ژنان لە کابینەکەی بایدندا دەبنە خاوەنی پێگەی جیاواز

کابینەکەی بایدن جیاوازە لە کابینەکەی ترامپ و بەشداری ژنان لە ئاستێکی بەرزتردایە، بە جۆرێک لە کابینەکەی ترامپدا هیچ وەزیرێکی ژن بوونی نەبووە، بەڵام لە کابینەکەی بایدندا دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە و ژن خاوەنی چەندین پۆستی باڵایە.


 

تەرزە تەها

سلێمانی- جۆ بایدن ٤٦ـین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، تا ئێستاش لە کۆی ١٦ وەزیر ١٢ وەزیر دەستنیشان کراون، بەڵام جیاواز لە کابینەکەی ترامپ کە هیچ ژنێک بەشدارنەبوو، لە کابینەکەی بایدندا ژن هەیە، جگە لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوو ژنی دیکە بە کاتی وەزیرن، هاوکات چەند ژنێکیش بۆ پۆستی وەزیر کاندید کراون.

 

کابینەکەی ترامپ هیچ ژنێکی تێدا نەبوو

دۆناڵد ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦ وەک ٤٥ـین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرا و بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بوو، ترامپ تەنها یەک خول لەو پۆستەدا مایەوە، و لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ١١ ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە جۆ بایدن بەربژێری پارتی دیموکراتەکان دۆڕا.

لە کابینەکەی دۆناڵد ترامپدا، لە کۆی ١٦ وەزیر هیچ وەزیرێکی ژن بوونی نەبووە.  

 

لە کابینەکەی بایدندا جێگرەکەی ژنە

جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزدەی ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بووە بەتەمەنترین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێچەوانەی ترامپ ژنان لە کابینەکەی بایدندا بوونیان هەیە.

لە کابینە نوێیەکەی بایدندا، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی هەموو ئەمریکادا ژنێکی ڕەشپێست بووەتە جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەویش کاملا هاریسە.

 

ژنانی بەشدار لە کابینەکەی نوێی ئەمریکا

کاملا هاریس، لە دایکێکی هیندی و باوکێکی جامایکی لە ساڵی ١٩٦٤ لەدایک بووە، لە زانکۆی هارڤار لە واشنتۆن و پاشان لە سان فرانسیسکۆ زانستی سیاسی و ئابووری و یاسای خوێندووە، پارێزەر و سیاسەتمەداربووە، کاملا ئەندامی پارتی دیموکراتەکان بوو، لە ٢٠١١ تا ٢٠١٧ وەک پارێزەری گشتی لە کالیفۆڕنیا کاری کردووە،  لە ساڵی ٢٠١٧ تا کۆتاییەکانی ٢٠٢٠ وەک سیناتۆری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کالیفۆڕنیا خزمەتی کردووە.

لە ئێستاشدا یەکەم ژنە ڕەشپێستی جێگری سەرۆکی ئەمریکایە، بووەتە جێگەی باسی تەواوی میدیا جیهانییەکان.

 

جگە لە کاملا، هەریەک لە وێنی کۆنگێس، وەزیری کاتیی بازرگانی، لانە هاردل، وەزیری کاتیی گواستنەوە لە کابینەکەدا بەشدارن.

دێبرا ئان هالەند، ژنێکی دیکەیە، کە لە لایەن بایدنەوە کاندید کراوە بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ و جینا ڕەیماندۆ، ژنێکی دیکەی کاندیدە بۆ پۆستی وەزیری بازرگانی، بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە بە فەرمی وەک وەزیر دیارینەکراوە.

جانێت لویس یانز، ژنێکی ئابوریناسە و لە لایەن بایدنەوە بۆ پۆستی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کاندید کراوە، مارشا لویس فوج ئەندامی پارتی دیموکراتەکان، لە ساڵی 2008 ەوە نوێنەری ئەمریکا بووە بۆ ناوچەی کۆنگرێسی 11ـیەمینی ئۆهایۆ، لە لایەن بایدنەوە بۆ پۆستی وەزیری نیشتەجێبوونی شارستانی کاندید کراوە.

 

گروپێکی ژنان تایبەت بە ڕاگەیاندن و پەیوەندی

جگە لەوەی بایدن چەند ژنێکی بۆ پۆستی وەزیر کاندید کردووە، لە هەمانکاتیشدا گروپێکی تایبەت بە کاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی ئامادەکردووە، کە سەرجەمیان لە ژن پێکهاتوون، لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆ بایدندا ئەوانیش دەست بەکاربوون.

گروپەکە لەلایەن کەیت بایدنفیڵدەوە سەرپەرشتی دەکرێن، کە پێکهاتوون لە حەوت ژنی شارەزا و لێهاتوو، ئەوانیش، جین ساکی، کە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی باراک ئۆباما بووە، ئێستا وەک وتەبێژی کۆشکی سپی دەستنیشانکراوە، ئاشلی ئەیتیەنیش وەک جێگری جین ساکی دانراوە.

 

سیمۆن ساندریس، وەک وتەبێژی کاملا هاریسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردراوە، ئیلیزابێس ئەلیکساندرا، پۆستی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کاملا هاریسی پێدراوە، کارین جۆنیش وەک جێگری ئیلیزابێس ئەلیکساندرا کاردەکات.

جاک شۆمر وەک جێگری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی هەڵبژێردراوە.

هاوکات بایدن بە شانازییەوە باس لەم گروپە دەکات، بە هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی ڕای جیاواز و بیاندنانەوەی وڵات بە شێوازێکی باشتر لێیان دەڕوانێت، لەم کابینەیەی ئەمریکاشدا هەموو نەتەوە جیاوازەکان لە پێگە و پۆستە جیاوازەکاندا جێدەگرن، بەو واتایەی کابینەی ئەمجارەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بەشداری هەموو نەتەوە جیاوازەکان بەڕێوە دەچێت.

 

ت.پ