پانۆڕاما، ساڵی بەرخۆدانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان
ساڵی ٢٠٢١ گەلی کورد بە چەندین ڕووداو و ململانێدا تێپەڕی، لەو رووداوانەشدا ژنان وەک هەمیشە بەرکەوتەبوون و بەرگریکار و بەهەڵوێست بوون. بە تایبەت لە ماوەی ئەمساڵدا دەوڵەتی تورکیا هێرشە داگیرکارییەکانی چڕ کردووەتەوە.
لاڤین مەحمود
سلێمانی- لەم پانۆڕامایەدا گرنگترین ئەو ڕووداو و دەستکەوتانە دەخەینە ڕوو کە ژنان لە تێکۆشانەکانیاندا بەدەستیان هێناوە.
-لە ٩ی کانوونی دووەمدا مەراسیمەکانی یادکردنەوەی هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی پاریس، کە تیرۆرکردنی سێ ژنە شۆڕشگێڕ ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بوو، لە دوو گوندی بناری قەندیل، شاری رانیە، هەولێر و سلێمانی و شار و شارۆچکەی دیکە بەڕێوەچوو، تێیدا ژنان دووپاتیان کردەوە کە درێژە بە ڕێبازی ئەو شۆڕشگێڕانە و تێکۆشانیان دەدەن.
-هەڵمەتی "١٠٠ هۆکار بۆ دادگایکردنی دیکتاتۆر ئەردۆغان" لە ٢٥ی تشرینی دوەمی ٢٠٢٠ لەلایەن بزوتنەوەی ژنانی کورد دەستیپێکرد، ژنانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە کانوونی دووەم/١دا دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆۆ کرد بۆ دادگاییکردنی ئەردۆغان لەسەر تاوانەکانی کە دژ بە ژنان و کۆمەڵگە و گەلی کورد ئەنجامیدەدات.
-لە ١٠ی شوباتدا دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەر چیای گارە لە بادینان دەستپێکرد، ئەمانە ناڕەزایەتی لە چوار پارچەی کوردستان لێکەوتەوە و لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بە ڕێپێوان، گردبوونەوە و چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئیدانەی هێرشەکان کرا و ژنان پێشەنگایەتییان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان و حکومەت هیچ هەلوێستێکیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشان نەدا، دوای کەمتر لە ١٠ ڕۆژ بەرخۆدانی گارە کە گەریلاکانی ئازادی پێشەنگایەتییان دەکرد، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و هاوڵاتیان ئاهەنگی سەرکەوتنیان لە هەموو جێیەک گێڕا.
-دەستگیرکردنی چالاکوان، مامۆستا، ڕۆژنامەنووسانی بادینان لەلایەن ئاسایشەوە بابەتێکی دیکەی گەرمی ساڵ بوو، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی، ١٨ی ئابی ٢٠٢٠ەوە تاوەکو ٢٦ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ٧٦ کەس دەستگیرکران کە چالاکوانان دەیانگوت ئەو ڕێژەیە زیاترە، بەشێك لە زیندانییەکان دەستیان بە مانگرتن کردبوو کە نزیکەی مانگێکی خایاند.
ئازادیخوازان، چالاکوانان و توێژەکانی باشوری کوردستان بە چەندین چالاکی ڕێپێوان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییان نیشاندا ، بەهۆی سزای ٦ ساڵ زیندانی بۆ ٥ ڕۆژنامەنووسی بادینان لە سلێمانی بە دروشمی "سلێمانی لەگەڵ بادینانە" خۆپیشاندانێکی ناڕەزاییەتی ڕێکخرا.
-لە مانگی نیساندا گردبوونەوەکان بۆ ئازادکردن و شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و داوای بینینی پارێزەرەکانی بەڕێوەچوو، هەروەها پاش شکستی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکەی گارە، لە شەوی ٢٣ نیسانەوە جارێکی دیکە هێرشی داگیرکاری دەستپێکردەوە بۆسەر چیاکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپە.
هاوکات بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتی تورکیا لەماوەی ئەمساڵدا هێرشی کردەسەر سروشت و ژینگەی کوردستان و داری دارستانەکانی بڕییەوە، زیاتر لە ٥ هەزار دۆنم زەوییان لە سنوری پارێزگای دهۆک سووتاند و زیانێکی زۆر بە ڕەزوباخ و مەڕوماڵاتی هاوڵاتیان کەوت.
بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەشێکی دیکەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بوو دەرهەق بە باشوری کوردستان، بەپێی ئامارێکی هێزەکانی پاراستنی گەل، لە ماوەی ٦ مانگدا دەوڵەتی تورکیا ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا بەکارهێناوە، بەهۆیەوە ٣٣ گەریلا گیانیان لەدەستدا کە ٩ یان ژن بوون..
بەرامبەر هێرش و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا، گەریلاکانی ئازادی بەرخۆدان و تێکۆشانێکی مەزنیان بەڕێوەبرد، هاوڵاتیانیش بۆ پشتگیرکردنی گەریلاکان لەسەر شەقامەکان دروشمی جیاوازیان هەڵدەگرت و بە ڕێپێوان ئیدانەی هێرشەکانیان کرد.
-٢٨ی ئایار، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، پێنجەمین کۆنگرەی خۆی بەست، تێیدا ٢١ ژن وەک ئەندامی بەڕێوەبەری ڕژاک بە دەنگدان هەڵبژێردران و ئەندامانی بەشی ڕاگەیاندن، سێکتەری پەروەردە و دەرەوەی وڵات دیاریکران، پەیڕەو و پڕۆگرام و پلانی کار بۆ دوو ساڵی داهاتووش داڕێژرایەوە.
-لە ٩ی حوزەیراندا، دایکانی لەچک سپی لە گردبوونەوەیەکدا یاداشتێکیان بۆ ئیدانەکردنی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا خوێندەوە، دواتر ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقییان کرد و داوایان کرد چیتر ڕۆڵەی کورد شەهید نەبێت و لە ئاست هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست دەرببڕێت، هەر بەو بۆنەیەشەوە زنجیرە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ حزب و ڕێکخراوەکان ئەنجامدا. هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ١٧ ڕێکخراوی مەدەنیی ڕایانگەیاند کە سکاڵای یاسایی دژی دەوڵەتی تورکیا تۆمار دەکەن و هێرشەکانیش بۆسەر سروشتی کوردستان بە جینۆسایدی سروشتی ناو دەبەن.
جگە لەوە، بە بەشداری ٢٠٠ کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە کۆنفڕانسێک دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە تۆڕی زووم ڕێکخرا، چەندین هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و ئەندامی حزب و ڕێکخراوەکان بەشداربون تیایدا، هاوکات بە بەشداری هەزاران کەس لە هونەرمەندان، نوسەر و چالاکوانان و هاوڵاتیان ڕێپێوانێکی جەماوەری دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا، توێژە جیاوازیەکانیان داواییان کرد حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی جدی نیشانبدات.
١٠٩ ڕۆشنبیر لە کوردستان و عێراق داوایان لە یوئێن و کۆمیتەی جێبەجێکاری قەدەغەی چەکی کیمیایی- OPCW کردووە کە لێکۆڵینەوە بکەن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دژی گەریلاکانی کوردستان لە ئاڤاشین، زاپ، مەتینا.
-لە ١٦ی حوزەیراندا، شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادیی بەمەبەستی چەسپاندنی ئاشتی و یەکگرتنی گەلی کورد دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا سەردانی باشوری کوردستانیان کرد، بەڵام لە سەردانەکەیاندا لە شاری هەولێر دەستبەسەرکران و رێگەیان نەدا چالاکی ئەنجامبدەن، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رەخنەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە گرت و بانگەوازیان بۆ یەکریزی و وەستانەوە دژی داگیرکاری کرد.
هەرئەو شاندە سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەیان کرد و لەگەڵ تۆڕی ڕێکخراوەکانی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، دایکانی لەچک سپی و حزب و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە و جەختیان لە بەرقەرارکردنی ئاشتی کردەوە.
-٢١ی تەمموز، دایکانی لەچک سپی چوار پارچەی کوردستان لە باشوری کوردستان کۆبوونەوە و داوایان کرد کە ئاشتی و ئارامی بەدیبێت و چیدیکە ڕۆڵەی دایکان شەهید نەبن، بە پێویستیشیان زانی کە چالاکییەکان بەردەوامی هەبێت تا لایەنە سیاسییەکان هەڵوێست بنوێنن و ڕێگری بکەن لە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا.
-٣٠ی تەمموز، بە دروشمی "بە یەکێتی ژنان، شۆڕشی دیموکراتی پێکدەهێنین" دووەمین کۆنفرانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو، تێیدا ٩ ژنی باشووری کوردستان بەشداربوون، پاش دوو ڕۆژ لە کۆنفرانسەکە ئەنجامنامەی کۆتایی بڵاوکرایەوە و تیشک خرایەسەر کێشەکانی ژنان لە وڵاتە جیاوازەکاندا، هەروەها باس لە دۆخی ژنان لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕ و ململانێ سیاسییەکان کرا، هاوکات بڕیاری پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە پەسەندکرا.
-٣ی ئاب، بەبۆنەی ٧ەمین ساڵیادی هێرشی سەر شەنگال لەلایەن داعشەوە، شاندێکی ژنانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سەردانی شەنگالیان کرد، لە گەڕانەوەیاندا لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەستگیرکران، ئەم دەستگیرکردنە ناڕەزایەتی ژنانی لێکەوتەوە، لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپاوە داوای ئازادکردنی ئە سێ چالاکوانەیان کرد.
ئەگەرچی لە ماوەی دەستگیرکردنیاندا هیچ یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لەلایەن پارێزەر و خێزانیانەوە نەبینران و داواکان ڕەتدەکرانەوە، دوای زیاتر لە مانگێک هەریەک لە خەولە محەمەد و سەیران ئەحمەد ئازادکران، دوای ٧١ رۆژ مانەوەی جوانا عەبدولباقی لە زینداندا ئەویش ئازادکرا.
-لە ٢٧ی ئەیلولدا شاندێكی پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە باكوری كوردستان، بە نوێنەرایەتی مەرال دانش بێشتاش و مەحمود تۆخرول گەیشتنە سلێمانی و سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنەکانی باشوری کوردستانیان کرد، بە ئامانجی یەکگرتووی و یەکێتییەکی بەهێزی نەتەوەیی کورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.
- هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، بەڵام بێئومێدی هاوڵاتیان بەتەواوی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە دیاربوو، ڕێژەی بەشداری دەنگدان ٪٤١ بوو، بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەی بەشداری کاندیدی ژن لە دوو هەزار کاندیدەوە بۆ ٩٥١ کاندیدی ژن دابەزی، بەڵام ژنان توانییان ڕێژەی کۆتا تێبپەڕینن و بە دەنگی خۆیان کورسییەکانیان لە ٨٣ کورسییەوە بۆ ٩٧ کورسی بەرز بکەنەوە، بەو واتایەی ٪٣٨ی ژنان توانیان بچنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا دۆخی هاوڵاتیان بەرەو سەختی چوو، قەیرانی ئابوری، نەبوونی خزمەتگوزاری، نەدانی موچە و چەندین گیروگرفتی دیکە بوونە هەوێنی ناڕەزایەتییەکانی سەرجەم توێژەکانی باشوری کوردستان، فەرمانبەرانی گرێبەست، مامۆستایانی وانەبێژ، دەرچوانی دانەمەزراو، خوێندکارانی زانکۆ و شۆفێرانی تەکسی و پاس و خاوەنی نانەواخانەکان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ناڕەزایەتییان دژی دۆخی خۆیان نیشاندا و داوای چاکسازییان کرد.
هەروەها کۆچی بەلێشاوی هاوڵاتیان ڕۆژەڤی گەرم بوو، زیاتر لە ٤ هەزار کۆچبەر لە جەنگەڵەکانی بیلاروسیاوە بەرەو سنورەکانی پۆڵەندا بە ڕێپێوان کەوتنە ڕێ و داوای پەنابەریان لە پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا کرد، چەندین ڕۆژ لەسەر سنور مانەوە کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ بوون. بەهۆی خراپی دۆخ، سەرما و سۆڵە، نەبوونی پێداویستی و خواردن نزیکەی ١٣ کۆجبەر گیانیان لەدەستداوە و بەشێکی زۆریشیان لەلایەن پۆلیسی پۆلەنداوە دەستبەسەرکران.
لە ١٨ ی تشرینی دووەمەوە یەکەمین کاروانی کۆچبەران گەڕێندرانەوە بۆ باشوری کوردستان و دواتر بە چەند کاروانێکی دیکە ژمارەیەکی دیکەیان گەرێندرایەوە، بەشێکی کۆچبەران هەتا ئێستا لە سنورەکاندا ماونەتەوە و نازانرێت چارەنوسیان بەکوێ دەگات.
ت.پ