درەخشان حەفید؛ ئەستێرەی درەوشاوەی بواری پەروەردە و نووسین
درەخشان شێخ جەلال شێخ ئەحمەد شێخ سەعید، بە درەخشانی شێخ جەلالی حەفید ناسراوە، رۆژی ٢٦ كانوونی یەكەمی ١٩٣٤ لە گەڕەكی كانێسكانی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لەو شارە تەواو كردووە، ساڵی ١٩٥٦ لە زانکۆی مامۆستایانی باڵا لە شاری بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٦٠ بەكالۆریۆسی لە مێژوودا بەدەستهێناوە. لە دواتردا لە خانەی مامۆستایانی كچانی كەركوك بە مامۆستا دامەزراوە.
درەخشان حەفید لە دوای ئەوەی لە کەرکوک دەبێتەوە مامۆستا، دەگوازرێتەوە بۆ شاری سلێمانی لە ئامادەیی سلێمانی كچان وەك مامۆستا خزمەت دەکات و تا دەبێتە بەڕێوەبەری ئەو ئامادەییە بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی کارەکەی لە سلێمانییەوە دووبارە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا، لە ئامادەیی تەلیعەی كچان دەبێت بە مامۆستا.
درەخشان حەفید هەر لە سەرەتای تەمەنی گەنجییەوە، تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە و سەرەتا لە رێكخراوە پیشەییەكانی خوێندكاران و لاوان و ژنان خەباتی كردووە.
یەکێک بووە لەدەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە ١١ی كانوونی یەكەمی ١٩٥٢، کە بە نهێنی لەگەڵ ٩ ژنی دیكەدا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانیان لە سلێمانی دامەزراندووە.
رۆڵی دیارو پێشەنگی لەو رێكخراوە پیشەییەدا هەبووە و بەردەوام بووە لە خەباتکردن، هەروەها لە چالاكی و خۆپیشاندانەكانی سەردەمی خۆیدا بەشدار بووە و ئەندامی رێكخراوەكانی خوێندكاران و لاوان و مامۆستایان و یانەی سەركەوتنیش بووە و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلولیشدا كردووە.
درەخشان حەفید بایەخیشی بە نووسین و وێژە و هۆنراوە داوە و وتاریشی لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاو كردۆتەوە.
درەخشان بە کەسایەتی حەپسە خانی نەقیب سەرسام بووە و رێچكەی ئەوی گرتبوو لە كاری پیشەیی و خێرخوازیدا. هەر لەخۆشەویستی بۆ حەپسە خان دوو پەرتوکی لەسەر نووسیوە، یەكێكیان بەناوی(ژیانو تیكۆشانی حەپسە خانی نەقیب)، ئەوی دیكەیان ئەلبومێكی وێنەییە بە ناوی (ئەلبومی حەپسە خانی نەقیب).
پەرتوکێكی دیكەشی هەیە لەسەر مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی ژنان و مێژووی تێكۆشانی ژنانی باشووری كوردستان.بەهۆی شارەزایی لە مێژوودا ساڵی ١٩٩٧ بە ئەندامی بۆردی ئەرشیفی نەتەوەیی كوردستان دانراوە.
درەخشان حەفید بەردەوام بووە لە خزمەتی پەروەردە و خوێندن تا ساڵی ١٩٨٧خانەنشین بووە، دوای خزمەتێكی زۆریش لە كایەكانی پەروەردە و خوێندن و خەباتی پیشەیی و نیشتمانیدا، درەخشان حەفید لە رۆژی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاكی نیشتمان سپێردرا.