هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەدەچن

هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دەستپێدەکات و بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی "WHO" ڕایگەیاند، مانگی تشرینی یەکەم بە مانگی هۆشیاریی خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە و تێیدا چەندین هەڵمەتی نێودەوڵەتیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی نەخۆشییەکە بەڕێوەدەچن، تەوەری مانگی هۆشیاریی خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک لە ساڵی ٢٠٢٤ بریتییە لە "نابێت کەس بە تەنیا رووبەڕووی شێرپەنجەی مەمک ببێتەوە".

 

ڕێکخراوەکە ئاشکرایکرد، لە ماوەی ئەم مانگەدا چالاکیی و بۆنە جۆراوجۆرەکانی وەکو هەڵمەتی پەروەردەیی، بڵاوکردنەوەی زانیاری و کۆکردنەوەی پارە لە سەرانسەری جیهاندا رێکدەخرێن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە خۆپارێزی لە شێرپەنجەی مەمک، پشتگیریکردنی تووشبووان، گرنگی پشکنینی پێشوەختە و زوو دەستنیشانکردن.

 

بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە

 

چەند زانیارییەک دەربارەی شێرپەنجەی مەمک لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە خراوەتەڕوو:

 

- قەڵەوی بەتایبەتی دوای وەستانی سوڕی مانگانە، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات.

- چالاکیی جەستەیی بەردەوام، یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجەی مەمک دەدات.

- خواردنەوەی کحول ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات

- دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی تووتن مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمدەکاتەوە

- لە ئەگەری تووشبوونی کەسێکی نێو خێزان، پێویستە کەسانی دیکەی خێزانەکە زوو زوو پشکنینی پێشوەختە ئەنجامبدەن.

- زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک لەڕێگەی مامۆگرافی و پشکنینی مەمکەوە کاریگەری شێرپەنجەی مەمک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

- گرنگیدان بە خواردنی سەوزە و میوە، خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و پڕۆتینی بێ چەوری یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە دەدات.

- خۆراکە خێراکان و گۆشتی سوور هۆکاری زیادبوونی ئەگەری تووشبوونن بە شێرپەنجە