری ئەم بارودۆخانە لەسەرمان وەک ئاوارە ڕاستەوخۆ، دەستم کرد بە گەڕان بەدوای ناوەندێک کە بتوانێت خزمەتگوزارییە پزیشکیە بنەڕەتییەکان دابین بکات بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی ئەو بارودۆخە کەم بکاتەوە کە تێیدا دەژین.

 

"کەمکردنەوەی پشکنین مەترسیییە"

سەبارەت بە مەترسی کەمکردنەوەی سەردانی پزیشک و پشکنینەکان بۆ ژنانی دووگیان، وەلا حەلەبی، پسپۆڕی پزیشکی ژنان وتی: مەترسییەکە لە تووشبوونی ژنانی دووگیانە بە نەخۆشییەکانی پەستان، شەکرەی دووگیانی، کەم خوێنی و کالسیۆم، هەروەها بڕی ئاوی دەوروبەری کۆرپەلەکە یان ئەوەی بە شلەی ئەمنیۆتیک ناسراوە، کەم دەبێتەوە، کە مەترسی بۆ کۆرپەلە دروست دەکات.

 

ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دووگیان ئامادەبوونیان بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان کەمکردووەتەوە ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گشتی و نەبوونی داهات و دەرفەتی کار، بۆیە هەندێکیان بڕیاریان دا بچن بۆ دەرمانی جێگرەوە یان بینینی پزیشک کەمبکەنەوە، زۆربەیان ئێستا دەچنە کلینیکە باوەکان و ناوەندە تەندروستییە بێبەرامبەرەکان کە خزمەتگوزاری بە نرخی کەمتر پێشکەش دەکەن.