سارا ڕەزا: بەبێ پێشەنگایەتی ژنان پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو نابێت

سارا ڕەزا چالاکوانی سیاسی دەڵێت: نەبوونی لایەنی سێیەم و بەردەوامیی ئەقڵیەتی ڕەگەزپەرستیی دەسەڵاتی تورکیا هۆکاری سستی پرۆسەی ئاشتین و ئازادیی فیزیکی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و پێشەنگایەتیی کارای ژنان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، مەرجی سەرەکین بۆ سەرخستنی.

دێرین ڕەحیم 

 

سلێمانی- پرسە قووڵ و مێژووییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، لە پرسی ژنانیشدا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە؛ ژنانیش وەک هێزە سیاسییەکان دابەش بوون و زۆربەیان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیا و ئاراستە فکرییە جیاوازەکاندا بیر دەکەنەوە.

 

لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥دا، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و گەلانی ناوچەکە و دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد. دوای ئەوەش پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـی خۆی ئەنجام دا و بڕیاری کۆتاییهێنان بەو چالاکییانەی دەرکرد کە لەسەر ناوی پەکەکە دەکران، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە خەباتی ڕێبازی چەکداری.

 

ئاستەنگەکانی پرۆسەی ئاشتی و هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا
سارا ڕەزا، چاودێری سیاسی وتی: پرسی ئاشتی لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ـەوە دەستی پێکردووە؛ ئێستا ساڵێک و شەش مانگە دەستی پێکردووە و بەردەوامیی هەیە. ئەم پرۆسەیە لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکدا بەڕێوە دەچێت. گەلی کورد هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ ئەم پرۆسەیە، بەڵام دەوڵەتی تورک لە ڕووی سیاسی و دیموکراتییەوە هیچ هەنگاوێکی نەناوە. ئامادەییەکی باشی کۆمەڵایەتی و کولتووری بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا پرۆسەکە لە ژێر کاریگەریی هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە؛ پێگەی کوردیش لەم قۆناغەدا بەهۆی نەبوونی بەرنامە و هەڵوێستێکی یەکگرتووەوە لاواز بووە.


ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە نێوان دەوڵەتی تورک و گەلی کورددا، لایەنی سێیەم بوونی نییە، ئەمەش کەمکوڕییەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە و وایکردووە هەنگاوەکان سستیی پێوە بنوێنێت. دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک لێدوانی جیاوازیان لەسەر پرسی ئاشتی هەیە؛ ئەردۆغان دەڵێت شەرمەزارین بەو دەستوورەی لە وڵاتی تورکیادا دانراوە، کەچی یەکێک لەو خاڵانەی لە دەستوورەکەدا هاتووە، نکۆڵیکردنە لە ناسنامە، شوناس و بوونی گەلی کورد. ماوەی سەد ساڵە گەلی کورد قاتوقڕ دەکرێت و بە ئاگر و ئاسن لێی دەدرێت، بەڵام گەلی کورد بەردەوام بووە لە خەبات و تێکۆشان، و ڕێکخستنەکانی خۆی بەرەو پێشەوە بردووە، بەتایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)؛ هیچ زەبروزەنگێکیش نەیتوانیوە لە بوون و ناسنامەی خۆی پەشیمانی بکاتەوە. لە ناو تورکیادا نەتەوەی جیاواز هەن، بەڵام تورکیا دەیەوێت کورد بکات بە تورک و تورک بکات بە کورد، تاوەکو تورکیاش ئەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی کۆتایی پێ نەهێنێت، ناتوانێت پرۆسەی ئاشتی بە شێوازێکی بەردەوام بباتە ڕێوە.


مەرجەکانی سەرکەوتنی پرۆسەکە و پێگەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان

سارا ڕەزا ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە ناو پرۆسەی ئاشتیدایە و دەبێت ئەمەش بە ئازادکردنی جەستەیی و فیزیکیی ئەو بێت؛ پێویستە هەنگاوی سیاسی بۆ ڕێبەری گەلی کورد دەستەبەر بکرێت و وەک نوێنەری سەرەکیی کورد دەستنیشان بکرێت و لە ناو دەستوور و یاسای ئەو وڵاتەشدا بجەسپێنرێت وتیشی: دەبێت دان بنرێت بە بوونی کورددا لە ڕووی ناسنامە، شوناس و کولتوورەوە لە یاسا و دەستووری وڵاتی تورکیادا. پێویستە یاسایەکی تایبەت دەربکرێت بۆ ئەو هەڤاڵانەی تێکۆشان دەکەن لە ناو پارتی کرێکارانی کوردستاندا، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو تورکیا و بەردەوامی بە جڤین و سیاسەتی خۆیان بدەن. دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا هەنگاوی نەناوە، پرۆسەی ئاشتی زۆر بە خاوی دەڕوات و کەمکوڕیی زۆری پێوە دیارە.

 

ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە شەڕ و ئاشتیدا
دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە پرسی ئاشتیدا، سارا ڕەزا وتی: ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەر دەبینن لە پرۆسەی ئاشتیدا؛ ئەو کەسەی نوێنەرایەتیی پرسی ئاشتی دەکات ژنە. هەموو ژنانی کورد، چۆن پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕش و ڕێکخستنەیان کردووە، ئەمڕۆش پێشەنگایەتیی ئەم پرۆسەیە دەکەن. لە هەر شوێنێکدا ژن پێشەنگایەتی نەکات، نە شۆڕش سەردەکەوێت و نە کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە دەڕوات. پێگە و ڕۆڵی ژن لە ناو پرۆسەی ئاشتیدا زۆرە و دەبێت زیاتر هەنگاوەکانی هەڵبگرێت؛ ژنان دەبێت زیاتر خەبات و تێکۆشان بکەن بۆ ئەوەی دەستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان واڵا بێت و مێزی گفتوگۆش ببێتە سەرکەوتن بۆ گەلی کورد، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: هر کۆمەڵگەیەک ژنی ئازاد نەبێت، ئەو کۆمەڵگەیە بە ئازاد ناناسرێت." ئەگەر ژن پێشەنگایەتی بۆ ئاشتی نەکات، ئەو پرۆسەیە چارەسەر نابێت. ڕێبەری گەلی کورد هەمیشە ڕۆڵی ژن بە گەورە و بەرز دەنرخێنێت و بەردەوام لە هەشتی مارسدا پەیام دەنێرێت بۆ ئێمەی ژنان کە چۆن پێشەنگایەتی بۆ گەنجان و کۆمەڵگە بکەین.


ئەوەشی خستە ڕوو کە ژنان لە ئێستادا کە پێشەنگایەتی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن، سەربازن و گەریلایەکی ماندوونەناسن؛ ژنان هەمیشە ڕۆڵیان هەبووە و چەندی لە ڕووی سەربازییەوە کاریان کردووە، دوو ئەوەندە لە ڕووی هۆشیارکردنەوەی ژنان و خەبات بۆ ئازادکردنی ژنان کاریان کردووە. ئێمەی ژنان دەبێت لە ناو کۆمەڵگە و ڕێکخستندا ڕۆڵی بەرچاومان هەبێت. لە ئێستادا کە مانیفێستۆی ڕێبەری گەلی کورد هاتووەتە دەرەوە، دەبێت ژنان ڕۆڵی سەرەکییان تێدا هەبێت لە ناو کۆمەڵگەدا، بە دەستپێشخەریی تەواو و پێشەنگایەتیکردن بۆ کۆمەڵگە و پرۆسەی ئاشتیش وتیشی: کۆمەڵگە بە بێ ژن و ئازادی نابێت؛ ژنان تا هۆشیار بن و ئازاد بن، ئەو کۆمەڵگەیەش ئازاد دەبێت و هەنگاوەکانیان زیاتر دەبن. پرۆسەی ئاشتیش یەکێکە لەو پرۆسانەی کە سەد ساڵە لە پێناویدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا شەڕ دەکەین؛ دەبێت ژنان چۆن پێشەنگایەتییان کردووە لە شەڕەکاندا، ئاوایش لە پرۆسەی ئاشتیدا پێشەنگایەتی بکەن. ئێمە دەبینین ژنان چۆن لە باکووری کوردستاندا پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگە و پرۆسەی ئاشتی دەکەن، بۆیە گرنگە ژن لە پرۆسەی ئاشتیدا ئامادەیی هەبێت.


سارا ڕەزا لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پرسە قووڵ و مێژووییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، لە پرسی ژنانیشدا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە؛ ژنانیش وەک هێزە سیاسییەکان دابەش بوون و زۆربەیان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیا و ئاراستە فکرییە جیاوازەکاندا بیر دەکەنەوە، تەنانەت دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە هۆکاری نزیکبوونەوە و یەکخستنی هەموو ژنان لە جیهاندا، ژنان بەبەردەوامی لە ناو خەڵکدان و ناوەستن؛ پرۆسەی ئاشتی دەدەنە گوێی کۆمەڵگە و هەموو جیهاندا و دەڵێن: ئێمە چۆن پێشەنگایەتیمان بۆ هەموو شەڕەکان کرد، ئاواش بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکەین.