ژنانی کۆبانی: ئەنتیگراسیۆنی سیاسی دەرچەیەکە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە سووریای نوێدا

پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریادا بەرەو قۆناغێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە دەچێت، لە ناو داواکارییەکان بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد بە شێوەی دەستووری، پاراستنی ناسنامە و دەستکەوتەکان و بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و بەشدارپێکراو.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ ـ ژنانی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەو قۆناغەی گەلی کورد پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەت لە ناو پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریادا، قۆناغی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کوردە لە وڵاتدا، هەروەها ئەم قۆناغە وەک هەنگاوی سەرەتایی تا ڕادەیەک باشە، بەڵام پێویستی بە بەرگری و تێکۆشانی زیاتر هەیە لەلایەن گەلی کوردەوە.

 

لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنتیگراسیۆنەکە لە ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریادا، هەنگاوی کرداری دەست پێکرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ئەنتیگراسیۆنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و کارگێڕییەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەری لە ناو دامەزراوەکاندا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندیی گەلی کورد و مسۆگەرکردن و ناساندنی مافە سیاسی و کولتووری و نەتەوەییەکانی.

 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی قەسەدە، لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦، ڕایگەیاند، کە قۆناغی پەیوەندیدار بە ئەنتیگراسیۆنی سەربازی و ئەمنی تەواو بووە، تاوەکو پرۆسەکە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ کە بنەمای سەرەکیی لەسەر کاری سیاسی بێت، ئەم قۆناغە گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ گەلی کورد، چونکە ئامانجییەتی بوون و مافەکانی لە سووریادا جێگیر بکات، مسۆگەرکردنی دانپێدانانیان لە ناو دەستووری نوێی سووریادا، بە شێوەیەک کە هاوبەشییەکی دیموکراتیک ڕاستەقینە بچەسپێنێت و مافی سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات مسۆگەر بکات.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنانی شاری کۆبانێ ئەنجام دا، بۆ زانینی بیروڕا و هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بەم گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییانە، ناسینی دیدگایان بۆ داهاتووی ناوچەکە و دۆزی کورد لە سایەی گۆڕانکارییە بەردەوامەکاندا.

 

"پرۆسەی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی گەلی کورد لە سووریا"

هادلا حەسەن وتی: گەلی کورد لە سووریا بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێپەڕ دەبێت، کە دەتوانرێت پێناسە بکرێت وەک قۆناغێک بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کورد لە وڵاتدا، ناوچەکە و گەلی کورد لە ماوەی ڕابردوودا گەشەسەندنی سیاسی و سەربازیی بەرچەستیان لەسەر زەوی بینیوە، کە لە ئەنجامی زنجیرەیەک هاوپەیمانی و کۆبوونەوە و گفتوگۆ و بیروراگۆڕینەوە لە نێوان سەرکردایەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو ڕیزەکانی قەسەدە و خۆبەڕێوەبەری لە لایەک، حکومەتی کاتی لە سووریا لە لایەکی ترەوە هاتووەتە ئاراوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە بڕیاری ئەنتیگراسیۆن یەکێک بوو لە دیارترین ئەو هەنگاوانەی کە کاریگەریی لەسەر خەڵکی ناوچەکە جێهێشت، وتی: بەپێی ئەوەی کە لە قۆناغی ئێستا دەخوێنینەوە، دەبینین کە ئەم هەنگاوە تا ڕادەیەک لە بەرژەوەندیی گەلی کورددایە، وتی: حکومەتی کاتی هەر لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتە دەست دیدگایەک خستە ڕوو کە بریتی بوو لەوەی سووریا یەکگرتوو بێت لە ڕووی زمان و کولتوور و ناسنامەوە، ئەو شتەی کە پاڵەپەستۆی لەسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست کرد بۆ دەستبەرداربوون لە خۆبەڕێوەبەری و دەستکەوتەکانی، ئەوەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین ئەنجامی بەرگری و تێکۆشانی ئێمەیە لە پێناوی پاراستنی تایبەتمەندی و بوونمان وەکو گەلی کورد لە سووریا، مسۆگەرکردنی دانیشتن بەم ماف و دەستکەوتانە لە ناو دەستووری نوێی سووریادا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە سەرەڕای سەرجەم پێشحالی و گۆڕانکارییەکان کە ئەم قۆناغە بەخۆیەوە دەبینێت، هێشتا چەندین کەمکوڕتی لە ئارادایە، ئەوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕوون دەبێتەوە لەلایەن گەلەوە، کە داوای ئەنجامدانی هەندێک هەموارکردنەوە دەکات بە شێوەیەک لەگەڵ خواستەکانیان بگونجێت، هەروەها پێدانی تایبەتمەندی و مافی ڕوون بۆ گەلی کورد و ناوچە کوردییەکان، تێکۆشانی ژنانی کورد بەردەوامە لە پێناوی پاراستنی ناسنامە و دەستکەوت و مافەکانیان کاتێک ژنان لە شوێنەکانی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیدا ئامادە نەبوون، بەرگرییەکی پێویست بۆ ژنان و مافەکانیان لە ناو کۆمەڵگەدا نەبوو، بۆیە ئێمە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین لە پێناوی پاراستنی دەستکەوتەکانمان و ئەو باهایانەی کە شەهیدەکانمان لە پێناویان گیانیان بەخشیوە، پرۆسەی ئەنتیگراسیۆن لەگەڵ حکومەتی کاتیدا بەردەوامە، بەڵام پێویستە ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای دیموکراتیک بێت کە مافەکانی گەلی کورد مسۆگەر بکات.

 

"بە تێکۆشانمان قوربانییەکانی شەهیدەکانمان دەپارێزین"

نەجمە کنجۆ ڕوونیکردەوە، کە گەلی کورد بە درێژایی مێژووی خۆی بە کۆمەڵێک پێشێلکاری و کۆمەڵکوژی و سیاسەتی لەناوبردندا تێپەڕ بووە، وتی: لە دەستپێکی شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ئێمە وەک کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرگریمان کرد و تێکۆشاومان کرد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و بەدەستهێنانی مافەکانمان لەم وڵاتەدا، بەهۆی بەرخۆدانی شەهیدەکانمانەوە لە پێناوی ئەم خاکەدا، توانیمان چەندین دەستکەوت لە سەرجەم ئاستە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکاندا بەدەست بهێنین، بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لە سووریا خاوەن مافین، داوای مافەکانمان دەکەین وەک هاوڵاتیەک لە ناو دەستووری سووریادا

 

جەختی لەوە کردەوە، کە گەیشتن بە قۆناغی ئێستا ئاسان نەبووە وتی: لە ڕێگامان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی چەندین بەربەست بووینەوە، ستەم و کۆمەڵکوژیمان بینی، ئەمڕۆ ئێمە بە قۆناغێکی سیاسیدا تێپەڕ دەبین کە چەندین گفتوگۆ و خاڵ لەخۆ دەگرێت کە تووڕەییی گەل دەوروژێنن.

 

نەجمە کەنجۆ جەختی لەسەر پێویستیی ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و مێژووی گەلی کورد کردەوە لە پرۆسەی ئەنتیگراسیۆندا ، وتی: لە ناو قۆناغی ئەنتیگراسیۆندا، دەبێت مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ هاوڵاتییە کوردەکاندا هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا چیمان چەشتووە، کاتی ئەوە هاتوە کە بە ئاشتی و ئارامی لە وڵاتەکەماندا بژیین، بەڵگەکردنی ئەم مافانە و مسۆگەرکردنیان لە ناو دەستووری نوێی سووریادا دەبێتە هەنگاوێکی بنەڕەتی بەرەو بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک وتی: مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد لە خوێندن و فێرکردن بە زمانی دایکیان و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییان بەشدار دەبێت لە گەیشتن بە سووریایەکی دیموکراتیک کە باوەش بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی بکاتەوە.

 

"دەبێت تینی تێکۆشانی سیاسیی خۆمان بەرز بکەینەوە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانمان"

لەیلا ئەحمەد ڕوونیکردەوە، کە هەڵگرتنی چەک لە سەرەتاوە هەڵبژاردنێک نەبوو کە لە ئارەزووەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو بە ئامانجی پاراستنی خەڵکی ناوچەکە و بەرگریکردن لە ماف و ناسنامە بوو وتی: کاتێک چەکمان هەڵگرت، ئەوە لە خۆشەویستییەوە نەبوو، بەڵکو بە ئامانجی پاراستن و بەرگریکردن بوو لە مافەکانمان و ناسنامەمان، ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم قۆناغێکداین کە هەوڵ دەدەین تێیدا مافەکانمان بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری مسۆگەر بکەین.

 

ڕێڕەوی سیاسی بە "باشترین چارەسەر بۆ سووریا" دانا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم ڕێڕەوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی دیموکراتیک و بەشدارپێکردن، بە پشتبەستن بە پرۆژەی پێکەوەی گەلان کە گەلی ناوچەکە دەستی پێکردبوو.

 

لەیلا ئەحمەد لە کۆتای قسەکانیدا وتی: لەوانەیە گەل بە تەواوی لە گرنگیی ڕێڕەوی سیاسی لەم قۆناغەدا تێنەگات، بەڵام ئەمە شێوازێکی نوێی تێکۆشان دەنوێنێت، و ئەو بەرخۆدانە گەورەیەی کە لە پێناوی ئازادی و مافەکاندا پێشکەش کراون ئەمڕۆ دەسەپێنرێن کە گواستنەوە ڕووبدات بۆ قۆناغێکی نوێی تێکۆشان، کە ئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش بێت و چەسپاندنیان بە شێوەیەکی یاسایی لە ناو دەستووردا، بە شێوەیەک کە مسۆگەری بکات کە گەلی کورد بەشێکی کاریگەر بێت لە داهاتووی سووریا.