نەخۆشییەکانی پێست مەترسی لەسەر جەستەی مرۆڤ دروست دەکەن

هەستیاری، پێکهاتەی بۆماوەیی، هەندێک نەخۆشی و کێشەی سیستەمی بەرگری لەش هۆکارن بۆ توشبوون بە نەخۆشیەکانی پێست.

ناوەندی هەواڵ

 

پێست ئەو ئەندامە گەورەیە کە جەستە دادەپۆشێت و دەیپارێزێت، دەتوانێت نیشانەی زۆربەی نەخۆشیەکانی تێدا بەدیبکرێت، تووشی هەموو جۆرە گۆڕانکارییەکانی نەخۆشی دەبێتەوە و تایبەتمەندی چاکبوونەوەی بەهێزی هەیە، بەڵام بە برینداربوونی بەربڵاو ڕەنگە پەڵە لە دوای خۆی جێبهێڵیت.

 

نەخۆشی پێست ئەو نەخۆشیە یان تێکچوونانە دەگرێتەوە کە کاریگەری لەسەر پێستی مرۆڤ دەبێت، نیشانەکانی و توندیەکەی جیاوازە، دەکرێت بێ ئازار بن یان ئازاری هەبێت، هەمیشەیی بێت یان کاتی بێت، هەندێکیان مەترسیان کەمە بەڵام هەندێکیتریان مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات.

 

جۆرەکانی نەخۆشی پێست چین؟

نەخۆشیەکانی پێست پۆلێن دەکرێن بۆ چەند جۆرێک وەک زیپکە، پێمفیگۆ، کە نەخۆشیەکە سیستەمی بەرگری لەش هێرش دەکاتەسەر خانە تەندروستیەکانی چینی سەرەوەی پێست و لە ئەنجامدە تاڵەموو دروست دەبێت، قژ هەڵوەرین-ئاریاتا، حاڵەتێکە هێرش دەکاتە سەر تاڵەکانی قژ، سەدەف نەخۆشیەکە دەبێتە هۆی سووربوونەوە و بە توێکڵبوونی پێست، سپیبوونی پەڵەی پێست-ڤیتیلیگۆ، وشکبوون و ئەستووربوونی پێست وەک توێکڵی ماسی-ئیختیۆس، ئەگزیما کە دەبێتە هۆی سووربونەووە و خوراندن و چەندین نەخۆشی دیکە.

 

هۆکارەکانی نەخۆشی پێست و چارەسەرەکەی

ئەو هۆکارانەی وا دەکات پێست تووشی نەخۆشی ببێت، مانەوەی بەکتریایە لەسەر کونیلەکانی پێست و تاڵە مووەکان، لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش، بەرکەوتن لەگەڵ ماددە هەستیارەکان، بەرکەوتن لەگەڵ کەسی توشبوو، هۆکارە بۆماوەییەکان، ناڕێکی هۆرمۆنەکان، ڤایرۆسەکان و زۆر بەرکەوتنی تیشکی خۆر .

 

زۆربەی نەخۆشیەکانی پێست چارەسەر دەکرێن بە دژە هیستامینەکان، کرێم و مەڵهەمی دەرمانی،  ئەنتیبایۆتیکەکان، دەرزی ڤیتامین یان ستیرۆید، چارەسەری لەیزەر، شێدارکەرەوە و پاراستنی پاکوخاوێنی.

 

دەست نیشانکردنی نەخۆشیەکانی پێست

وەرگرتنی پارچەیەکی بچووک لە پێست بۆ پشکنین لە ژێر مایکرۆسۆفت، بەکارهێنانی بڕێکی کەم ماددە بۆ تاقیکردنەوەی کاردانەوەکانی، بەکارهێنانی ڕوناکی سەروو بەنەوشەیی، پشکنینی ڕووناکی ڕەش، پشکنینی شلەی تاڵە مووەکان، بەکارهێنانی ئامێری دێرماتۆسکۆپ بۆ دەستنیشانکردنی برینەکانی پێست.

 

چۆن خۆمان بپارێزین لە نەخۆشیەکانی پێست

هەندێک لە نەخۆشیەکانی پێست ناتوانین خۆمانیان لێ بپارێزین، چونکە بۆماوەییە، بەڵام بە چەند ڕێگەیەک دەتوانین خۆمان بە دووربگرین لە بەشێک لە نەخۆشیەکانی پێست وەک دوورکەوتنەوە لە هاوبەشیکردنی کەلوپەلی کەسی یان جوانکاری، پاکردنەوەی ئەو ئامێرانەی لە شوێنە گشتیەکان بەکاردەهێنرێت، وەک ئامێرەکانی هۆڵی وەرزش و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی مادە کمیایە توندەکان، دوورکەوتنەوە لە هەندێک ئەو خۆراکانەی دەبنە هۆی هەستیاری و ... هتد.