سێ ڕێهەڤاڵ؛ ڕێگای تێکۆشانی ئازادی ژنانیان بە خوێنی خۆیان نەخشاند

سێ ڕێهەڤاڵ، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خاپوور و بارین بۆتان ڕێبوارانی ڕێگای حەقیقەت بوون و تا دوا دڵۆپی خوێنیان لەو پێناوەدا لە تێکۆشاندا بوون و ڕێگای تێکۆشانی ئازادی ژنانیان بە خوێنی خۆیان نەخشاند.

هێلین ڕەشید

 

سلێمانی- ڕۆڵی ژنان، لە شەڕی دژ بە چەتەکانی داعش و ڕزگارکردنی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا وەرچەرخانێکی میژوویی بوو. ژنانی ڕۆژئاوا سەرنجی جیهانییان بۆ خۆیان ڕاکێشا و بوون بە سیمبولی ئازادی و تێکۆشان، کە بە ڕەنج و قوربانیدان بەدەستیان هێنا.

 

ژیان تۆڵهەڵدان؛ تۆڵەسێنەکەی تێکۆشانی ژنان

یەکێک لەو ژنانەی ڕۆڵی گرنگی لە بەرگریکردن لە کۆبانێدا هەبوو، ''سەلوە یەسف'' بوو، بە نازناوی ژیان تۆڵهەڵدان، لە ساڵی ١٩٨٢ لە گوندێکی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لە خێزانێکی گەورە لە دایک بووە.

 

ژیان باس لەوە دەکات کە حەزی لە خوێندن نەبووە، چونکە ئەوان بە زمانێک قسەیان کردووە کە لێی تێنەگەیشتووە  و وانەکانیان دەربارەی کولتوور ومێژووی سوریا بووە.

 

هەر لە منداڵییەوە ژیان گوێبیستی ئەوە بووە لە چیاکانی کوردستان هەزاران ژن خۆیان پەروەردە دەکەن و شەڕ دەکەن بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان، هەروەها ئاگاداری ئەو ستەمکاریانە بووە کە بەرامبەر بە ژنانی کۆمەڵگەکەی کراوە، بۆیە بڕیار دەدات ڕۆژێک ببێت بە یەکێک لەو ژنانە و بە دوای ژیانێکی ئازاددا بگەڕێت، ڕێبوارێکی ڕێگای حەقیقەت بێت.

 

ژیان تۆڵهەڵدان، ساڵی ١٩٩٩ ڕوو دەکاتە قەندیل و پەیوەندی دەکات بە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەوە، لە چیاکانی کوردستاندا بۆ ئازادی ژنان و گەلی ژێردەستە لە تێکۆشانی بێ وچاندا بوو، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیش، ئەو تێکۆشانەی لە چیاکانی کوردستان ئەزموونی کردبوو، پەلکێشی دەکات بەرەو ئەو خاکەی تێیدا لە دایکبووە، تا بەردەوامی بە تێکۆشانەکەی بدات.

 

ژیان، بە یەکێک لە دامەزرێنەران و فەرماندە پێشەنگەکانی یەپەژە دادەنرێت، هەروەها بەشداری لە زۆربەی کۆنفرانس و کۆبوونەوەکان دەکرد، کە  بۆ تیشک خستنە سەر خەباتی-یەپەژە ڕێکدەخران، وەک کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی داعش، هاوکات وەک ژنێکی شۆڕشگێڕیش هەمیشە ڕۆڵێکی چالاکانەی هەبوو لە ناساندنی بەرخۆدانی-یەپەژەدا.

 

بەهۆی خەباتە نەبڕاوەکەیەوە، ساڵی ٢٠١٧ بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی ژیان تۆڵهەڵدان، بە ناوی''چیرۆکی ژنە چەکدارێکی گەریلا'' بڵاوکرایەوە.

 

بارین بۆتان؛ عاشقێکی ڕێگای ئازادی

یەکێک لە ڕێهەڤاڵەکانی ژیان تۆڵهەڵدان، فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆربارین بۆتانە، بارین هەمیشە دەیگوت: ''ژیانی کۆیلایەتی ڕەتدەکەمەوە، پێویستە هەموو ژنان ژیانێکی وا ڕەت بکەنەوە".

 

بارین بۆتان کە ناوی ڕاستەقینەی ڕوها بەشارە، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە شارۆچکەی ئەحرازی کانتۆنی شەهبا' لەدایکبووە، تا پۆلی شەشی خوێندووە، بەڵام بەهۆی کۆچکردنی بنەماڵەکەیانەوە نەیتوانیوە لە خوێندن بەردەوام بێت.

 

بنەماڵەی بارین بۆتان هەر لە ساڵانی نەوەدەکاندا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانیان ناسیوە، بەمەش کاریگەرییەکی قووڵی لەسەریان جێهێشت و ڕێگاو ڕێبازی ئەوانیان گرتۆتە بەر، بارینیش هەر لە سەرەتای تەمەنیدا، هیوای بە ژیانێکی ئازاد هەبوو، بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کرد و لە دژی هەموو هێزە تاکڕەوەکان شەڕی کرد.


بارین شەڕڤانێکی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی سوریا بوو، دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا و ساڵی ٢٠١٨ بەشداری لە ڕیزەکانی یەپەژە دەکات و لە ماوەیەکی کورتدا لە بواری سەربازی و شارەزایی ئایدیۆلۆژیدا پێشکەوت.

بە نوێنەرایەتی سوپای ژنان وەک شەڕڤانێک لە زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکاندا بەرامبەر بە چەتەکانی داعش شەڕی کرد و بارین بە توڕەیی و ڕق و کینەیەکی زۆرەوە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە تێکۆشاندا بوو، وەک نموونەی ژنێکی گەنج و بەهێز لەپێناو گەلەکەی و ژنانی جیهاندا، تا دوا هەناسە شەڕی کرد.

 

ڕۆژ خاپوور؛ ڕۆژی وڵاتی ئازاد

جوانا حەسۆ بە نازناوی ڕۆژ خاپوور، ڕێهەڤاڵی ژیان تۆڵهەڵدان و بارین بۆتان،  ساڵی ١٩٩٢ لە شاری (دربەسی) لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە ماوەیەکی کورتدا ئەزموون لە شۆڕشدا پەیدا دەکات و بەرپرسیاریەتی ئەرکی شۆڕگیڕی و نیشتیمانپەروەری لە ئەستۆ دەگرێت، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە بە باوەڕێکی قووڵ لەگەڵ ڕۆحی خۆڕاگری خۆی و لەناو ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەدا، بەردەوامی بە تێکۆشان دەدات.

 

دوای ئەوە لە ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، بە ئاگری ئەو شۆڕشەی دەستی پێکرد، ئەرکی وڵاتپارێزی خۆی جێبەجێ دەکات، ڕۆژ هەر زوو پەرەی بە لایەنی ئایدۆلۆژی و تاکتیکی سەربازی دا و بە ماوەیەکی کورت بوو فەرماندەیەکی پێشەنگ لە ڕیزەکانی یەپەژەدا، لە هێڵی بەرگری بەرامبەر بە چەتەکانی داعش ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو و لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی بەشێک لە شارەکانی ڕۆژئاوادا پێشەنگایەتی کرد.

 

لە ٢٢ی تەمموزی ٢٠٢٢دا ڕێهەڤاڵانی یەکدی، ژیان تۆڵهەڵدان، ڕۆژ خاپوور و بارین بۆتان، دوای گەڕانەوەیان لە کۆڕبەندی شۆڕشی ژنان لە شاری قامیشلۆ، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج و ڕێگای تێکۆشانی ئازادی ژنانیان بە خوێنی خۆیان نەخشاند.