شێرپەنجەی ملی منداڵدان چییە و هۆکارەکانى تووشبوون بە نەخۆشییەکە کامانەن؟

پزیشک هودا محێدین ئاماژە بەوەدەکات، لاوازی سیستمی بەرگری لەش  ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان زیاد دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشک هودا محێدین، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى ژنان و منداڵ بوون لە نووسینێکدا ئاماژە بە هۆکارەکان و نیشانەکانى تووشبوون بە شێرپەنجەى ملى منداڵدان لە ژنان کردووەو نووسیویەتی: بریتیە لە کۆمەڵێک خانە، کە لە ملی منداڵداندا گەشە دەکات، ملی منداڵدان بەشى خوارەوەی منداڵدانی ژنە، جۆرە جیاوازەکانی ڤایرۆسی پاپیلۆما HPV ڕۆڵیان هەیە لە درووستکردنی زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان, هەوکردنێکی باوە کە لە ڕێگەی بەرکەوتنی سێکسییەوە دەگوازرێتەوە, کاتێک بەرکەوتەی HPV دەبێت، سیستمی بەرگری لەش ڕێگری دەکات لەوەی ڤایرۆسەکە زیان بە خانەکانی لەش بگەیەنێت، بەڵام ڤایرۆسەکە بۆ ماوەی ساڵانێک لە ڕێژەیەکی کەمی خەڵکدا دەمێنێتەوە، بەشدارە لە گۆڕینی هەندێک خانەکانی ملی منداڵدان بۆ خانە شێرپەنجەییەکان.

 

نیشانەکانى تووشبوون بە شێرپەنجەى ملى منداڵان کامانەن؟

شێرپەنجەی ملی منداڵدان ڕەنگە لە سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی لێ نەکەوێتەوە، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنیدا ڕەنگە ببێتە هۆی هەندێک نیشانە لەوانەش:

-خوێنبەربوونی زێ دوای جووتبوون، لە نێوان سوڕی مانگانە، یان دوای وەستانی سوڕی مانگانە.

- خوێنبەربوونی قورس لە کاتی سوڕی مانگانەدا کە زیاتر لە کاتى ئاسایی دەخایەنێت.

-دەردانی دەردراوی نائاسایی لە زێ کە ڕەنگە زۆر بێت و بۆنێکی ناخۆشی هەبێت.

- ئازاری حەوز یان ئازار لە کاتی جووتبووندا.

 

هۆکارەکانى تووشبوون بە نەخۆشییەکە چین؟

- جگەرەکێشان- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاد دەکات، کاتێک ژنە جگەرەکێشەکان تووشی HPV دەبن، هەوکردنەکە زیاتر دەخایەنێت و زۆرجار بە ئاسانی پاک نابێتەوە، ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ دەبێتە هۆی زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.

- سێکسکردن لەگەڵ چەند کەسێک.

 

- هەوکردنی تری سێکسی: هەبوونی جۆرەکانی تری هەوکردنی سێکسی ئەگەری تووشبوون بە HPV زیاد دەکات کە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەوکردنە سێکسییە گواستراوەکانی تر کە مەترسی زیاد دەکەن بریتین لە هێرسیس، کلامیدیا،، سفلیس و ئایدز.

 

– لاوازی سیستمی بەرگری لەش: لەوانەیە ئەگەری تووشبوونت بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان زیاتر بێت ئەگەر سیستمی بەرگریت لاواز بێت بەهۆی حاڵەتێکی تری تەندرووستی و ئەگەر تووشی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ بوویت.