لەباربردنی منداڵ؛ شەڕکردن دژی پیاوسالاری

لەیلا مەسعود، پزیشکی ژنان دەڵێت: جگە لەوەی دایکان لەکاتی دووگیانیدا گیان لەدەست دەدەن، نەبوونی دامەزراوە تەندروستییەکان و کەمبوونەوەی زانیاریی پێویست کێشەیە، ژنان لە سەرتاسەری ئەفغانستان نازانن دۆخی منداڵی داهاتوویان چۆن دەبێت.

بەهاران لەهیب

 

کابول - لەباربردنی منداڵ یەکێکە لەو کێشانەی ڕووبەڕووی ژنانی ئەفغانستان دەبێتەوە، کێشەیەکی دیکەشیان منداڵبوونی زۆرە، کۆمەڵگەی ئەفغانی کە پیاوسالار و بناژۆخوازە، هەرگیز پیاو بە بەشدار لە دیاریکردنی ڕەگەزی منداڵەکانیان نازانێت، لەناو زوڵم و ستەمەکانی تردا، یەکێک لە ڕێگاکانی سەرکوتکردنی ژنان، بوونی کچێکە، کە هەمیشە دەبێتە هۆی لۆمەکردن و تەنانەت لێدانی دایکان، چونکە کچ زیاترە لە کوڕان، پیاوان بە هەر نرخێک بێت هەوڵ دەدەن کوڕێکیان هەبێت.

 

بە دەگمەن خێزان هەن کە تەنها یەک یان دوو منداڵیان هەبێت. ئەگەر ژن کوڕی نەبێت یان منداڵی نەبێت، بەبێ گوێدانە باری تەندروستی، پیاوان خۆیان بە پابەند دەزانن بۆ جاری دووەم یان سێیەم هاوسەرگیری بکەن و هەمیشە پرسی شەریعەت بۆ فرەژنی خۆیان دەهێننە کایەوە، بەڵام ئایا منداڵەکانیان پەناگەیان هەیە یان نا؟ ئایا ڕۆژانە سێ ژەم خواردن وەردەگرن یان نا؟ یان خۆشەویستی باوکێکیان دەست دەکەوێت یان نا؟ ئەمانە بابەتی سەرەکی نین. هەندێک لە پیاوان تەنها خەمی نەبوونی کوڕیان هەیە و وەک دەڵێن "بوونی کوڕ ناویان گەشاوەتر دەکات".

 

لە کۆنەوە حکومەتە تاکڕەوەکان حوکمڕانی ئەفغانستانیان کردووە. هەروەک چۆن بیریان لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی خەڵک نەکردووەتەوە، هیچ هەنگاوێکیان لە بارەی هۆشیاری پیاوان نەناوە، کە ئەوان پرسی ڕەگەزی منداڵ لە ڕووی بایەلۆجییەوە کەوتووەتە سەر.

 

ئەم گرفتانە وایکردووە زۆرێک لە دایکان کچەکانیان لە نەخۆشخانە بەجێبهێڵن و ڕابکەن، یان کاتێک بۆیان دەردەکەوێت کە کۆرپەکە کچە بە خواردنی دەرمان بەبێ ئامۆژگاری پزیشک، لەباری دەبەن، هەرچەندە هیچ هەواڵێکی ورد لەسەر لەباربردنی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی هاوبەشی میدیای ئازاد لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠١٤دا، لە ٪٧٠ی لەباربردنەکان بە تایبەت لە پارێزگای کابول ڕوویداوە، کە تەرمی کۆرپەکان لەناو زبڵدانەکاندا دۆزراونەتەوە، زۆربەی ئەم کۆرپانە بەهۆی کچ بوون کوژراون و ژمارەیەکی کەمیش لە ژنان کە لە دەرەوەی هاوسەرگیری دووگیان بوون لەباربردنیان کردووە.

 

ژنان لەباربردنی منداڵ بە شێوەیەکی ناستاندارد ئەنجام دەدەن، چونکە پزیشکەکان بەپێی یاسا پزیشکییەکان لە ئەفغانستان لەباربردنی منداڵ ئەنجام نادەن. هەموو یاساکانی ئەفغانستان لەسەر بنەمای ئیسلامیی و شەریعەت دامەزراون و بە دەگمەن لایەنی مەدەنی گرنگی پێدەدرێت، بۆیە لەباربردنی منداڵ بە تاوان دادەنرێت مەگەر ژیانی دایکەکە لە مەترسیدا بێت، یان کۆرپەکە تەواو نەبێت. ئەم حاڵەتە دەبێت لەلایەن پزیشکەوە پشتڕاست بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەباربردن ئەنجام بدرێت.

 

لەیلا مەسعود، پزیشکی ژنان، لە بارەیەوە وتی: بەهۆی بە تاوان ناساندنی لەباربردنی منداڵ کە بە کوشتن دادەنرێت، بە دەگمەن پزیشکەکان ئامادەن لەباربردنی منداڵ ئەنجام بدەن، هەندێک جار دایکان خۆیان ئامادە نین لەبارببەن، چونکە خۆیان بە بکوژی منداڵەکەیان دەزانن، تەنانەت ئەگەر باری جەستەیی باشیش نەبێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێش هاتنی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، هانی دایکانمان دەدا و هەروەها سەنتەری ڕاوێژکاریمان هەبوو لەناو نەخۆشخانەکەدا کە ڕاوێژکارەکان دەیانتوانی باس لە لەدایکبوونی پچڕپچڕ و کەمبوونەوەی منداڵ و لەباربردنی منداڵ بکەن، ئەگەر ژیانی دایکەکە لە مەترسیدا بووبێت، یان کۆرپەکە تەواو نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ هاتنی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، ئەم ناوەندانە داخران و ئیتر ڕێگەمان پێنادرێت لەو ناوچانە هانی دایکان بدەین لەبەر تەندروستی خۆیان منداڵەکانیان لەبارببەن".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەوەی دایکان لە کاتی دووگیانیدا گیان لەدەست دەدەن، نەبوونی پێداویستی تەندروستی و نەبوونی زانیاریی پێویست کێشەیە، ژنان لە سەرتاسەری ئەفغانستان نازانن منداڵی داهاتوویان چۆنە. لە شارەکاندا ئاسانکاری کەم هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دایکان مافی ئەوەیان نییە ژیانی خۆیان هەڵبژێرن و هەمووشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستم و بیرۆکەکانی پیاوسالاری و بناژۆخوازی، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئازادی و مافی هەڵبژاردن بەدەست بهێنن.