"وەستاندنی سوڕی مانگانە زیان بە تەندروستی ژنان دەگەیەنێت"

لە پێناو پاراستنی تەندروستیان و هەبوونی جەستەیەکی تەندروست گرنگە ژنان ئاگاداری سوڕی مانگانەیان بن و هۆشیاری تەواویان هەبێت لەبارەیەوە، پزیشکێکیش دەڵێت: دەبێت هەوڵ نەدەن بۆ وەستاندنی سوڕی مانگانە و زۆر بەکارهێنانی ئازارشکێنەکان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەموو ژنێک لە تەمەنێکی گەنجدا سوڕی مانگانەی دەستپێدەکات، کە سودی بۆ تەندروستی ژن هەیە و وەک نوێبوونەوەیەکی گەردوونی پێناسە دەکرێت، بەڵام بێئاگا لەوەی سوڕەکە سودی تەندروستی هەیە، هەندێک لە ژنان لەبەر زۆری ئازار لەکاتی سوڕی مانگانەدا ئازارشکێنی زۆر بەکاردەهێنن، بەشێکی دیکەیان لە تەمەنێکدا لێی بێزاردەبن و پەنادەبەنە بەر بەکارهێنانی هۆڕمۆن و لابردنی هێلکەدان بۆ وەستاندنەوەی، بەمەش زیان لە جەستەی خۆیان دەدەن، هەندێک کەسیش دەرمانی درەنگ کەوتنی سوڕەکە دەخۆن و بۆ ماوەیەکی کاتی هۆڕمۆنەکانیان تێکدەدەن، وە ئەگەر هەمیشەیی بێت ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەکانی منداڵدان و شێرپەنجەی منداڵدان زیاد دەکات.

 

"سوڕی مانگانە دەبێت لە ماوەی ٢١ ڕۆژ بۆ ٣٥ ڕۆژ جارێک بێت"

پزیشک سروە جەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، دەربارەی سوڕی مانگانەی ژنان و کێشەوگرفتەکانی وەستاندنی سوڕەکە ڕوونیکردەوە، بە شێوەیەکی ئاسایی سوڕی مانگانە بە کۆتا قۆناغی گەشەکردن دادەنرێت، بەر لەوەی کچێک بکەوێتە سەر سوڕی مانگانە باڵای بەرز دەبێت، مووەکانی گەشە دەکات و بە شێوەیەکی گشتی ئەندامەکانی جەستە گەشە دەکەن، ئەم گەشەکردنەش لە ٩ ساڵییەوە دەستپێدەکات، بەڵام سوڕی مانگانە لە ١٢ ساڵەوە دەستپێدەکات یاخود درەنگ دەکەوێت بۆ ١٥ ساڵی بەهۆی بۆماوەوە، ئەگەر تەواوی نیشانەی گەشەکردنی تێدا دەرکەوتبوو تەنها سوڕەکەی مابوو ئاساییە دوابکەوێت تەنانەت ئەگەر بگاتە ١٧ ساڵ.

 

سوڕی مانگانە دەبێت لە ماوەی ٢١ ڕۆژ بۆ ٣٥ ڕۆژ جارێک بێت، بەڵام ئاسایی زۆرینەی ژنان ٢٨ ڕۆژ جارێکن، لەم سوڕەدا ئازار بوونی هەیە، کە بەشی خوارەوەی منداڵدان دەگرێتەوە، بوونی ئازار ئاساییە، بەڵام نابێت بگاتە ئاستێک لە کاری ڕۆژانەی دابڕێنێت، بە شێوەیەکی گشتی سوڕەکە ٣ بۆ ٥ ڕۆژ دەخایەنێت، دەبێت لەم ماوەیەدا ٥٠ سیسی خوێن دێت، بەڵام ئەگەر زیاد بکات و بگاتە ٨٠ سیسی پێی دەوترێت خوێنبەربوون.

 

"دەبێت سوڕی مانگانە لە تەمەنێکی گونجاودا دەستپێبکات و کۆتایی بێت"

ئەو پزیشکە باسی لەوەکرد، هەندێک کات سوڕی مانگانە پێشدەکەوێت، نیشانەکان لە تەمەنێکی کەمتردا دەردەکەوێت، بەمەش هەندێک گەشە دەوەستێت وەک باڵا، چونکە بە زیادبوونی ئیسترۆجین لە خوێندا ئێسک گەشە ناکات و کەسەکە باڵای کورت دەرەچێت، بۆیە گرنگە دایکان ئاگاداربن و منداڵەکانیان ببەنە لای پزیشک بۆ ئەوەی سوڕەکە بوەستێنن و منداڵەکە لە گەشەی بەردەوام بێت، هۆکاری پێشکەوتن و دواکەوتنی سوڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی هۆڕمۆنەکان و زیاد و کەمی کێشی جەستە.

 

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەکرد، کاتی کۆتایهاتنی سوڕی مانگانە پشت بە کۆمەڵێک هۆکاری وەک بۆماوەیی دەبەستێت، واتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕدرێت، بە شێوەیەکی گشتی تا ٥٠ ساڵی بەردەوام دەبێت، ئەگەر تا تەمەنی ٥٢ ساڵی بەردەوام بێت یاخود لە تەمەنی ٤٠ بۆ ٤٢ ساڵیدا بوەستێتەوە، ئەوا دەبێت سەردانی پزیشک بکات، وتیشی "وەستاندنەوە لە تەمەنێکی کەمدا تێکچوونی هۆڕمۆنەکانە، بۆیە گرنگە هۆڕمۆنەکانیان چاکبکرێتەوە بۆ ئەوەی زیان بە تەندروستی ژنەکە نەگەیەنێت".

 

"بەکارهێنانی ئازارشکێن لە سنورێکدا لە سوڕی مانگانەدا ئاساییە"

پزیشک سروە باسی لەوەکرد دوو جۆر ئازار هەن لە کاتی سوڕی مانگانەدا، یەکێکیان ئاساییە و لەگەڵ سوڕی مانگانەکە دەستپێدەکات و تەنها یەک ڕۆژ دەخایەنێت، ئازارەکە بە جۆری پچڕ پچڕ دەبێت و کەمێک ڕشانەوە و سکچوونی لەگەڵ دەبێت یاخود ئازاری پشت، نابێت زۆر بخایەنێت کە لە کاری ڕۆژانە دایبڕێنێت، جۆرێکی دیکەی ئازار لە پێش سوڕی مانگانەکەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی سوڕی مانگانەکە بەردەوام دەبێت ئەم جۆرە پێی دەوترێت "ئۆرگانیک" واتە هۆکارێکی هەیە و پێویستە سەردانی پزیشک بکات، دەشڵێت: بەکارهێنانی ئازارشکێن لە کاتی سوڕی مانگانەدا ئاساییە، بەڵام دەبێت سەرەتا لە ئازارشکێنی کەمەوە دەستپێبکات دواتر زیادیبکات، ئەگەر بێت و باش نەبێت پێویستە سەردانی پزیشک بکات و هۆڕمۆنی بۆ بەکاربهێنێت، کە بۆ ڕێکخستنەوەی سوڕی مانگانە، کەمکردنەوەی ئازار و خوێنی سوڕەکەش بەکاردێت.

 

"وەستاندنی سوڕی مانگانە پێش کاتی خۆی، تەندروست نییە"

سروە جەمال، باسی لەوەکرد هەندێک لە ژنەکان داوا دەکەن بۆ ماوەیەکی کاتی سوڕی مانگانەکەی بوەستێنێت، وەستاندنی ئەم سوڕەش لە ڕێی پێدانی هۆڕمۆنەوە دەبێت، بۆیە کاتێک ئەم هۆڕمۆنە بەکاردەهێنێت هۆڕمۆنی لەشی کەسەکە تێکدەچێت، بۆیە پێشنیار دەکات بۆ تەواوی ژنان هەوڵی ڕاگرتنی سوڕەکەیان نەدەن، چونکە خراپە بۆ جەستەیان، دەربارەی ئەو ژنانەی لە تەمەنێکی کەمدا تاقەتی سوڕەکەیان نامێنێت و داوا دەکەن بە یەکجاری سوڕەکە بوەستێنن، وتی: کاتێک سوڕەکە دەوەستێت کە هێلکە نەمێنێت، لەوکاتەدا، تووشی چەند هەستیارییەک دەبێت، هەمیشە هەست بە گەرما دەکات، حەز بە قەرەباڵغی نییە، کاریگەری لەسەر میزەڵدان و هۆڕمۆنەکانی دروست دەکات، کار لەسەر ئێسک دەکات و توشی کەمی کالسیۆم دەبێت، نەخۆشی دڵ و فشاری خوێن زیاد دەکات.

 

باسی لەوەشکرد، هەندێک حاڵەت هەن کە ژنەکە پێش تەمەنی وەستاندنەوەی سوڕەکە توشی خوێنبەربوونی هەمیشەیی دەبێت، لەوکاتەدا بە پێی ڕێنمایی پزیشک سوڕەکە دەوەستێنرێت، لە ئێستادا ئەوەش بەکارنایەت و دەستکاری هۆڕمۆن ناکرێت، ڕێگەیەکی نوێ هەیە کە پێی دەوترێت "مارینا" لە ناو خەڵکیدا پێی دەوترێت لەولەبی هۆڕمۆنی، بۆیە پێویست بە لابردنی هێلکەدان و دەستکاریکردنی هۆڕمۆن ناکات، چونکە کاتێک هێلکەدان لادەبرێت کەسەکە لە ڕووخساریدا زیاتر هەست بە پیری دەکات و دەکەوێتە تەمەنێکی گەورەتر لە خۆی.

 

لە کۆتایدا پزیشک سروە ئاماژەی بەوەکرد، بە هیچ شێوەیەک ژنان هەوڵی وەستاندنی سوڕی مانگانە بدەن، ئەگەر حاڵەتەکەیان پێویستی کرد هەوڵبدەن لە باشترین ڕێگەوە بێت، نەک هێلکەدان لاببەن، ئەگەر بە شێوەی ئاسایی خۆی سوڕەکە وەستا بەڵام، ژنەکە خوێنی هەبێت دەبێت ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکات، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی نەخۆشیەکانی ناوپۆشی منداڵدان نەبێتەوە.