ڕوخۆش عەلی؛ مێژوونووس و تێکۆشەرێکی وڵات

 

ڕوخۆش عەلی، نووسەر و مامۆستا، لە ساڵی ١٩٥٧ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە خێزانێکی شۆڕشگێڕ و نیشتیمان پەروەر بووە کە باوکی ئەندامی حزبی شیوعی کوردستان بووە.

 

ڕوخۆش عەلی لە خێزانێکدا گەورە بووە گرنگی بە خوێندنەوە و کتێب دراوە تێیدا، لە ساڵی ١٩٦٤ لە قوتابخانەی خەبات دەست بە خوێندن دەکات، لە ساڵی ١٩٧٦ دەچێتە ئامادەیی پیشەسازی و تەواوی دەکات و پاشان وەک فەرمانبەر دەستبەکار دەکات، پاشان ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت و دەبێتە خاوەنی ٣ منداڵ.

 

ڕوخۆش لە تەمەنی منداڵیدا بڵاوکراوە سیاسییەکان بڵاودەکاتەوە، پاشان دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، لە بەهاری ساڵی ١٩٨٣ دەبێتە ئەندامی ڕێکخستن و بەهۆی فکری سیاسی خۆی و هاوژینەکەی و خۆشەویستی بۆ نیشتیمان دەچنە شاخ و لەوێ دەژین، دوای ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێنەوە شاری سلێمانی و وەک مامۆستا دەست بە کارکردن دەکات.

 

ڕوخۆش عەلی، لە ڕێگەی نووسینەوە هەوڵدەدات مێژووی خەباتی تێکۆشانی ژنان بنووسێتەوە و خاوەنی ٦ بەرهەمی نووسینی چاپکراوە.

 

ڕوخۆش عەلی توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام بوێرانە بەردەوام دەبێت لە نووسین و گەیاندنی پەیامەکەی، سەرەڕای ئەوەی دەستی ڕاستی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە توانای نووسینی نامێنێت، بە دەستی چەپی بەردەوام دەبێت لە نووسین، دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕوو لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکات، تا لە ساڵی ٢٠١٨ گیان لەدەستدەدات و لە شاری سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.