سارا ڕەزا: پێویستە وەکو ژنان لەسەر ڕێگە و ڕێبازی ساکینە جانسز و ئەڤین گۆیی بەردەوام بین

دەوڵەتی تورکیا بەردوامە لە تیرۆرکردنی ژنانی پێشەنگ و ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: بەردەوامی بە ڕێبازی شەهیدان دەدەین.

شیرین ساڵح

سلێمانی- ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر کۆمەڵکوژی دووەمی پاریس کە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە هێرشێکی تیرۆرستیدا بۆ سەر ناوەندی کلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کە هاوکات بوو لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس، ئامینە کارا- ئەڤین گۆیی، ئەندامی بەڕێوبەرایەتی کەجەکە، میر پەروەر-محەمەد شیرین ئایدن، ئەندامی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و عەبدولڕەحمان کزڵ، نیشتمان پەروەری کورد شەهیدکران.

 

"دەوڵەتی تورکیا ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج"

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد،  ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدکردنی ئەڤین گۆیی و هاوڕێکانی بە دەستێکی ڕەشی دەوڵەتی تورکیا، هەروەک دەزانین ئەڤین گۆیی چەندین ساڵ خەباتی کردوە و کاتێک لە ڕۆژئاوای کوردستان بریندار دەکرێت بۆ چارەسەری دەچێتە پاریس، بەڵام بەداخەوە دوژمنانی ئێمە هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن لە هەر شوێنێک ژنێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە هەبێت دەکایانکەنە ئامانج، بۆیە هەمیشە ژنانی خەباتگێڕ و پێشەنگ دەکرێنە ئامانج.

 

"دەبێت ڕێبازی ساکینە جانسز و ئەڤین گۆیی بەردەوام بکەین"

سارا ڕەزا ڕوونی کردەوە، لە کاتی ئامادەکاری بۆ ساڵیادی شەهیدکردنی ساکینە جانسز و شەهیدانی تر ئەڤین گۆیی و هاوڕێکانی ئامادەکاری دەکەن، بەڵام دەکرێنە ئامانج، هەروەک دوژمنان خۆیان دەڵێن لە هەر شوێنێک کوردێکی وڵاتپارێز و بەشەرەف هەبێت دەیکەینە ئامانج، هەمیشە دەبینین دوژمنانی ئێمە هەروەک چۆن ساکینە جانسز و ئەڤین گۆیی و ناگیهان ئاکارسەلیان کردە ئامانج، بۆیە لەو ژنانە دەترسن کە خۆیان نادەن بە دەستەوە و ژنانی تر هۆشیار دەکەنەوە.

وتیشی: پێویستە پێش هەموو شتێک داوا لە دەوڵە زلهێزەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەین و ئەوانەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەردەکەن، ئەوانەی ساکینە جانسز و ئەڤین گۆییان شەهید کرد بە زووترین کات بدرێنە دادگا، ئەبێت خاوەن دەرکەوتن بین لەو ژنانەی بوونەتە پێشەنگی ئێمە، دەبێت هەموومان یەکدەنگ بین، چونکە یەک ڕیکخستنی ژنان ئەو پلانانە پوچەڵ دەکاتەوە، ئەم ئەرکە تایبەتترە لەسەر ژنانی کورد، ئێمە لەسەر ڕێگە و ڕێبازیان تێکۆشانیان بەردەوام دەکەین، چونکە ڕێگە و ڕێبازیان زیندووە.