پێداویستی سوڕی مانگانەی ژنان هۆکارە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە

هەندێک مادەی کیمیایی وەکو بەنزۆفینۆن، پارابین، بیسفینۆڵ A و کلۆرۆفینۆل لە بەرهەمەکانی پاکوخاوێنی سوڕی مانگانەدا دەتوانن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە لەناو ژناندا زیاد بکەن.

ڕۆژین قادری

 

ورمێ- ماددە کیمیاییەکانی ناو بەرهەمەکانی پاکوخاوێنی سوڕی مانگانە، وەکو بەنزۆفینۆن، پارابین، بیسفینۆڵ A، و کلۆرۆفینۆڵ، مەترسییەکی گەورەی تەندروستی دروستدەکەن، ئەم پێکهاتانە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر هۆرمۆنە ڕەگەزییەکان هەبێت و پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی پەیوەست بە ئیسترۆجینەوە هەیە، وەک شێرپەنجەی مەمک. ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنی بەرهەمە تەندروستییەکان دەکاتەوە کە پێکهاتەی سەلامەتیان تیادایە و لەلایەن پسپۆڕانی تەندروستی و پزیشکییەوە پەسەندکراون بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە مەترسیانە لە درێژخایەندا.

 

ماددە کیمیاییەکانی ناو بەرهەمە تەندروستییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی گومانی شێرپەنجەیان لەسەرە، بریتین لە پارابین، فتالێت، تریکلۆسان و هەندێک بۆنی دەستکرد، کە پارابینەکان وەک مادەی پارێزەر لە زۆرێک لە بەرهەمە تەندروستییەکان بەکاردێت، بەڵام دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوسەنگی هۆرمۆنەکان هەبێت و پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکەوە هەیە. فتالێتەکان کە زۆرجار لە بۆنەکاندا دەبینرێن، ڕەنگە پەیوەندییان بە تێکچوونی زاوزێیەوە هەبێت هەروەها مەترسی زیادبوونی شێرپەنجەی جۆراوجۆریان لێدەکەوێتوە، بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە خۆیان لەم ماددانە بەدوور گرتووە، دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی تەندروستی.

 

تامپۆن و بەرهەمی تەندروستی هەندێک جار پرۆسەی سپیکردنەوەی کیمیایی بەکاردەهێنن کە کلۆر لەخۆدەگرێت، ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی دایۆکسینەکان، کە کۆمەڵێک پێکهاتەی کیمیایین بە ژەهراویبوونی بەرز و توانای کۆبوونەوە لە شانە بایۆلۆژییەکاندا ناسراون، لە سروشتدا بە ئاسانی شی نابنەوە و دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژینگەدا بمێننەوە، ئەم پێکهاتانە پەیوەندییان بە کێشەی تەندروستییەوە هەیە، لەوانە تێکچوونی سیستەمی بەرگری لەش، کێشەکانی زاوزێ و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە. ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی بەکارهێنانی سانتی سپیکراوە بە کلۆر دروستکردووە. ئەمڕۆ زۆرێک لە بەرهەمهێنەران بەدوای ڕێگەی بەدیل و سەلامەتتردا دەگەڕێن بۆ سپیکردنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسیانە.

 

بەرهەمەکانی پاکوخاوێنی-سانتی سوڕی مانگانە لەوانەیە ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکانی تێدابێت کە کاریگەرییان لەسەر تەندروستی هەیە، لەوانە:

 

دیۆکسین؛ ئەم پیسکەرە زۆر ژەهراوییە لە پرۆسەی سپیکردنەوەی ڕیشاڵەکاندا بە کلۆر بەرهەمدەهێنرێت، دیۆکسین لە یەدەگی چەوری لەشدا کۆدەبێتەوە و دەتوانێت تا ٢٠ ساڵ لە جەستەدا بمێنێتەوە، بەرکەوتن بە دایۆکسین دەتوانێت مەترسییەکانی وەک نەخۆشی هەوکردنی حەوز، تێکچوونی هۆرمۆنەکان، ئەندۆمیتریۆس و جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە زیاد بکات.

 

ڕەوین؛ بەکارهێنانی ئەم ڕیشاڵە دەستکردانە لە سانتیدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە زیادکردنی توانای مژینی، بەڵام ڕەیۆن دەتوانێت دیۆکسینەکانی پرۆسەی سپیکردنەوەش لەخۆبگرێت.

 

قڕکەر؛ ئەو قڕکەرەی لە سانتیدا بەکاردەهێنرێت، دەتوانن کاریگەری نەرێنی درێژخایەنیان هەبێت، لەوانە نەزۆکی، تێکچوونی هۆرمۆنەکان، تێکچوونی کارکردنی غودەی دەرەقی، شەکرە، ئەندۆمیتریۆس و خەمۆکی.

 

پلاستیک؛ چینە پلاستیکییە نەڕژاوەکانی ناو سانتی دەتوانێت ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی ڤایرۆس و بەکتریا دروست بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی سووتانەوە و خورانی پێست و ئازار لە کەسانی هەستیاردا.

 

بۆنەکان؛ بەکارهێنانی بۆنی دەستکرد و ماددە بێلایەنەکانی بۆن زیان بە پێست دەگەیەنێت و ببێتە هۆی هەستیاری و کاردانەوەی پێست.

 

لەبەرچاوگرتنی سەلامەتی بەرهەمە تەندروستییەکان و زانینی پێکهاتەکانیان پێویستە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە، پێویستی ستانداردی توندتر و شەفافیەت لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمانەدا زیاتر پاراستنی تەندروستی ژنان دەکات.