دایکێک بۆ ئەو کەسانەی بەشداری خۆپیشاندان دەکەن دژی ڕژێمی بەعس

 

گوڵێ دەروێش لە ساڵی ١٩٤٤ لە گوندی مڕانێ لە شارباژێڕی سەر بە شاری سلێمانی لە دایکبووە، منداڵی گەورەی ماڵ بووە، لەبەر نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەیان نەیتوانیووە بڕواتە بەر خوێندن، لە ساڵی ١٩٦١ و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ دەبێت.

 

گوڵێ خاوەنی ٦ منداڵ بووە، کەسایتییەکی دڵسۆز و خەمخۆری هەمووانی هەبووە، بۆیە بۆ هەموو کاروبارێکی خێزانەکەی ڕاوێژی پێدەکرا، هەمیشە هەوڵی دەدا منداڵەکانی خوێندن تەواو بکەن و لەسەر بنەمای ئازادی و نیشتمانی منداڵەکانی پەروەردە دەکرد.

 

هەستی بەو زوڵم و زۆرداریە دەکرد کە بەرامبەر بە گەلەکەی دەکرا، لەگەڵ ئاشنا بوون بە کاری ڕێکخستن، بڕیار دەدات دەست بە تێکۆشان بکات لەگەڵ منداڵەکانی، پارێزگاری لەو بڵاوکراوانە دەکرد لە ڕژێمی بەعس کە دەبووە هۆی هۆشیاری خەڵک، دەبووە دایک بۆ ئەو کەسانەی بەشداری خۆپیشاندانەکانیان دەکرد لە دژی ڕژێمی بەعس.

 

کاتێک ڕژێم ئەشکەنجەی خۆپیشاندەرانی دەدا گوڵێ خۆی دەخستە بەردەم قامچیەکانی دوژمن بۆ ئەوەی پاریزگاری لە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بکات، بۆ درێژەدان بە خەباتەکەی سەردانی گوندەکانیشی دەکرد، هەمیشە یارمەتی کەسوکاری شەهیدانی دەدا، لە ساڵی ١٩٧٧ دا لە عێراق کاتێک هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری دەدرێت، گوڵێ دەست دەکات بە خوێندن و هانی ژنانی تریش دەدات بخوێنن.

 

گوڵێ لە لایەن ڕژێمەوە دەستگیر دەکرێت و کاتێک ئازاد دەکرێت لەبەر چاوی خۆیدا ماڵەکەی تاڵان دەکەن، لە ٢٤ تشرینی یەکەمی ١٩٨٨ کوڕە گەورەکەی گوڵێ لە لایەن ڕژێمەوە گولەباران دەکرێت، دواتر گوڵێ و هاوژینەکەی بۆ ماوەی ٢ مانگ دەستگیر دەکرێن و بڕیار دەدرێت بیانێرن بۆ ئەمنی گشتی لە بەغداد.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، لیستی ناوی ئەو کەسانەی شەهید کراون دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی، خێزانەکەی گوڵێ دڵنیا دەبنەوە کە گوڵێ و هاوژینەکەشی کوژراون، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٧ ناوی سێ خێزان بڵاودەبێتەوە کە لە لایەن ڕژێمەوە بە مل پەڕاندن شەهید کراون و گوڵێ و هاوژینەکەشی یەکێک لەو خێزانانە بوون.