لە جۆزێفین کۆکڕانەوە تا چێشتخانەی هاوچەرخ: چیرۆکی قاپشۆر
ئامێری قاپشۆر ,کە یەکەم نموونەکانی لە ساڵانی ١٨٥٠دا پەرەیان پێدرا، بەهۆی پێداگری و بڕیارداریی «جۆزێفین کۆکڕان»ەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بوو بە یەکێک لە گرنگترین و بەردەوامترین تەکنەلۆژیاکانی ناو چێشتخانە هاوچەرخەکان.
ناوەندی هەواڵ
سەرهەڵدانی ئامێری قاپشۆر، پشتبەستووە بە پرۆسەیەکی درێژی ئەندازیاری کە مێژووەکەی بۆ ناوەڕاستی سەدەی ١٩ دەگەڕێتەوە. یەکەمین بیرۆکەی میکانیکی بۆ قاپشۆردن لە ساڵی ١٨٥٠ لەلایەن جۆیل هۆتۆی ئەمریکییەوە پەرەی پێدرا. ئەم مۆدێلە سەرەتاییە کە خاوەن پێکهاتەیەکی دارین بوو، لە ڕێگەی میکانیزمێکەوە کە بە دەست دەسووڕایەوە، ئامانجی ئەوە بوو ئاو بڕژێنێت بەسەر قاپەکاندا و پاکیان بکاتەوە.
بەڵام وەرچەرخانە سەرەکییەکە بەهۆی ههوڵهكانی جۆزێفین کۆکڕانەوە هاتە ئاراوە. جۆزێفین کە هاوسەری سیاسییەک بوو، بەهۆی بارودۆخی ئەو سەردەمەوە لە شۆردنی قاپ بە دەست ناڕازی بوو، بۆیە بڕیاریدا خۆی چارەسەرێک بدۆزێتەوە. جۆزێفین بە گوتنی "مادام کەس مەکینەیەک دروست ناکات قاپ بشوات، کەواتە خۆم دروستی دەکەم"، دەستی بە گەشتەکەی کرد و سیستمێکی کاراتری پەرەپێدا. لە دیزاینەکەیدا، قاپەکان لەسەر میکانیزمێک دادەنران کە لە ناوەوەی مەنجەڵێکی مس پڕ لە ئاودا دەسووڕایەوە.
بڕوانامەی داهێنانی (پاتێنت) وەرگرت
جۆزێفین کۆکڕان کە لە ساڵی ١٨٨٦دا بڕوانامەی پاتێنتی بۆ داهێنانەکەی وەرگرت، لە پێشانگای جیهانیی شیکاگۆ لە ساڵی ١٨٩٣دا سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشا و خەڵات کرا. بەڵام لە سەرەتادا ئەم داهێنانە تەنیا لەلایەن چەند هۆتێل و چێشتخانەیەکی گەورەوە بەکارهێنرا. هەرچەندە لە ساڵانی ١٩٠٠دا نزیکەی ١٠٠ پاتێنتی جیاوازی قاپشۆر دەرکەوتن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاوی گەرم لە ماڵاندا باو نەبوو، بڵاوبوونەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە دواکەوت.
بە تێپەڕبوونی کات مۆدێلەکان پەرەیان پێدرا
لە ساڵانی ١٩١٠دا لە ئەمریکا، برایانی وۆکەر کاریان لەسەر مۆدێلی پێشکەوتووتر کرد کە سووڕانەوەی بەردەوامی ئاوی دابین دەکرد. لە ساڵی ١٩١٢دا، یەکەمین سیستمەکان کە مۆتۆری کارەباییان بۆ زیادکرابوو دەرکەوتن. بەڵام بەهۆی نەبوونی ماددەی شۆەرەکەی گونجاو، توانای پاککردنەوەیان سنووردار بوو. لە ساڵانی ١٩٢٠دا، ئەو مۆدێلانەی لەلایەن براندی تۆمسۆن پەرەیان پێدرا، بەهۆی باڵە میکانیکییەکانیانەوە کە ئاویان دەسووڕاند، بوونە پێشەنگی سیستمە هاوچەرخەکان. سەرەڕای ئەمەش، ماددە پاککەرەوەکانی ئەو سەردەمە کاریگەرییەکی تەواو و قەناعەتبەخشیان نەبوو. یەکەمین قاپشۆر کە لە ساڵی ١٩٢٩دا لە ئەوروپا دروستکرا، نوێنەرایەتی سیستمێکی لەو شێوەیەی دەکرد؛ کە پێکهاتەکەی لە کانزا بوو، ئاوەکە لە دەرەوە گەرم دەکرا و پاشان دەگوازرایەوە بۆ ناو حەوزی مەکینەکە.
لە ساڵانی ١٩٤٠دا لە ئەمریکا، ئامێری قاپشۆری تەواو ئۆتۆماتیکی پەرەی پێدرا. بڵاوبوونەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە لە ئەوروپا گەیشتە ساڵانی ١٩٦٠. لە ساڵانی دواتریشدا، لە ڕووی قەبارە، کارایی و متمانەپێکردنەوە هەنگاوی گرنگ نران.
کاتێک ساڵەکان گەیشتنە کۆتایی ١٩٧٠، قاپشۆری ناو دۆڵاب بڵاوبووەوە، لە ساڵانی ١٩٩٠شدا سیستمەکانی کۆنترۆڵی ئەلیکترۆنی کەوتنە گەڕ. لەم قۆناغەدا، تایبەتمەندییەکانی وەک بەرنامەی شۆردنی هەستیار و وشککەرەوەی تۆربۆ پێشکەشی بەکارهێنەران کران.